Skip to the content

پرۆسەى گواستنەوە و دابەزینی خوێندکاران بۆ ساڵی نوێى خوێندن بە شێوازى ئۆنڵاین دەستی پێکرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە چوارچێوەى ئاسانکارى و پێشکەشکردنى باشترین خزمەتگوزارى بە شێوازى ئۆنڵاین بۆ خوێندکاران و قوتابیانى هەرێمى کوردستان، بۆ ئەنجامدانى پرۆسەى گواستنەوە و دابەزین لە نێوان زانکۆکان، وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى لە ڕێگەى وێبسایتى (www.mhe-studentaffairs.com) پرۆسەى گواستنەوە و دابەزینى خوێندکاران و قوتابیانی بۆ ساڵی خوێندنی (٢٠٢٢-٢٠٢٣)ی ڕاگەیاند .

 ماوەى سێ ساڵە لەلایەن فەرمانگەى خوێندن و پلاندانان و بەدواداچوون و ناوەندى وەرگرتن بە هاوکارى زانکۆى پۆلیتەکنیکى سلێمانى، پرۆسەى گواستنەوە و دابەزینی خوێندکاران لەنێوان زانکۆکانى هەرێمى کوردستان بە شێوازى ئۆنڵاین و لە ڕێگەى پلاتفۆڕمى تایبەت بە گواستنەوە و دابەزین ئەنجام دەدرێت و پرۆسەکەش لە ڕێکەوتی ١٣ی تەمموزی ٢٠٢٢ دەست پێدەکات تاکو١ی ئەیلوولی ٢٠٢٢.

د.کامران یونس، سەرۆکى زانکۆى سەڵاحەددین دەڵێت''گواستنەوە و دابەزینى قوتابیان لە ١٣ی تەممووزی٢٠٢٢ دەستى پێکردووە و لە ١ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ کۆتایى دێت، هەموو قوتابیەکیش دەتوانێت لە نێوان زانکۆکانى هەرێمى کوردستان گواستنەوە بکات.''

سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین ئاماژەش بەوە دەکات، گواستنەوە چەند جۆرێکى هەیە لەوانە (گواستنەوە لە ناوەوەى هەرێمی کوردستان، گواستنەوە لە زانکۆکانى عێراق بۆ زانکۆکانى هەرێمی کوردستان، گواستنەوە لە دەرەوەى وڵات بۆ هەرێمی کوردستان)، بەڵام چەند مەرجێک هەیە بۆ گواستنەوە، بەتایبەت بۆ گواستنەوەى قوتابى لەناوەوەى هەرێم، یەکێک لەو مەرجانەش قوتابى دەبێت کۆى نمرەى لە ( باشە) کەمتر نەبێت، یان کچ بێت و شووى کردبێت، منداڵە شەهید بێت، یاخود دایکى یا باوکى مامۆستاى زانکۆ بێت، یا دایک یان باوکى فەرمانبەرى زانکۆ بن و ساڵانى خزمەتیان لە ١٥ ساڵ کەمتر نەبێت، یاخود لە ساڵانى خوێندنی دا دایک یاخود باوکى قوتابیەکە مردبێت، ئەگەر لەساڵانى پێشتریش دایکى یاخود باوکى مردبێت دەکرێت بگوازرێتەوە، بەڵام دەبێت ٥٠%ى پارەى پاراڵێل بدات،  بۆ کچ لەناو خوێندن ئەگەر شووی کردبێت دەتوانرێت گواستنەوەى بۆ بکرێت، هەروەها ئەگەر پێش خوێندنیش شووی کردبێت دەتوانرێت گواستنەوەى بۆ بکرێت، بەڵام دەبێت ٥٠%ى پاراڵێل بدات، مەرجە خوێندنەکەى دەبێتە پاراڵێل ئەگەر پێشتریش خوێندنەکەى خۆڕایى بوو، هەروەها قوتابى دەتوانێت بە ڕاپۆرتى پزیشکى بیسەلمێنێت کە پێویستى بە گواستنەوە هەیە و لیژنەى پزیشکیش بۆ ئەم مەبەستە لە پارێزگاکانى ( هەولێر، سلێمانى، دهۆک ) هەن.

