Skip to the content

بڕیاری دابینکردنى پێداویستییەکانى خوێندن بە بڕى ٢٠ ملیار دینار درا

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD)- سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە گوژمەى ٢٠ ملیار دینار، بڕیارى دابینکردنى پێداویستییەکانى ناوەندەکانى خوێندنى داوە کە لاپتۆپ و داتاشۆ و فۆتۆکۆپى و پرێنتەر و وایتبۆرد و ڕەحلە و سۆپا و موبەڕیدە و تانکى ئاو دەگرێتەوە.

ئالان حەمەسەعید، وەزیرى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستانیش، لە نووسراوێکى فەرمى کە ئاڕاستەى سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانى پەروەردەى پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانى کردووە، چوار خاڵى خستووەتە ڕوو بۆ ڕەچاوکردنى دابەشکردنى دروست و تەواوى ئەو کەلوپەلانە.

لەسەر بڕیارى وەزیرى پەروەردە، دابەشکردنى ئەو کەلوپەلانە تەنیا بۆ ناوەندەکانى خوێندنە نەک دیوانى پەروەردەکان و کەلوپەلەکانیش لە ڕێکەوتی جیاواز جیاواز دەگەنە وەزارەت، بۆیە بە شێوەى جیاوازیش دەنێردرێن بۆ ناوەندەکانى خوێندن.

کەلوپەلەکانیش بریتین لە: (لاپتۆپ: ٥ هەزار و ٥٢٩ دانە)، (داتاشۆ: ٢ هەزار و٨٠٢ دانە)، (فۆتۆکۆپى: ٢ هەزار و٤٤٥ دانە)، (پرێنتەر: ٤ هەزار و ٦٥٣ دانە)، (وایت بۆرد: ٢٠ هەزار و ٥٢٦ دانە)، (ڕەحلە: ٥٢ هەزار و ٧٩٢ دانە)، (سۆپا: ١٣ هەزار و ٦٧٧ دانە)، (موبەڕیدە: ٤ هەزار و ٥٧٦ دانە) و (تانکى ئاوى خواردنەوە: ٤ هەزار و ٥٥٠ دانە).

 

 

 

فەرمانگەى میدیاو زانیارى

٢٩ى ئابى ٢٠٢٢