ساڵی داهاتوو سەرجەم هێزەکانى یەکەی ٧٠ و٨٠ لە ژێر چەترى وەزارەتى پێشمەرگە یەکدەخرێنەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق -( GOV.KRD) لە ماوەی سێ ساڵی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بواری چاکسازی دا هەنگاوی جدی گرتووەتە بەر و بەردەوامیش لەو پرۆسەیە.
عەقید فەرمان فەرهاد، جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى میرە لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاند، رێکخستنەوە لە بنبڕکردنى دوو مووچە و مووچەی نایاسایی کراوە و تاوەکو ئێستاش ٣١ هەزار و ٣٨٢ ئەفسەر و پێشمەرگە لە وەزارەتی پێشمەرگە هەژمێری بانکیان بۆ کراوەتەوە و لە بانکەکان مووچە وەردەگرن.
جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى میرەی وەزارەتى کاروباری پێشمەرگە ئاماژەشی بەوەدا "تاوەکو ئێستا ٢٠ لیوا لە هێزەکانی پێشمەرگە بە هەماهەنگیی هێزەکانی هاوپەیمانان یەکخراونەتەوە و دوو لیوای دیکەش لە ژێر پڕۆسەی یەکخستنەوەدان. بڕیاریشە ساڵى داهاتوو بە هەماهەنگى وەزارەتى پێشمەرگە و سەرۆکایەتى ئەرکان، تەواوى هێزەکانى یەکەی (٧٠- ٨٠) بخرێنەوە ژێر چەترى وەزارەتى پێشمەرگە".
مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگەى کوردستان یەکێکی دیکەیە لە کارەکانی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە و جێگرى بەڕێوەبەرى گشتى میرەش رایگەیاند''لە کابینەى نۆیەم گرنگی زۆر بە پێدانی مەشق و راهێنان بە هێزەکانی پێشمەرگەى کوردستان کراوە، ئەمەش بە هاوبەشى لەگەڵ هێزەکانى هاوپەیمانان کراوە. تاوەکو ئێستاش زیاتر ٦٠%ی هێزەکانى پێشمەرگە بەشدارییان لە مەشق و راهێنانە سەربازییەکان کردووە و ئەو پڕۆسەیەش بەردەوامی دەبێت.''
سەبارەت بە سەنگەرسازی و پرچەککردنى هێزەکانى پێشمەرگە، ئەو بەرپرسەی هێزەکانی پێشمەرگە دەڵێت''سەرجەم سەنگەرەکانی پێشمەرگە پتەوکراون و بە تەواوەتی ئامادەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەموو هەڕەشەیەکی دوژمنانی کوردستان، هەروەها لە ئێستادا چەکى پێویست و گرنگ بۆ هێزەکانى سەر بە وەزارتى پێشمەرگە هەیە و تەواوى هێزەکان چەک و کەلوپەلى سەربازى پێویستیان لەبەردەستە''.
بەپێى داتاکانى وەزارەتى پێشمەرگە ٣ هەزار و ١٨ دۆسیەی خانەنشینی بەهۆکاری تەندروستی، سەربازی و کۆچکردن گواستراوەتەوە سەر وەزارەتی دارایی و ئابووری. هەروەها هەزار و ١٨ دۆسیەی شەهیدانی سەنگەری دژ بە تیرۆریستانی داعشیش گواستراوەتەوە سەر وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، هەر لە میانەى چاکسازییەکانى وەزارەت دا ٩ هەزار و ٦٤٦ کەمئەندام چاوپێکەوتنیان لەگەڵ کراوە و دۆسیەیان بۆ ئامادەکراوە.
بۆ بینینى ڤیدیۆى وتارەکە، کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:
لە ماوەی دووساڵدا سەرجەم هێزەکانی یەکەی ٧٠ و ٨٠ دەخرێنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە - YouTube
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢ی ئابی ٢٠٢٢