Skip to the content

مانگی داهاتوو پڕۆژه‌ی پێوه‌ری زیره‌ك لە تەواوی کوردستان تەواو دەبێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- پڕۆژەی پێوەری زیرەک یەکێكه‌ لە پڕۆژە ستراتیژییه‌كانی حکومەتی هەرێمی كوردستان، كه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی كاره‌باوه‌ سەرپەرشتی دەکرێت و له‌ ئێستادا بەشێکی زۆری پڕۆژه‌كه‌ ته‌واو بووه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ توانراوه‌ تا ڕاده‌یه‌كی باش كاره‌بای نیشتمانی زیاد بکرێت‌، كه‌ به‌ ته‌وابوونیشی توانای كاره‌بای نیشتمانی زیاتر ده‌بێت.

عه‌لی ئیسماعیل، به‌ڕێوه‌به‌ری لیژنه‌ی باڵای به‌ستنی پێوه‌ری زیره‌ك لە وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاند'' پلانی وەزارەتی کارەبا بۆ ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ پێویستی به‌ به‌ستنی‌ ملیۆنێک و چوار سەد و پەنجا هەزار پێوەره‌ وەکو قۆناغی یەکەم، كه‌ تاوەکو ئێستا له‌م ژماره‌یه‌ توانراوه‌ ملیۆنێک و دوو سەد و چل هەزار پێوەر ببه‌سترێت، كه‌ دەکاتە ڕێژەی ٨٧% له‌ سه‌رجه‌م شاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان، به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ هه‌ندێك شار و ناوچه‌دا ٩٥%ـی كاره‌كان ته‌واو بووه‌، ئه‌وه‌ی ماوه‌ كاری موته‌فه‌ریقه‌یه‌ له‌ هه‌ندێك شار و ناوچه‌دا، هاوكات له‌ هه‌ندێك شوێنی تر به‌ هۆكاری ئیداری نزیكه‌ی ٧٩%ـی كاره‌كانی پڕۆژه‌كه‌ ته‌واو بووه‌.
به‌ڕێوه‌به‌ری لیژنه‌ی باڵای به‌ستنی پێوه‌ری زیره‌ك باسی له‌وه‌یش كرد كه‌ به‌ڕێوه‌چوونی پڕۆژه‌كه‌ به‌رده‌وامه‌ و به‌ پێی ئه‌و پلانه‌ی دانراوه‌ پێشبینی ده‌كرێت تا كۆتایی مانگی نیسان یان تا ناوه‌ڕاستی مانگی ئایار پڕۆژه‌كه‌ له‌ ته‌واوی هه‌رێمی كوردستان به‌ كۆتا بێت.
عه‌لی ئیسماعیل سه‌باره‌ت به‌ سه‌رپێچییه‌كانی سه‌ر پێوه‌ری زیره‌ك باسی له‌وه‌ كرد كه‌ دوو مانگ له‌مه‌وبه‌ر زانیاریان له‌سه‌ر سه‌رپێچییه‌كان كۆ كردووه‌ته‌وه‌ و توانیویانه له‌سه‌ر ئاستی هه‌ر چوار پارێزگاكه‌ی هه‌رێمی كوردستان‌ ٦٠هه‌زار هاوبه‌ش ده‌ستنیشان بكه‌ن كه‌ سه‌رپێچیان كردووه، پاشان له‌ به‌دواداچوونێكی چڕدا به‌ سه‌رپه‌رشتی وه‌زیری كاره‌با توانیویانه‌ ئه‌و ژماره‌ بۆ ١٧ هه‌زار سه‌رپێچی داببه‌زێنن و كاركردنیش له‌سەر ئەو سه‌رپێچییانه‌ به‌رده‌وامه‌.
به‌ڕێوه‌به‌ری لیژنه‌ی به‌ستنی پێوه‌ری زیره‌كی كاره‌با ئاماژەشی بەوەدا کە ڕێنمایی تایبه‌تیان بۆ سزادانی سه‌رپێچیکاران هه‌یه‌، كه‌ تەنیا لە مانگی ئاداردا نزیکه‌ی ٤٥ ملیۆن دینار وەکو سزای سەرپێچی و ١٠٠ ملیۆن دیناریش وەکو بەکارهێنانی وزەی کارەبا وه‌رگیراوه‌، لەبەر ئەوەی سەرپێچی دەبێتە دوو بەش یەکێکیان وەکو سزا هەژمار دەکرێت و بەشێکیشی وەکو سەرفیات بەکارهێنانی کیلۆوات هەژمار دەکرێت.
عه‌لی ئیسماعیل ئاماژه‌شی بەوەکرد کە ژمارەیەکی زۆر لەو هاوبەشانەی سه‌رپێچیان كردبوو، سه‌رپێچییه‌كه‌یان بریتی بوو لە دەستکاریکردنی پێوەرەکانیان بێ ئەوەی تیمه‌كانی تایبه‌ت سه‌ردانیان بكه‌ن، كه‌ تەنیا بەپشتگوێخستنی پێوەرەکانیان توانرا لەسەر پێوەری زیرەک خوێندنەوەکانیان وه‌ربگیردرێت.
به‌ڕێوه‌به‌ری لیژنه‌ی به‌ستنی پێوه‌ری زیرەک گوتیشی:''لە پلانی وەزارەتی کارەبا بۆ بەستنی پێوەری زیرەک توانراوه‌ ٩٠٠ هەزار پسوولە بە کاربهێنرێت و خوێندنەوەی ئەو هاوبەشانە لەسەر ڕێگای پێوەری زیرەک بووه‌، لەگەڵ دەستبەکاربوونی ئەو پرۆسەیە بۆ ماوەی چەندین ساڵ وزەی ون بوو لە وەزارەتی کارەبا و هاوبەشەکان لە نێوان ٤٥% بوو، كه‌ دواتر دوای سه‌ركه‌وتنی پڕۆژه‌كه‌ ئەو ڕێژەیە بۆ ٢٠% دابه‌زیوه‌. لێرەدا ٢٥% وەکو وزەی ون بوو بۆ وەزارەتی کارەبا گەڕاوە، ئەو بڕە پارەیەیش بە ڕێژەیی دەکاتە نزیکەی ٢٠ ملیۆن دۆلار بۆ هەر مانگێک.''


بۆ بینینی راپۆرتی ڤیدیۆیی کلیک لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە:

https://youtu.be/8-AjPmeYgys

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢١ی نیسانی ٢٠٢٢