Skip to the content

سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ: چەندین پڕۆژەی ستراتیژی جێبەجێ دەکرێن

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- کابینەی نۆیەمەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگی بە شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان داوە و بە ئیدارەبوونی زاخۆش یەکێکە لەو هەنگاوانە، کە لەلایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری لەسەر دراوە، فەرمانگەی میدیا و زانیاری گفتوگۆیەکی لەگەڵ گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئەنجامداوە و تێیدا باسی گرنگیی بە ئیدارەبوونی زاخۆ و ئەو پڕۆژانە دەکات کە ئێستا لە بواری جێبەجێکردنن و پلانی ئیدارەکەشی بۆ پێشخستنی زیاتری کەرتەکانی پیشەسازی، بازرگانی، کشتوکاڵ و وەبەرهێنان لە سنووری زاخۆ دەخاتەڕوو.

بە ئیدارەبوونی زاخۆ چ سوودێکی بە سنوورەکەی ئێوە گەیاندووە و چۆن لەو هەنگاوەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڕوانن؟
گوهدار شێخۆ: دوای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم بە سەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگی زۆر بە شۆڕکردنەوەی دەسەڵاتەکان و کەمکردنەوەی ڕۆتین لە دام و دەزگاکان دراوە، بە ئیدارەبوونی زاخۆش لەسەر ئەو بنەمایە بوو، بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری دانیشتووانی ئەو سنوورە بکرێت کە پێکدێت لە دوو قەزا، دوای دەستبەکاربوونیشمان وەک سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ هەوڵمانداوە ئاسانکاری زیاتر بۆ ڕاپەڕاندنی کاروباری ڕۆژانەی هاووڵاتیان بکەین و خزمەتگوزارییش بگەیەنینە هەموو شوێنێک، بە سوپاسیشەوە سەرۆکی حکومەت هاوکار و پشتیوانی زۆرمان دەکات وەک ئیدارەی سەربەخۆیی زاخۆ، کابینەی نۆیەمیش گرنگییەکی زیاتری بە زاخۆ داوە لە بوارەکانی پەروەردە و تەندروستی و شارەوانی.
ئەگەر بە داتاش قسە بکەین بە سوپاسەوە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی داوە لەسەر نۆژەنکردنەوەی ٣٢ قوتابخانە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لەگەڵ دروستکردنی سێ قوتابخانە، کە پێشتر کارکردن تێیاندا وەستابوو، ئێستا دروستکردنیان دەستیپێکردووەتەوە و زۆربەی کارەکانیشیان تەواو بوون.
لە بواری تدروستیش کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی سێ ملیار دیناری بۆ کڕینی پێداویستییە پزیشکییەکان و نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانە و بنکەکانی تەندروستی تەرخان کردووە، لە بواری گەشتوگوزاریش سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دروستکردنی پێنج دەریاچەى بچوک "پۆند" لەناو ڕووباری خابووری زاخۆ، کە دەتواندرێت بۆ بواری کشتوکاڵی و گەشتیاری سوودی لێوەربگیرێت.
لە ڕووی کارگێڕیشەوە هەموو ئاسانکارییەکمان بۆ کراوە بۆ ئەوەی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەی کە پێشتر لە زاخۆ نەبوون، ئێستا بکرێنەوە و ئاسانکاری بۆ هاووڵاتیان بکرێت و بە زوویی کارە ئیدارییەکانیان ڕاپەڕێندرێ.

لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان تا چەند گرنگیتان بە کەرتی پیشەسازی و وەبەرهێنان داوە؟
گوهدار شێخۆ: ئێمە پلانمان داناوە و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر دروستکردنی ناوچەی پیشازی لە زاخۆ، کە گرنگییەکی زۆری هەیە، بەهۆی ئەوەی زاخۆ ناوچەیەکی ستراتیژی و بازرگانی گرنگە و دەکەوێتە سنووری نێوان عێراق و تورکیا، پشتیوان بەخوا دوای دروستکردنی ناوچەی پیشەسازیش بازرگان و وەبەرهێنەرانی زاخۆ دەتوانن لەو ناوچەیە کارەکانی خۆیان بکەن و نووسینگە و کارگەکانیان بکەنەوە.
هه‌روه‌ها لە بواری وەبەرهێنان، ئێمە وەک ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ زۆر گرنگی بەو بوارەش دەدەین و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکاری کردووین بۆ ئەوەی جارێکی دیکە ماستەرپلانی وەبەرهێنان لە زاخۆ هەموار بکرێتەوە و فراوان بکرێت، لێرەوە داوا لە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان و زاخۆ دەکەین بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆیان لە زیاتر ئاوەدانکردنەوەی زاخۆ بگێڕن، چەند وەبەرهێنەرێکیش هاتوونەتە پێش و زۆر پڕۆژەش پێشکەش کراون و لە ئێستاشه‌وە هەندێکیان بەردی بناغەیان بۆ داندراوە و لە ئایندەشدا بەردی بناغە بۆ ئەوانی دیکەش دادەندرێت، یەکێک لەوانەش دروستکردنی هوتێلێکی پێنج ئەستێرە و چەند پڕۆژەیەکی دیکەی گەشتیارییە لەلایەن وەبەرهێنەران لە زاخۆ، بە ڕەزامەندی سەرۆکی حکومەت کۆمپانیایەک ڕووپێوی دەڤەرەکەمان بۆ سوود وەرگرتن لە بواری وەبەرهێنان دەکات، بۆ ئەوەی ناوچەکان بۆ وەبەرهێنان پۆلێن بکرێن لە بوارەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵی و گەشتوگوزاری، لە ماوەی ڕابردووشدا چەند پڕۆژەیەک لە بوارەکانی بازرگانی و کشتوکاڵی و گەشتیاری کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە ئایندەیەکی نزیکیشدا ناوچەی پیشەسازی لەسەر داوای خەڵک و وەبەرهێنەر و بازرگاکان دەکەینەوە و هاوکاری زۆری وەبەرهێنەرانیش دەکەین بۆ ئەوەی پڕۆژەکانیان بهێننە زاخۆ.

