ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی کەمبوونەوەی کارەبا
![](/media/7039/untitled-wwww.jpg?center=0.49367088607594939,0.49367088607594939&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133433190230000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لەم ماوەیەدا، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە سەرجەم شاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کەم بووەتەوە و لە سێ ڕۆژی ڕابردووشدا ئەو بڕە بووەتە ١٦ کاتژمێر و ٢٠ خولەک، بۆیە بە پێویستی دەزانین لەو بارەیەوە ڕوونکردنەوەیەک بدەینە هاونیشتمانیانی خۆشەویست.
یەکێک لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی کارەبا بۆ وێستگە ٣٠٠ مێگاواتییەکەى خەبات دەگەڕێتەوە کە لە ژێر چاککردنەوە دایە و بڕیارە لە ڕۆژی ٥/١٢/٢٠٢١ى ئەمساڵ بکەوێتەوە کار.
سەبارەت بە کارەباى هاوردەکراوى پارێزگای دهۆکیش کە ١٥٠ مێگاواتە و لە وڵاتی تورکیاوە دەکڕدرێت، لە لەلایەن تورکیاوە ڕاگیراوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی چارەسەرکردنیدایە.
وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای ئەگریکۆی گەرمیان، یەکێکی دیکەیە لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای نیشتمانی و بڕیار وایە لەگەڵ زیادکردنی بەرهەمی گاز بۆ ئەو وێستگەیە بڕی پێدانی کارەباکەى لە ١٦٥ مێگاواتەوە بگاتە ٢٠٠ مێگاوات و بڕیارە لە ٢٨/١١/٢٠٢١ بکەوێتە کار.
کارەبا سامانێکی نیشتمانییە و پێویستە هەموولایەکمان بە پێی پێویستیی ڕۆژانە بە کاری بهێنین تا بتوانین لەم ڕێگەیەوە ماڵى هەموو هاونیشتمانییەک ڕووناک بکەینەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١