تا ئێستا ٧٥ بیرى ئاوی خواردنەوە بۆ پارێزگاى هەولێر لێدراون
هەولێر، هەرێمی کوردستان(GOV.KRD)- دوای ڕەزامەندیی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ لێدانى بیرى ئاوخواردنەوە بە مەبەستی چارەسەری کاتی کێشەی کەمئاوی و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی وشکەساڵی و دابینكردنی ئاوی خواردنەوە لە پارێزگای هەولێر، زیاتر لە ٧ ملیار دینار بۆ لێدان و هەڵكەندنی ١٣٨ بیری ئاوی خواردنەوە درا کە ١٠٤ بیریان بۆ ناو شاری هەولێر و ٣٤ بیریشیان بۆ دەوروبەری بووە کە هەندێکیان بیری جێگرەوەی ئەو بیرانەن کە وشکیان کردووە و تا ئێستا کارکردن لە بەشێکى بیرەکان بەردەوامە و تەواو نەبووە.
٥٥ بیر لە سەنتەری شاری هەولێر لێدراوە
سیروان تەحسین سابیر، سەرپەرشتیاری بیرەکان لە بەڕێوەبەرایەتی ئاوی هەولێر، تایبەت بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕایگەیاند، لە ١٠٤ بیری تایبەت بە سەنتەری پارێزگای هەولێر کە گوژمەى لێدانیان ٥ ملیار و ٨٨٢ ملیۆن و ٢٤٠ هەزار دینارە، ٤٨ـیان لێدراون کە ژمارەیەکیان بیری جێگرەوەن بۆ ئەو بیرانەی وشکییان کردووە و ئەوانی دیکەیش لە گەڕەک و شوێنە نوێیەکان و ئەو جێگەیانەی پێویستیان پێی بووە لێدراون، و ٧ بیریشیان ئامێری بیرلێدان لەسەرە و لە ئایندەیەکى نزیک تەواو دەبن. هەر لە پلانیشدایە کە ١٤ بیری دیکە لێبدرێن.
تا ئێستاش بڕی ٢ ملیار و ٨٦١ ملیۆن و ٦٨٤ هەزار دینار بۆ لێدانى بیرەکان خەرج کراوە و بڕیاریشە تا کۆتایی ساڵ ئەم پڕۆسەیە تەواو بکرێت.
لە دەوروبەرى هەولێر ٥٠ بیر ئاویان تێدا هەڵناکێشرێت
سەبارەت بە پڕۆسەی هەڵکەندن و لێدانی بیر لە دەوروبەری شاری هەولێر، ئەندازیار ڕێزان سەعدی عەزیز، بەڕێوەبەری ئاوی دەوروبەری هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند، سەرەتا پێشبینیی ئێمە ئەوە بوو کە ٣٠ بۆ ٤٠ بیر لە دەوروبەری هەولێر، وشک بن و دوای مانگی حوزەیرانیش هەڵکشێن بۆ ٥٠ بیر، کەچى تا ئێستا ٢٠ بیر وشکیان کردووە و ٣٠ بیریش گەیشتووەتە ئەو ڕاددەی کە ناتوانین ئاوی لێ هەڵێنجین و ئەوانیش بەرەو وشکبوون دەچن، بۆیە دوای بڕیارەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرۆسەی لێدانی بیر دەستی پێ کردووە و تەواوکردنی ئەم پرۆسەیەش پێویستیی بە پاڵپشتی تەواوی حکومەت هەیە و گوژمەی ملیارێک و ٧٠٠ ملیۆن دینار تێچووی لێدانی ٣٤ بیری دەوروبەری هەولێرە و لەو بڕە پارەیەش ملیارێک و ١٥٠ ملیۆن دینار خەرج کراوە، بە تەواو بوونی ئەم پرۆسەیە گرفتی کەمئاوی لە سنووری دەوروبەری هەولێر ١٠٠٪ کۆتایی دێت.
پرسى هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان زۆر گرنگە لە بەفیڕۆنەدانی ئاو، بۆ ئەمەش فەرمانگەکانی ئاو لە دەوروبەری هەولێر و سەنتەری شار داوایان لە مامۆستایانی ئایینی و بەڕێوەبەر و مامۆستاى قوتابخانەکان و هاووڵاتییانیش کردووە کە گرنگیی بە بابەتی هۆشیارکردنەوە بدەن و ڕۆڵیان هەبێت لەم بوارەدا.
٧٠%ى بیرەکان بیری جێگرەوەن
ئەو بیرانەی ئێستا لە دەوروبەری هەولێر لێ دەدرێن دابەش دەبنە سەر دوو جۆر، ژمارەیەکیان بیری جێگرەوەن بۆ ئەو بیرانەی وشکیان کردووە و بەشێکیشیان بیری نوێن بۆ گەڕەکە نوێیەکان و ئەو گەڕەکانەی کە فراوان بوون، بۆیە ئەگەر بە ڕێژە وەربگیرێت ئەوا ٧٠٪ی بیرەکان بیری جێگرەوەن و ٣٠٪یان بیری نوێن. لەو ٣٤ بیرەی بۆ دەوروبەری هەولێر لێ دەدرێت تا ئێستا ٢٧ بیر لێدراوە و لەو ژمارەیەش ٢٤ بیریان تەواو بوون و ١٤ـیان کەوتوونەتە کار.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٩ی ئابی ٢٠٢٢