لە بواری خزمەتگوزاری، دوای دەستبەکاربوونتان وەک سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، چیتان بۆ زاخۆ کردووە؟
گوهدار شێخۆ: ئێمە لە بواری خزمەتگوزاری بە بەردەوامی کارمان کردووە، لەسەر پێشکەش کردن و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان لە چاککردن و دروستکردنی ڕێگاوبانەکان و تۆڕەکانی ئاو و کارەبا بە گوێرەی تواناکانی حکومەت، لە پلانیشماندایە لە ئایندەدا شەقامی ٦٠ مەتری لە سەنتەری زاخۆ ببەینە بواری جێبەجێکردنەوە، کە ڕۆڵێکی باشی لە کەمکردنەوەی قەرەباڵغی لەناو شاردا دەبێت، هەروەها ڕەزامەندیش لەسەر فراوانکردن و نۆژەنکردنەوە و گۆڕینی ڕێڕەوی چەند شەقامێکی دیکەی نێو سەنتەری زاخۆش دراوە، بۆ ئەوەی قەرەباڵغی هاتووچۆی نێو سەنتەری شار کەمبکرێتەوە، بەشێکی ئەو پڕۆژانەش جێبەجێ کراون و بەشێکی دیکەشیان لە ئایندەدا دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەروەها دەمەوێ ئەوەش بڵێم ئێمە لە بڕیاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بە ئیدارەکردنی زاخۆ زۆر سوومەند بووین، لە بوارەکانی کارگێڕی و خزمەتگوزارییەوە و بە تێڕوانینی ئێمە زاخۆ لە ئایندەدا دەچێتە قۆناغێکی دیکە و دەبێتە شارێکی دیکە و ئێمەش لە قەزاکانی باتیفا و زاخۆ گرنگی زیاتر بە پڕۆژەکانی گەشتوگوزاری و کشتوکاڵی و پیشەسازی دەدەین، زەمینەش بۆ پێشخستنی زیاتری ئەو بوارانە لە زاخۆ هەن.

