سبەی تەرمی پێنج کۆچبەرى دیکە دەگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان
هەولێر، هەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ چارەنووسی ئەو کۆچبەرانەی کە لە ئەنجامی ژێرئاوکەوتنی سێ بەلەم لە نزیک دوورگەکانی یۆنان لە دەریای ئیجە بوونە قوربانی، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە تا ئێستاش لەگەڵ دامەزراوە فەرمییەکانی وڵاتی یۆنان لە پەیوەندی بەردەوام دایە.
دوای گەڕاندنەوەی ٩ تەرم لە مانگی شوبات و گەڕاندنەوەی (رێوار)ی تەمەن ١١ ساڵ لە سەرەتای مانگی ئادار، بڕیارە سبەی تەرمی ژمارەیەک هاووڵاتی دیکەش کە لە هەمان ڕووداو ببوونە قوربانی، بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.
پێشتر لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، کونسوڵی گشتی یۆنان لەگەڵ نوێنەری کەسوکاری بێسەروشوێنەکان کۆ بووەوە و دڵنیای کردنەوە کە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و وەزارەتی دەرەوەی عیراقی فیدڕاڵ لەگەڵ حکومەتی وڵاتەکەی بەردەوام لە پەیوەندیدان.
دوای هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجامدانى ڕێکارە یاساییەکان و پشکنینی DNA بۆ قوربانیان، لەسەر ئەرک و ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمى کوردستان، فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سبەی تەرمی پێنج قوربانی دیکەش کە ناسراونەتەوە، دەگەڕێنێتەوە هەرێمی کوردستان.
لەم بارەوەش فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە هاوخەمی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانیان و بێسەروشوێنان دەردەبڕیوە و هیوای خواستووە کە چیتر گەنجانى هەرێم تووشی ڕووداو و کارەساتی نەخوازراو نەبنەوە و هاوکات سوپاسی وەزارەتی دەرەوەی فیدڕاڵ و وەزارەتی ناوخۆی هەرێم و باڵیۆزخانەی عیراقی لە یۆنان و حکومەتی یۆنان و کونسوڵی گشتی ئەو وڵاتە لە هەرێم و ڕێکخراوە خێرخوازەکانى کردووە کە هاوکار و هەماهەنگیکار بوون لەگەڵ فەرمانگە بۆ گواستنەوەى تەرمى قوربانییەکان.