Skip to the content

داشکاندنی ١٥% بۆ تەواوی پێشینەکان لە هەرێمی کوردستان دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- وەکو هەولێک بۆ ئاسانکاری لە دانەوەی قەرزەکانی هاووڵاتییان لە پێشینەکانی خانووبەرە، سندوقی نیشتەجێبوون، هاوسەرگیری، قەرزی بچووك، کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان داشکاندنی ١٥%ی بۆ تەواوی ئەو قەرزانە و لێخۆشبوونی تەواو بۆ سزاکانی دانەوەی پێشینەکانی دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند کە داشکاندنی رێژەی ١٥% بۆ پابەندە داراییەکان بەردەوام دەبێت لە بواری شارەوانییەکان و گەشتوگوزار و ئاودا.

هەروەها سزای دارایی دواکەوتنی قەرزی پارەی بەشدارییەکانی دەستەبەری کۆمەڵایەتی هەڵدەگیرێت، ئەگەر خاوەنکار پارەی کەڵەکەبووی بەشداربووان بە یەکجار و بەشێوەی نەختی بدات.

لە هەمان کاتدا لێخۆشبوونی تەواوی سزای دواکەوتن و سوود لەسەر باج و رەسمی کەڵەکەبووەکان وەرناگیرێت، بەمەرجێک ئەو هاووڵاتییە تەواوی باج و رەسمی کەڵەکەبووەکە بداتەوە.

بەڕێوەبەرایەتی گشتی باج ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو داشکاندنە تاوە ٢٠ی ئەیلولی ئەمساڵ دەبێت.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

٢٠ی ئەیلولی ٢٠٢٢