Skip to the content

حکومەتی هەرێم ئاماری گرنگترین کاروچالاکییەکانی ٦ مانگی رابردوو بڵاو دەکاتەوە

د.جوتیار عادل: بەهۆی چاکسازییەکانەوە مانگانە ٥٠٠ ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت

د.جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگترین کاروچالاکییەکانی شەش مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ی حکومەتی هەرێمی کوردستانی خستەڕوو و ئاماژەش بەوە دەکات حکومەتی هەرێم بەردەوام دەبێت لە پێشکەش کردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و ئەمەش دەقی گوتەکەیەتی:

هاووڵاتییانی خۆشەویست.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە شەش مانگی رابردوو، چەندین پرۆژەی گرنگی ئەنجام داوە، لێرەدا بە پێویستی دەزانین ئاماژە بە گرنگترینیان بکەین.

لە بواری مووچە، حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە پێویستی بە زیاتر لە ٩٠٠ ملیار دینار هەیە بۆ تەرخانکردنى مووچەی مووچەخۆران.

لە ماوەی شەش مانگی رابردوودا، حکومەتى هەرێم بڕی ٥ تریلیۆن دیناری بۆ دابینکردنی مووچە تەرخان کردووە، لە بەرامبەردا حکومەتی فیدراڵی تەنیا بڕی ٤٠٠ ملیار دیناری ناردووە، لە کاتێکدا بەپێی رێکەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا پێویست بوو مانگانە ٢٠٠ ملیار دینار بنێرێت.

حکومەتی هەرێم لە داهاتی نەوتیش پێشتر مانگانە ٣٥٠ ملیۆن دۆلاری بۆ دابینکردنی مووچە خەرج دەکرد، بەڵام بە هۆی ئەو چاکسازییانەی کە لە کەرتی وزە بە گشتی کراوە، ئێستا مانگانە ٥٠٠ ملیۆن دۆلار دەگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت.

 

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان

لە چوارچێوەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە زیاتر لە ١٣٦ ملیۆن لیتر گازوایلی بۆ وێستگەکانی کارەبا تەرخان کردووە کە بەهاکەی  زیاترە لە ١١٦ ملیار دینار بووە.

 

خۆڵ و خاشاک

كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە بواری گرێبەستەکانی کۆکردنەوە و چارەسەری خاشاک، ژمارەی گرێبەستەکانی لە  ٢٨ گرێبەست زیاد کردووە بۆ ٣٢ گرێبەست و خەرجی مانگانەی ئەو کۆمپانیایانەی کە گرێبەستیشیان لەگەڵ کراوە، لە ١١،٨ ملیار دینار کەم کراوەتەوە بۆ ٩،٦ ملیار دینار.

لە هەرێمى کوردستان، مانگانە ٢٠٠ هەزار تۆن خۆڵ و خاشاك کۆ دەکرێتەوە و لە ٦ مانگی رابردوو ملیۆنێک و ٢٠٠ هەزار تۆن کۆ کراوەتەوە و چارەسەر کراوە.

 

ئاوی خواردنەوە لە ساڵى ٢٠٢٢

 لە هەرێمی کوردستان ملیۆنێک و ١٩ هەزار هاوبەشی ئاو لە شارەکان هەیە کە پێوەری ئاو بۆ ٧١٩ هەزاریان  بەستراوە.

حکومەتی هەرێم لە رێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزارەوە، رۆژانە(٢،٦) ملیۆن مەتر سێجا ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتیان دابین دەکات، بەمەش لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ، زیاتر لە ٤٧٠ ملیۆن مەتر سێجا ئاو بۆ هاووڵاتییان دابین کراوە کە تێکڕای خەرجییەکەشی نزیکەی ٨ ملیار دینار بووە، لە کاتێکدا ئەو پارەیەی لە هاووڵاتیان وەردەگیرێتەوە، کەمترە لە نیوەی خەرجی دابینکردنی ئاوەکە کە ئەمەش ئەرکى حکومەتە لە بەرامبەر هاووڵاتیانى خۆشەویست.

 

وەزارەتی تەندروستی

لە سێکتەرى تەندرووستیی کە یەکێکە لە سێکتەرە گرنگەکان، گرنگییەکی تایبەت بە بواری تەندروستیی گشتی و کەرتی تەندروستی دراوە، لەو چوارچێوەیەشدا مانگانە ٢٣ ملیار و ٤٥٠ ملیۆن دینار بۆ ئەو سێکتەرە خەرج کراوە.

