Skip to the content

هەرێمى کوردستان لە هەناردەکردنى بنەتۆ نزیک دەکەوێتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بنەتۆ، بنەماى داڕشتنى ستراتیژییەکى گرنگى بەرهەمهێنانە لە کشتوکاڵ کە هۆکارە بۆ ئەوەى ئاسایشى خۆراک لە ئاستێکى بەرز کارى لەسەر بکرێت و ببێتە هۆى بەرهەمهێنانى باشتر و بە کوالێتى و تەنانەت هەناردەکردنیشى بۆ دەرەوە.
سەبارەت بە بەرهەمهێنانی بنەتۆی گەنم لە هەرێمی کوردستان و ئەو بەرنامەو پلانەی دانراوە بۆ زیادکردنی ڕێژەی بنەتۆ، حکومەتى هەرێمى کوردستان گرنگییەکى زۆری بەم کەرتە داوە و لە ماوەى سێ ساڵى ڕابردووشدا سەرکەوتنێکى گەورە بەدەست هاتووە، بەوەى کە هەم کوالێتى و چەندایەتى گەنم باشتر بووە و گەنمەشامیش ئاستەکەى خەریکە بەرزتر دەبێتەوە بۆ هەمان ئاستى گەنم!

لەم بارەوە فەرمانگەی میدیا و زانیاری گفتوگۆیەکی لەگەڵ ڕێژین سدیق عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری بەرهەمهێنان و پەسندکردنی بنەتۆ ئەنجام دا کە لە بەڕێوەبەرایەتییەکەیدا کار لەسەر بەرهەمهێنانى بنەتۆ کراوە بۆ ئەوەى چیتر بنەتۆ هاوردەى کوردستان نەکرێت.

تەرزە کشتوکاڵییە نوێیەکان بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار دەکرێن
بەڕێوەبەرایەتی بەرهەمهێنان و پەسندکردنی بنەتۆ لە دوو بەش پێکدێت، بەشی پشکنینی کێڵگەیی و بەشی تاقیگە، ئەمساڵ یاسای بەرهەمهێنی بنەتۆ لە پەرلەمانی کوردستان جێگیر کرا بۆ ئەوەی بەرهەمهێنی بنەتۆ دروست بکەین لە هەرێمی کوردستان و دوو کۆمپانیاش خۆیان تۆمار کردووە و دەستیان کردووە بە بەرهەمهێنانی بنەتۆ، وە بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان یاسای تەرزە کشتوکاڵییە نوێیەکان لە پەرلەمانی کوردستان جێگیر کراوە و لە ماوەیەکی نزیکدا دەتوانین تەرزە کشتوکاڵییە نوێیەکان بە ناوی حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆمار بکەین، هەروەها هاوردەکردنی بنەتۆمان لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان بە یاسا ڕێکخستووە و لە داهاتوودا ڕێگر دەبین لە هاوردەکردنی هەر جۆرە بنەتۆیەک بەدەر لە ڕێنمایی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی، گرنگیی ئەم یاسایەش لەوەدایە کە دەتوانین بەرهەمی بنەتۆ لە ناوخۆی هەرێم زیاتر بکەین و وا بکەین کۆمپانیاکان ڕووبکەنە بەرهەمهێنانی بنەتۆ بە تایبەت بنەتۆی گەنم، بۆ نموونە پێشی ٤ ساڵ هاوردەکردنی بنەتۆ ٣٥ تا ٣٦ هەزار تۆن بوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١ تەنیا ١١ هەزار بنەتۆی گەنممان هاوردە کردووە، بۆ ئەمساڵێش ڕەنگە زۆر لەو بڕە کەمتر هاوردەی هەرێمی کوردستان بکرێت، یاسای تەرزە کشتوکاڵییە نوێیەکان یاسایەکی تەواو زانستییە، ئەو بنەتۆیانەی بەڕێوەبەرایەتیی توێژینەوە کشتوکاڵییەکان یا زانکۆکانی هەرێمی کوردستان دروستی دەکەن دەتوانین لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان تۆماری بکەین بێ ئەوەی بگەڕێینەوە بۆ حکومەتی عێراقی فیدراڵ.

لە ساڵی ٢٠٢٢ نزیکەی ٧٠٠٠ تۆن بنەتۆی گەنم بەرهەم هاتووە
بنەتۆ ئەو بەشەیە کە بەکار دێت بۆ زیادکردنی ڕووەک، ئێمە لەسەر جوتیاران دابەشی دەکەین بۆ بەرهەمهێنانی زیاتری ڕووەک، بەڕێوەبەرایەتی بەرهەمهێنان و پەسندکردنی بنەتۆ لە ساڵی ٢٠١٢ دامەزراوە و بە بەردەوام بنەتۆی گەنمی بەرهەمهێناوە، لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکەمجار توانیومانە لە ساڵی ٢٠٢٢ نزیکەی ٧٠٠٠ تۆن بنەتۆی گەنم بەرهەمبێنین بە بڕی ملیارێک و ١٠٠ ملیۆن دینار، لە کاتێکدا لە ساڵانی پێشوو بۆ بەرهەمهێنانی ئەو بڕە بنەتۆیە ٤ تا ٥ ملیار دیناریان پێویست بووە.

لەم کابینەیەدا پلەبەندی بۆ وه‌رگرتنی بنه‌تۆ دانراوە
لەم کابینەیەدا توانیومان پلەبەندی بۆ وه‌رگرتنی بنه‌تۆ دابنێین بە تایبەتی بەرهەمهێنانی بنه‌تۆی گەنم، توانیمان لە یەک کیلۆ بنەتۆی گەنم کە بەرهەممان هێنا لە توێژینەوە کشتوکاڵییەکان زیادی بکەین بۆ ٦ تا ٧ هەزار تۆن بنەتۆی گەنم وە دابەشی بکەین بەسەر جوتیاران بە مەبەستی ئەوەی بەرهەمی گەنم زیاتر بێت لە هەرێمی کوردستان، ئەوانەی توانیویەتیان پلەی بنەڕەتی بە دەستبهێنن لە توێژینەوە کشتوکاڵییەکان بە بڕی کیلۆگرامێک زیاد کراوە بۆ ٦ تا ٧ هەزار تۆن، بۆ یەکەم جارە لە هەرێمی کوردستان پڕۆژەی نیشتمانی هەجینی گەنمەشامیمان دەستپێکردووە و دوای ٢ تا ٣ ساڵی تر دەتوانین هەجینی گەنمەشامی لە ناوخۆی هەرێمی کوردستان بەرهەمبێنین بە گوێرەی پێداویستی بازاڕ و کەش و هەوا، بۆ نموونە ئێستا هەرێمی کوردستان تووشی کەمبارانی بۆتەوە دەتوانین هەجینێکی گەنمەشامی بەرهەمبێنین کە گونجاو بێت لەگەڵ ئەو بارانەی کە دەبارێت یا ئەو بڕە ئاوەی کە هەمانە و بەرهەمێکی زۆریشی هەبێت .

بەڕێوەبەرایەتی بەرهەمهێنان و پەسندکردنی بنەتۆ بە هەماهەنگیی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی گشتی توێژینەوەی کشتوکاڵی و لەژێر ڕێنمایی وەزارەتی کشتوکاڵ ئامانجی ئەوەیە لە ساڵی 2023 بەرهەمی بنەتۆی گەنم بگەیەنێتە ڕادەی ئەوەی کە پێداویستی ناوخۆ دابین بکات و هەناردەی دەرەوەشی بکات.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
7 ی ئابی 2022