Skip to the content

له‌ هه‌فته‌یەکدا زیاتر له‌ سێ ملیۆن مه‌تر سێجا ئاوی خاوێن بۆ هاووڵاتییان دابین كراوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە كابینه‌ی نۆیه‌مدا له‌سه‌ر ئاستی سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كان به‌تایبه‌ت سێكته‌ره‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌رده‌وامه‌ له‌ پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان و خزمه‌تكردنی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان له‌ سه‌رجه‌م شار و شارۆچكه‌ و ناوچه‌كان.

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گەشتوگوزار، وەکو وەزارەتێکی خزمەتگوزاریی، بەردەوامە لە پێشکەش کردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان له‌ ڕێگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كان و شاره‌وانییه‌کانییەوە و ڕۆژانه‌ش چه‌ندین كار و چالاكی تایبه‌ت به‌ ژیانی هاووڵاتییان ئه‌نجام ده‌دات، له‌ ناویشیاندا دابینكردنی ئاوی خاوێن و پاكڕاگرتنی شار و شارۆچكه‌ و شاره‌دێكان له‌ ڕێگه‌ی تیمه‌كانی شاره‌وانیی و لادانی زێده‌ڕۆییه‌كان و چه‌ندین لایه‌نی دیكه‌ی خزمه‌ت گوزاری.

وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گەشتوگوزار، له‌ ماوه‌ی ٥ تاوەکوو ١١ ی ئابی ٢٠٢٢، به‌بێ جیاوازی چه‌ندین خزمه‌تگوزاری بۆ هاووڵاتییان له‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان پێشكه‌ش كردووه‌، به‌ شێوه‌یه‌ك له‌ سێکتەری ئاو و ئاوه‌ڕۆ، توانیویه‌تی له‌م ماوه‌یه‌دا بڕی ٣ملیۆن و ٢٠٠ هەزار و ٦٧٦ مه‌تر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە ڕێگه‌ی ٧٨ پڕۆژه‌ی ئاو و ٥ هەزار و ٧٤٦ بیر و دابەشکردنی ئاو بە تەنکەر دابین بكات، هەروەها له‌م ماوه‌یه‌دا ٢ هەزار و ٥٤٢ پشکنینی بۆ کوالێتیی ئاوی بەرهەمهاتوو لە ڕێگه‌ی تاقیگەکانییه‌وه‌ ئه‌نجام داوه‌.

هاوكات وه‌زاره‌تی شاره‌وانی و گەشتوگوزار، به‌سه‌رپه‌رشتی تیمه‌كانی و له‌ ڕێگه‌ی شاره‌وانی و كۆمپانیاكانی خاوێنكردنه‌وه‌ توانیویه‌تی له‌ ماوه‌ی ٥ تاوه‌كوو ١١ ی ئابی ٢٠٢٢، له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمی كوردستان نزیکەی ٢١ هەزار و ١٦٧ تۆن زبڵ و خاشاک كۆبكاته‌وه‌ و چاره‌سه‌ریان بكات و داپۆشینیان بۆ بكات. هه‌ر له‌م ماوه‌یه‌دا نزیکەی ٢٩٦ زێدەڕۆیی و سەرپێچی (خانوو، کابینە، عەرەبانە...)ی لاداوه‌ کە کرابوونه‌ سەر موڵکی گشتیی، یان پابەند نەبوون‌ بە ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ.

سه‌باره‌ت به‌ كه‌رتی گه‌شتوگوزار له‌ رێکەوتی ٥ تاوه‌كوو ١١ی ئابی ٢٠٢٢ توانراوه‌ چه‌ندین چالاكی ئه‌نجام بدرێت، له‌وانه‌ش، پێدانی ١٥ مۆڵەتی کارکردنی گەشتیاری، نوێکردنەوەی ١٨ مۆڵەتی کارکردنی گەشتیاری، ١٢٦ مۆڵەت لەژێر مامەڵەدایە، ئەنجامدانی کاری پشکنین بۆ ٨٨ هەزار و ٣٠٧ بنکە و کۆمپانیا و نووسینگەی گەشتیاری، ئەنجامدانی ٩ چالاکیی بەهەماهەنگی لەگەڵ لیژنەی پارێزگاکان و لیژنە تایبەتەکانی قائیمقامییەتەکان و ئەنجامدانی ٢ چاوپێکەوتن لەگەڵ ژماره‌یه‌ك کەسایەتی و شاند بەمەبەستی پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزاری له‌ هه‌رێمی كوردستان.

 

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری
١٤ ی ئابی ٢٠٢٢