لە بواری دەرمان و پێداویستی پزیشکی، بڕی ١٣ ملیار و ٧٥٠ ملیۆن دینار و لە بواری دابینکردنی خۆراکیش بۆ نەخۆشخانەکان مانگانە بڕی ٤ ملیار و ٨٩٢ ملیۆن دینار خەرج کراوە. بۆ دابینکردنی خەرجییەکانی بەکاربردن لە ناوەندە تەندروستییەکان، زیاتر لە ٤ ملیار دینار دابین کراوە.

 

وەبەرهێنان

حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە پێشکەش کردنی پرۆژەکان بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان و بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و لە سێکتەرى وەبەرهێنان کە سێکتەرێکى دیکەى حکومەتى هەرێمە کە گرنگییەکى تایبەتى هەیە و لە ٦ مانگی رابردوو، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە، ٤٤ پڕۆژەی لە سێکتەرە جیاوازەکان لەسەر ڕووبەری ٧٦٨ دۆنم ئەنجام داوە، کە سەرمایەکەیان ٦٤٨ ملیۆن و ٩٨٠ هەزار دۆلار بووە.

سێکتەرەکانیش بە پێی ڕیزبەندی بەم شێوەیەن:

  • لە سێکتەری بازرگانی، ١٤ پڕۆژە بە سەرمایەی ١١٤ ملیۆن و ٣٧ هەزار دۆلار ئەنجام دراوە.
  • لە سێکتەری پیشەسازی، ١٣ پڕۆژە بە سەرمایەی ١٣٦ ملیۆن و ٥٥٤ هەزار دۆلار جێبەجێ کراوە.
  • لە سێکتەری پەروەردە و فێرکردن، ٦ پڕۆژە ئەنجام دراوە بە سەرمایەی ٢٦ ملیۆن و ٦٣٨ هەزار دۆلار.
  • لە سێکتەری تەندروستی، ٣ پڕۆژە جێبەجێ کراوە بە سەرمایەی ١٦ ملیۆن و ٩٠٥ هەزار دۆلار.
  • لە سێکتەری نیشتەجێبوون، ٣ پڕۆژە بە سەرمایەی ٣٣٨ ملیۆن و ٧٧ هەزار دۆلار ئەنجام دراوە.
  • لە سێکتەری کشتوکاڵیش ٢ پڕۆژە جێبەجێ کراوە، بە سەرمایەی ٧ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار دۆلار.
  • لە سێکتەری گەشتیاری بە سەرمایەی ملیۆنێک و ٩٣٠ هەزار دۆلار پڕۆژەیەک جێبەجێ کراوە.
  • لە سێکتەری بانکەکان پڕۆژەیەک بە سەرمایەى ٤ملیۆن و ١٠٠ هەزار دۆلار ئەنجام دراوە.
  • لە سێکتەری وەرزشیش، پڕۆژەیەک بە سەرمایەی ٣ ملیۆن و ٢٩ هەزار دۆلار ئەنجام دراوە.

 

وەزارەتى بازرگانى و پیشەسازى

لە ٦ مانگی رابردوو، چالاکى بازرگانى لە هەرێمەکەمان بەشێوەیەکى بەرچاو بەرز بووەتەوە. هەر لەم ماوەیەدا ٤٩٤ هێما و مۆڵەتی بازرگانی دراوەتە کۆمپانیاکان کە داهاتەکەی ٦٠١ ملیۆن و ٨٨٤ هەزار دینار بووە .

لەم شەش مانگەی رابردوو، هەزار و ٦٧٥ مۆڵەتی هاوردە و ٧٩ مۆڵەتی هەناردەش دراوەتە کۆمپانیاکان.

پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جوتیاران، تەواو بووە و نزیکەى ٢٦٠ هەزار تۆن گەنم وەرگیراوە کە شایستە داراییەکەی زیاتر بووە لە ٢٢٠ ملیار دینار و تا ئێستانزیکەى ٩٥ ملیار دینار بۆ جوتیاران خەرج کراوە.

هاووڵاتییانی خۆشەویست، ئەوی خستمەڕوو چالاکییەکان و پرۆژەکانی حکومەت بوو لە ماوەی ٦ مانگی ساڵی ٢٠٢٢، ئێمە لەسەر بەڵێنەکانی خۆمانین تاوەکو خزمەتی زیاتر بە ئێوەی بەڕێز بگەیێنین و دڵنیاتان دەکەینەوە کە درێغی ناکەین لە پێشکەش کردنی خزمەتی زیاتر.

هەر لە خۆشیدا بن.

 

بۆ بینینى ڤیدیۆى وتارەکە، کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە شەش مانگی رابردوودا چەندین پرۆژەی گرنگی ئەنجام داوە - YouTube

فەرمانگەى میدیاو زانیارى