Skip to the content

وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ له‌ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ ٣٥ پڕۆژەی له‌ سنووری هه‌ولێر و سلێمانی ئه‌نجام داوه‌

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌ره‌ڕای قه‌یران و ئاسته‌نگه‌ ئابووری و داراییه‌كان و دواتریش بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای كۆرۆنا كه‌ له‌ ڕووی دارایی و ئابوورییه‌وه‌ زیاتر ئه‌ركی حكومه‌تی هه‌رێمی قورس كرد، به‌ڵام له‌سه‌ر ئاستی سێكته‌ر و وه‌زاره‌ته‌كان به‌ پێی پێویستی و ناوچه‌ جوگرافییه‌كان، نەوەستاوە لە پێشکەشکردنى خزمه‌تگوزارییه‌كان.
له‌م كابینه‌یەدا، وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن له‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌ پێی پێویستی و بودجه‌ی به‌رده‌ست، چه‌ندین پڕۆژە‌ی ئه‌نجام داوه‌.
ئەم وه‌زاره‌تە، له‌ بودجه‌ی وه‌به‌رهێنانی وه‌زاره‌ت و داهاتی وه‌زاره‌ت و بودجه‌ی ئاسایی، ٢١ پڕۆژە‌ی له‌ ماوه‌ی ڕێکەوتى ١ـی كانوونی دووه‌می ٢٠٢٢ تا ١ـی ته‌مموزی ٢٠٢٢ له‌ سنووری پارێزگای هه‌ولێر ئه‌نجام داوه‌ کە تێچووى سه‌رجه‌میان ٦٤٣ ملیۆن دینار بووه‌ کە بەم شێوەیە دابەش کراون:
ـ قه‌زای ده‌شتی هه‌ولێر: ٣ پڕۆژە
ـ ناوه‌ندی هه‌ولێر: ٥ پڕۆژە
ـ مەخموور: ٢ پڕۆژە
ـ مێرگەسوور: ٢ پڕۆژە
ـ قەزاى ناوەندى سۆران: ٢ پڕۆژە
ـ پیرمام: ٢ پڕۆژە
ـ خەبات: ٢ پڕۆژە
ـ کۆیە: ١ پڕۆژە
ـ شەقڵاوە: ١ پڕۆژە
ـ چۆمان: ١ پڕۆژە


هه‌روه‌ها وه‌زاره‌ت ژماره‌یه‌ك پڕۆژە‌ی له‌ سنووری پارێزگای سلێمانی له‌ ماوه‌ی ١ـی كانوونی دووه‌می ٢٠٢٢ تا ١ـی ته‌مموزی ٢٠٢٢ ئه‌نجام داوه‌.
پڕۆژە‌ ته‌وابووه‌كانی وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن له‌ شاری سلێمانی كه‌ له‌ بودجه‌ی وه‌به‌رهێنانی وه‌زاره‌ت ئه‌نجام دراون، یه‌ك پڕۆژە‌ بووه‌ ئه‌ویش چاككردنه‌وه‌ و نۆژە‌نكردنه‌وه‌ی ڕێگای كۆنی عه‌ره‌ب ـ سه‌ید سادق بووه‌ كه‌ درێژییه‌كه‌ی ٢٥ کیلۆمەتر بووە و تێچووەکەشى ٩,٠٧٠,٠٠٠,٠٠٠ دینار بووە. هەروەها له‌ بودجه‌ی داهاتی وه‌زاره‌ت هه‌ر له‌ ڕێکەتى ١ـى كانوونی دووه‌می ٢٠٢٢ تا ١ـی ته‌مموزی ٢٠٢٢، توانراوه‌ شه‌ش پڕۆژە‌ ته‌واو بكرێن له‌ هه‌ر یه‌ك له‌ شاره‌دێكانی بازیان، مه‌یدان و شارۆچكه‌كانی پێنجوێن و ده‌ربه‌ندیخان و دوو پڕۆژە‌ش له‌ ناوه‌ندی پارێزگای سلێمانی ئه‌نجام دراون و كۆی گشتی تێچووی ئه‌و پڕۆژانه‌ش ١,٣١٤,٠٠٠,٠٠٠ دینار بووه‌.
له‌ لایه‌كی تر وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی نیشته‌جێكردن له‌ بودجه‌ی ئاسایی خۆی و له‌ ماوه‌ی نێوان ١ـی كانوونی دووه‌می ٢٠٢٢ تا ١ـی ته‌مموزی ٢٠٢٢، توانیویه‌تی حه‌وت پڕۆژە‌ی جیاجیا له‌ هه‌ر یه‌ك له‌ شاره‌دێكانی پیره‌مه‌گروون، سیته‌ك، ئاوه‌سپی و قۆره‌توو و شارۆچكه‌كانی ده‌ربه‌ندیخان و كفری و ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیان ئه‌نجام بدات، كه‌ تێچووی سه‌رجه‌میان ٣٧٤ ملیۆن دینار بووه‌. به‌م شێوه‌یه‌ ڕوون ده‌بێته‌وه‌ كه‌ كۆی گشتی تێچووی سه‌رجه‌م پڕۆژه‌كانی سنووری پارێزگای سلێمانی بریتییه‌ له‌ ١٠ ملیار و ٧٥٨ ملیۆن دینار.


فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری
٣ـى ئاب ٢٠٢٢