Skip to the content

ساڵانه‌ ٣٩٠ هه‌زار گوڵ و دره‌خت له‌ شاری هه‌ولێر به‌رهه‌م دەهێنرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌ندازه‌ی پاركه‌كانی هه‌ولێر  له‌ ساڵانی رابردوودا پشتی ده‌به‌ست به‌و به‌رهه‌مانه‌ی كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ هاورده‌یان ده‌كرد، به‌وه‌ش بڕه‌ پاره‌یه‌كی زۆر له‌سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌وت بۆ دابینکردنی ئەو گوڵانە. له‌گه‌ڵ ده‌ستبه‌كاربوونی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌و جۆره‌ كاركردنه‌ گۆڕانكاریی به‌سه‌رداهات و له‌ ئێستاشدا له‌ ڕێگه‌ی نه‌مامگه‌كانی سه‌ر به‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌وە نه‌مامی گوڵ و دره‌ختی شاری هه‌ولێر دابین ده‌كرێت و ڕێژه‌ی هاورده‌كردنیش بۆته‌ سفر.

ئه‌ندازیار ڕێبین ئه‌حمه‌د حه‌وێز، به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌ندازه‌ی پاركه‌كانی هه‌ولێر

به‌ فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری راگەیاند:''به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییەکەمان كه‌ سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شاره‌وانی هه‌ولێره‌، نه‌مامگه‌یه‌كی نموونه‌یی و دوو نه‌مامگه‌ی دیكه‌مان هه‌یه‌ کە كرێكاره‌كانی به‌شێوەی گرێبه‌ست كارمان له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن و له‌ ئێستادا ٢٠ كرێكارمان هه‌یه‌ و له‌ دوو ساڵی ڕابردووشدا ١٤٠ هه‌زار دره‌خت و ٢٥٠ هه‌زار گوڵمان له‌ سنووری شاره‌وانی هه‌ولێر به‌رهه‌مهێناوه کە نزیكه‌ی ١٠ جۆر گوڵ و 20 جۆر دره‌ختی جیاوازە.''

‌ ڕێبین ئه‌حمه‌د ئاماژەشی بەوەدا کە شاره‌وانییه‌كانی ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر وه‌كو كۆیه‌ و پیرمام و مه‌خموور و چۆمان لای ئەوان دره‌خت و نه‌مام ده‌به‌ن و قوتابخانه و مزگه‌وته‌كانیش له‌ به‌رهه‌مه‌كانی ئەوان سوودمه‌ند بوون و به‌رهه‌مه‌كانی ئەوان ده‌به‌ن.

 

له‌ ئێستادا گوڵ و دره‌خت هاورده‌ ناكرێت

سه‌باره‌ت به‌ هاورده‌كردنی گوڵ و دره‌خت له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان، به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌ندازه‌ی پاركه‌كانی هه‌ولێر ڕایگه‌یاند :''پێشتر نزیكه‌ی ٦٥٠ ملیۆن دینارمان له‌ هاورده‌كردنی دره‌خت و گوڵ خه‌رج ده‌كرد، به‌ڵام له‌ چوارچێوه‌ی چاكسازی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌م ڕێژه‌یه‌ بۆته‌ سفر و له‌م كابینه‌یه‌دا هیچمان هاورده‌ نه‌كردووه‌ و ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌ به‌رهه‌مهێنانیشه‌وه‌ هه‌بێت ئه‌وا به‌رهه‌ممان به‌ ده‌یان جار له‌ چاو پێشتر زیاتر بووه‌ كه‌ هاورده‌مان ده‌كرد.''

بە گوتەی ڕێبین ئه‌حمه‌د، پێشتر هه‌وڵدراوە کە ڕێژه‌ی سه‌وزایی زیاد بكه‌ن، به‌ڵام هه‌ندێك جار  ئه‌و دره‌ختانه‌ی كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ بۆیان ده‌هات له‌گه‌ڵ كه‌ش و هه‌وای هەرێمی کوردستان نه‌ده‌گونجا، چونكه‌ شاری هه‌ولێر له‌ هاوین دا كه‌ش و هه‌وایه‌كی وشكی هه‌یه‌ و پله‌ی گه‌رمیش به‌رز ده‌بێته‌وه‌ و له‌ زستانیش پله‌كه‌ی ده‌گاته‌ ژێر سفر، ‌ هه‌ندێك جاریش ئه‌و خۆڵەی له‌گه‌ڵ دره‌خته‌كان ده‌هات نه‌خۆشی بڵاوده‌كرده‌وه‌ ئه‌مه‌ش وای ده‌كرد زۆربه‌ی دره‌خته‌كان بفه‌وتێن، ئێستا ئه‌و دره‌ختانه‌ی کە به‌رهه‌می ده‌هێنن ئه‌و جۆرانه‌ن كه‌ به‌رگه‌ی سه‌رما و گه‌رمای هه‌ولێر  و كه‌مئاویی ده‌گرن و ڕه‌چاوی ئه‌وه‌شیان كردووه‌ کە گو‌ڵ و دره‌خته‌كان زیاتر ئه‌و جۆرانه‌ بن كه‌ زۆرترین ڕێژه‌ی ئۆكسجین بده‌ن و له‌ ڕووی شێوه‌ی گوڵ و دره‌خته‌كانیش جوانیی ببه‌خشنه‌ شه‌قامه‌كانی شار .

 

به‌رهه‌مهێنانی گوڵ و دره‌خت له‌ ناو‌خۆ ، داهاتێكی باشه‌ بۆ حكومه‌ت

ئه‌ندازیار رێبین حه‌وێز باسی له‌ پلانه‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئه‌ندازه‌ی پاركه‌كانی هه‌ولێر كرد و گوتی:''له‌ داهاتوودا خوازیاری ئه‌وه‌ین ڕێژه‌ی به‌رهه‌مهێنانمان زیاد بكه‌ین، پێمان باشه‌ به‌ پێی یاسا ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ی ده‌یفرۆشین وه‌كو داهات حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سوودی لێ وه‌ربگرێت و به‌شێكی داهاته‌كه‌ش بۆ نه‌مامگه‌كان خه‌رج بكرێته‌وه، ئەوەش‌ به‌ مه‌به‌ستی كڕینی پێداویستییه‌كانی نه‌مامگه‌، هه‌روه‌ها ئومێده‌وارین بتوانین بڕێك له‌ داهاته‌كه‌ی بۆ پاداشتی كرێكاره‌كان ته‌رخان بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌ممان زیاد بكات له‌ ڕێی زیاد كردنی کاتی كاركردنه‌وه‌ و ده‌مانه‌وێت سوود له‌و داهاتانه‌ ببینین بۆ فراوانكردنی شوێنی نه‌مامگه‌كان، بۆیه‌ ئومێد ده‌كه‌ین حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌و كارانه‌ پاڵپشتیی زیاترمان بكات.''

بۆ بینینى ڤیدیۆى ڕاپۆرتەکە کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:

ساڵانە نزیکەی ٤٠٠ هەزار گوڵ و نەمام لە نەمامگەکانی هەولێر بەرهەمدەهێندرێن - YouTube

 

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری

١٣ی نیسانی ٢٠٢٢