حکومەتی هەرێمی کوردستان تەرمی ١٦ قوربانی لە فەرەنساوە دەگەڕێنێتەوە هەولێر
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لەسەر ئەرکی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێرەوە، کاژمێر ٣:٤٥خولەکی بەرەبەیانی رۆژی ھەینی ٢٤/١٢/٢٠٢١، تەرمی ئەو ١٦ قوربانییەی کە لە ئاوی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا لە ڕۆژی ٢٤/١١/٢٠٢١ بەهۆی نوقمبوونی بەلەمەکەیانەوە گیانیان لەدەستدا دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.
گەڕاندنەوەی ئەو تەرمانە بەهۆی دواکەوتنی پرۆسەی ناسینەوە و پشتڕاستکردنەوەی پەنجەمۆرکانیان ماوەی مانگێک دوا کەوت، کە ئەوەش بە هەماهەنگی لە نێوان نووسینگەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی ناوخۆ و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە فەرەنسا لەگەڵ وەزارەتی داد و ناوخۆ و پۆلیس و تیمی لێکۆڵەرەوەی فەرەنسا بەڕێوەچوو.
حکومەتی هەرێمی کوردستان وێڕای ئاراستەکردنی پرسە و سەرەخۆشی خۆی بۆ کەسوکاری ئەو قوربانییانە، داوا لە هاونیشتمانیانی خۆشەویست دەکات کە نەکەونە داوی کەسانێک کە بازرگانی بە مرۆڤ دەکەن و جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەو قاچاخچی و کەسانەی کە فریوی هاونشتمانیانمان دەدەن بۆ ئەوەی وڵات بەجێبهێڵن، بێ وەڵام بەجێ ناهێڵێت و ڕووبەڕووی یاسایان دەکاتەوە تاوەکو بە سزای خۆیان بگەن.
د.جوتیار عادل
وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١