د.کامران یونس گوتیشی''هیچ کۆلێژ و پەیمانگەیەک نییە قوتابى نەتوانێت بۆى بگوازرێتەوە، مەگەر بەشێک هەبێت (فاوندەیشن پرى) بێت، ئەویان تەمهیدییە ، ئەویان لە زانکۆى چەرمۆ هەیە کۆلیژیان هەیە ساڵى تەمهیدیە، ئەوا قوتابى ناتوانێت گواستنەوەى بۆ بکات.

سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین روونیشیکردەوە کە دەبێت قوتابى ساڵى یەکەمى بێت و کۆى نمرەى لە ٨٠% کەمتر نەبێت، واتا ئەو قوتابیە نابێت دواخستنى هەبێت، بۆ نموونە یەکەمى بەشى بایلۆجى لە کۆلێژى زانست لە زانکۆى سەڵاحەددین دەچێتە کۆلێژى پزیشکى، یاخود یەکەمى بەشى کیمیا دەچێتە کۆلێژى دەرمانسازى، یەکەمى کۆلێژى کشتوکاڵ بەشى سامانى ئاژەڵ دەچێتە کۆلێژى بەیتەرە، ئەمانە مافى گواستنەوەیان هەیە.

د.کامران یونس دەشڵێت''دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ڕێنمایى ساڵى ٢٠١٩-٢٠٢٠، دەبێت قوتابى لە  سیستەمى بۆلۆنیا لە قۆناغى یەکەم دەرچووبێت بۆ قۆناغى دووەم، بەڵام دەبێت قوتابى لەکاتى گواستنەوەیدا بگەڕێتەوە بۆ قۆناغى یەکەم، واتا لەکاتى دەرچوونى لە قۆناغى یەکەم بۆ قۆناغى دووەم، دەبێت قوتابى بچێتەوە قۆناغى یەکەم لەو شوێنەى کە بۆى دەگوازرێتەوە.''

سەبارەت بە گواستنەوەی قوتابى لە زانکۆکانى عێراق بۆ زانکۆکانى هەرێمی کوردستان سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین رایگەیاند، قوتابیانی زانکۆکانی دیکەی عێراق دەتوانن گواستنەوە بکەن، بەڵام بەو مەرجانەى کە پێشتر باسمان کرد، دەبێت بیسەلمێنێت کە خانەوادەى قوتابى نیشتەجێى هەرێمی کوردستانە و دایکى یاخود باوکى قوتابى، دەبێت کارەکەى لە هەرێمی کوردستان بێت.

سەبارەت بە مەرج و ڕێنماییەکانی دابەزاندن، د.کامران یونس گوتی''مەرج و ڕێنمایى دابەزین ئەوەیە کە قوتابى دەبێت کەوتبێت، یاخود لە قۆناغى یەکەم دەرچووبێت بۆ قۆناغى دووەم، ئەو کات دەبێت (مقاصە)ى بۆ بکرێت، واتا دەبێت کەمترین کۆنمرەى بەشەکەى لەوبەشە وەرگیرابێت، نەک کۆنمرەى خۆى کە بەدەستى هێناوە.''

لەبارەی مەرج و ڕێنماییەکانی میوانداریکردن، سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین  رایگەیاند، میوانداریکردن لەناو زانکۆکانى هەرێم ناکرێت، واتا ناکرێت قوتابیەکى ناوەوەى هەرێم داواى میواندارى بکات بۆ ناو زانکۆیەکى هەرێم، تەنها بۆ زانکۆکانى دەرەوەى هەرێم دەکرێت، وە بۆ گشت قۆناغەکانى خوێندن دەکرێت، جگە لە قۆناغى کۆتایى نەبێت کە ناتوانرێت میواندارى بۆ بکرێت و میواندارى دەبێت ساڵانە نوێ بکرێتەوە و بۆ یەک ساڵە و قوتابى میوان پابەندە بەو وانانەى کە لەزانکۆکانى ئێمە هەن، نەک ئەو وانانەى لەزانکۆکەى خۆى هەیە و ئەو قوتابیانە مافى بەشە ناوخۆیى و دەرماڵەى قوتابیان نایانگرێتەوە، بە هیچ شێوەیەک قوتابى زانکۆى ئەهلى ناتوانێت میواندارى زانکۆى حکومى بکات.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

٢ ی ئابی ٢٠٢٢