Skip to the content

لە هەولێر ١٣ بەنزینخانە بەهۆی دەستکاریکردنی کوالێتیی بەنزینەوە سزا دەدرێن

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD)- لە سەرەتای مانگی شەشی ئەمساڵەوە تاوەکو رۆژی ١٨ی ئابی ٢٠٢٢، ١٣ بەنزینخانە لەلایەن لیژنەکانی پشکنین و چاودێریکردنی بەنزینخانەکانەوە لە پارێزگای هەولێر سزا دراون و رێکاری یاساییش بەرامبەر خاوەنەکانیان گیراوەتەبەر.

پارێزگای هەولێر بڵاوی کردەوە کە لەم هەفتەیەدا لیژنەکانی پشکنین و چاودێریکردنی بەنزینخانەکان، پشکنینیان بۆ ٥٥ وێستگە کردووە و ١٣ بەنزینخانە بەهۆی دەستکاریکردنى كوالێتیی به‌نزین و خراپی ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن، سزادراون و ڕێکارى یاساییش بەرامبەر خاوەنەکانیان گیراوەتەبەر.

پارێزگای هەولێر دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییان کە لیژنەى پشکنین و چاودێریکردنى بەنزینخانەکان بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر هەر کەس و خاوەن بەنزینخانەیەک، کە بەنزینى خراپ بفرۆشێتە هاووڵاتییان و دەستکاری کوالێتییەکەی بکات.

 

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

١٨ی ئابی ٢٠٢٢