زیانەکانی شەڕی پەکەکە بۆ سەر ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ چین و چەند گوند بەهۆی ئەو شەڕەوە چۆڵکراون؟
گوهدار شێخۆ: بە داخەوە شەڕی پەکەکە و تورکیا بووەتە هۆکاری چۆڵبوونی چەندین گوندی سنووری ئیدارەی زاخۆ و بەشێکی ناوچە گەشتیارییەکانیش بەهۆی ئەو شەڕەوە، دانیشتووانی گوندەکان ناتوانن سەردانیان بکەن و ئێمەش بۆ پێشخستنی گەشتوگوزاری ناتوانین سوودیان لێوەربگرین، بۆ ئەوەی جێگرەوەش بۆ زیانەکانی شەڕەکە بۆ ناوچە گەشتیارییەکان بدۆزینەوە، چەند پڕۆژەیەکی سەرەنجڕاکیش و جوانی وەبەرهێنان لە بواری گەشتوگوزار لە سنووری قەزای باتیفا لە بواری جێبەجێکردندان و بڕیارە ئەم هاوینە بەڕووی گەشتیاران بکرێنەوە، ئامانجیشمان ڕاکێشانی سەرنجی زۆرترین گەشتیاری هەرێمی کوردستان و عێراقە بۆ ئەم سنوورە، هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ئەوەی پردی دەلال و ڕووباری خابوور لە زاخۆ وەک ناوچەیەکی گەشتیاری سوودی لێوەربگیرێت، هەروەها ئێمە چەند زۆنێکی گەشتیاریمان لە سنووری زاخۆ هەیە و وەبەرهێنەرانیش پڕۆژەیان بۆ جێبەجێکردن لەو زۆنانە پێشکەش کردووە، بەڵام شەڕی پەکەکە زیانی پێگەیاندووین و بووەتە هۆکاری چۆڵبوونی چەندین گوند و ئەمەش زیانی دارایی بە دانیشتووانی سنووری زاخۆ و حکومەت گەیاندووە، کە نەتواندراوە وەک پێویست سوود لە سروشتە جوانەکەی زاخۆ بۆ گەشتوگوزاری وەربگیرێت، تا ئێستاش زیاتر لە ٢٠ شوێنی گەشتیاری بەهۆی شەڕی پەکەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، کە هەندێکیان لەلایەن هاووڵاتیان و هەندێکی دیکەشیان لەلایەن وەبەرهێنەران دروستکراون، بەشێکیشیان ناوچەی شوێنەواری مێژوویین و بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیاوە هاووڵاتیان و گەشتیاران و تەنانەت خەڵکی گوندەکانیش ناتوانن سەردانیان بکەن.
زاخۆ ناوچەیەکی کشتوکاڵی گرنگ و دەوڵەمەندە، چی دەکەن بۆ پێشخستنی زیاتری کەرتی کشتوکاڵی و ئاژەڵداری لە زاخۆ؟
گوهدار شێخۆ: ئێمە پلانێکی تۆکمەمان هەیە بۆ ئەوەی گرنگی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵی بدەین، وەک ئەوەی لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئاماژەی بۆ کراوە، لە بواری کشتوکاڵی چەند پڕۆژەیەک پێشکەشی ئێمە کراون، ئامانجی ئێمەش لە رێگەی ئەو پڕۆژانە ڕەخساندنی هەلی زیاتری کارە بۆ گەنجانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ.
هەروەها ڕووبەڕی هەزار دۆنم زەویمان بۆ پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی دیاریکردووە و چەند کۆمپانییەکی نێوخۆیی و هۆڵەندی و ئیماراتیش داواکاریان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی کشتوکاڵی لە سەر ئەو پارچە زەوییە پێشکەش کردووە، لە ئایندەشدا ڕەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی ستراتیژی لەسەر ئەو پارچە زەوییە دەدرێت، هەروەها چەندین پڕۆژەی دیکه‌ی بچووک و مامناوەندی کشتوکاڵی و ئاژەڵداریش لە سنووری زاخۆ جێبەجێکراون و ئێمەش پشتیوانی تەواویان دەکەین.

هەنگاوەکانتان بۆ کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان لە زخۆ بە کوێ گەیشتوون و چەند بەڕێوەبەرایەتی لەو شارە دەکرێن بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی؟
گوهدار شێخۆ: لەبارەی کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکان، مەرج نییە دوای بە ئیدارەبوونی زاخۆ هەموو بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەو سنوورە بکرێن بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی، بەڵام ئێستا زۆرینەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی زاخۆ ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ وەزارەت و دەستەکان دەکەن، هەندێک کێشەی تەکنیکیش ماون و لە ئایندەدا تەواوی بەڕێوەبەرایەتییەکان ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ وەزارەتەکان دەکەن، بۆ نموونە ئێستا بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئەوقاف و کارەبا و گەشتوگوزار کە بەڕێوەبەرایەتی گشتی نین، بەڵام ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ وەزارەت و دەستەکان دەکەن، لە هەمان کاتدا بڕیار لەسەر کردنەوەی چوار بەڕێوەبەرایەتی گشتی بۆ زاخۆ دراوە، ئەوانیش بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ، شارەوانی، تەندروستی و پەروەردەن و دەکرێن بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی.

زاخۆ هاوسنوورە لەگەڵ تورکیا، چیتان کردووە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بازرگانان و وەبەرهێنەرانی تورکیا بە مەبەستی کارکردن و وەبەرهێنان لە سنوورەکەتان؟
گوهدار شێخۆ: دوای بوون بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دوو شاندی جیاواز لە بازرگانانی تورکیا بە تایبەتی ژووری بازرگاکانی دیاربەکر سەردانی ئێمەیان کرد، لەبیرمان نەچێت زۆرینەی بازرگانە گەورەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق خەڵکی زاخۆن و چەندین ساڵیشە ئەوان لەگەڵ تورکیا بازرگانی دەکەن، هەوڵیشمانداوە ئاسانکاری زیاتر بۆ بازرگانان و وەبەرهێنەرانی تورکیا بکەین، پلانی سەرۆکی حکومەتیشە بۆ پێشخستنی زیاتری بوارەکانی بازرگانی و کشتوکاڵی و وەبەرهێنەران لە زاخۆ، بەهۆی ئەوەی زاخۆش شارێکی هاوسنوورە و زەمینەش بۆ پێشخستنی زیاتری کەرتی بازرگانی و پیشەسازی و وەبەرهێنان لەو شارە لەبارە.

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری