د.جوتیار عادل: حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی گەنجان و لاوانی نیشتمانە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٣ی ئابی ٢٠٢٢، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان مەراسیمی پێشبڕکێی (کوردستان لە چاوی ئێمەوە)ـی ئەنجام دا. مەراسیمەکە تایبەت بوو بە دیاری کردنی جوانترین وێنەی بەشداربووان کە لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستانەوە وێنەکانی خۆیان کە لە رێگەی کامێرا و مۆبایلەوە گیرابوون بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیارییان ناردبوو.
لە مەراسیمەکەدا، د.جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند، "ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا پاڵپشتیی لاوان نییە، بەڵکو ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاویشە بۆ دەرخستنی توانا و بەهرەمەندان تا بۆ خزمەتی گەل و نیشتیمان بخرێنە گەڕ."
ئەمەش دقی گوتارەکەیەتی:
بەناوی خوای بەخشندە و میھرەبان
بەخێرهاتنی میوانە بەڕێزەکان دەکەم
وەزیرە بەڕێزەکان، پەرلەمانتارانی بەڕێز
بەڕێز قونسڵ و نێردەی بیانی و نێودەوڵەتی
مامۆستایانی زانکۆ، ئەکادیمیست و پسپۆرانی بەڕێز
وێنە گرانی بەڕێز
بەشداربووان و گەنجانی خۆشەویست
ئێوارەتان باش
یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکان کابینەی نۆییەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەرەتایی دەستبەکاربوونییەوە، پشتیوانی و پاڵپشتیی لاوەکانی ئەم نیشتیمانەیە. لەو بڕوایەداین لاوان بزوێنەری بزاوتی پێشکەوتننن لە گشت بوار و کایەکان و لە سۆنگەی بڕوابوونیشمان بە ئیڕادەو تواناکانیان، دەزانین کە دەستپێشخەرییەکانی کایەکانی ژیان ھەر لەوانەوە سەرهەڵدەدات، بۆیە دەبێ بە هەند وەربگرین.
ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا پاڵپشتیی لاوان نییە، بەڵکو ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاویشە بۆ دەرخستنی توانا و بەهرەمەندان تا بۆ خزمەتی گەل و نیشتیمان بخرێنە گەڕ.
بێ گومان کۆسپ و ئازار دێنە ڕێی لاوان، بەڵام خەونی زۆریشیان هەیە و ژیان لەبەردەمیان کراوەیە . لەو پێناوەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانێکی تۆکمە و درێژخاینی هەیە بۆ سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی ڕۆڵ و کاریگەری لاوان کە بگونجێت لەگەڵ سەردەمی ئێستا، چونکە ئێمە بڕوامان بەوە ھەیە هەر گەلێکی پێشکەوتوو و تێگەیشتوو و بڕوابەخۆبوو، لە قۆناغەکانی وەرچەرخاندا، لاوان بە وزە وهیوا وئۆمێد دەزانیت.
بەشداربووانی خۆشەویستی ئەم پێشبڕکێیە، نمونەیەکی دیاری ئەو هیوا و ئومێدن بە کارو ژیان و خۆشەویستی نیشتیمان، بۆیە لێرەوە سوپاسیان دەکەم و دەستخۆشیان لێدەکەم.
وێنەگرتن، هونەری دەربڕین و ڕەنگدانەوەی هەست وسۆزی کەسی وێنەگرە بۆ سروشت و ڕووداو و دیاردەکان و دەکرێت ئەم وێنانەش ڕەنگدانەوەی شوناسی میللەت و نیشتیمان بن.
لەسەردەمی پێشڤەچوون و تەکنەلۆژیای بواری میدیا، وێنەگرتن ڕۆڵێکی بەرچاو دەبێنێت لە گەیاندنی پەیامەکان. لەو سۆنگەیەوە فەرمانگەی میدیاو زانیاری ئەم دەستپێشخەرییەی کرد تا لەو ڕێگەیەشەوە خولیای لاوانمان بە نیشاندانی وێنەی راستەقینەی هەرێمەکەمان، بۆ دونیا دەربخەین.
ئەم دەستپێشخەریە تروسکە و ڕووناهیەک بە ئێمەو خەڵکی تریش دەبەخشێ، بۆیە حکومەت بە ئەرکی خۆی دەزانێت پشتگیری ئەم جۆرە هەوڵانە وهی تریش بکات وپانتایی بەشداری کارای لاوان لە بنیاتنانی هەرێمێکی بەهێزتر فروانتر بکات.
لە کۆتاییدا سوپاسی لیژنەی هەڵسەنگاندن و دەستنیشانکردنی ئەم کارە ھونەریانە دەکەم.
سوپاسی لیژنەی ئامادەکار و سپۆنسەری ئەم ئیڤێنتە دەکەم.
هەر سەرفراز بن.