Skip to the content

پڕۆژەى شەقامى ١٠٠مەترى سلێمانى نیوەى کارەکانى تەواو بووە

هەولێر، هەرێمی کوردستان -(GOV.KRD) لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان، کار بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارى ڕێگاوبان بە شێوەیەکى سەردەمیانە بۆ کەمکردنەوەى جەنجاڵى هاتوچۆ لە ناو شار و شارۆچکەکان کراوە، ئەوەش بە لەبەرچاوگرتنى بەرژەوەندیى گشتى کە هۆکار بووە بۆ چاکسازییەکى گەورە لەو بوارەدا. بۆ ئەمەش فەرمانگەى میدیا و زانیارى حکومەتى هەرێمى کوردستان، گفتوگۆیەکى لەگەڵ شاباز سديق تۆفیق بەڕێوەبەری پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانى لە کۆمپانیای قەیوان ئەنجام داوە.

پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانى کە زیاتر لە ٥٠٪ى کارەکانى تەواو بووە، یەکێکە لە پرۆژە گرنگ و ستراتیژییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە بۆ یەکەمجارە پرۆژەی ڕێگاوبانی گەورەی لەو جۆرە لە شارەکەدا جێبەجێ دەکرێت، کە وەزارەتى شارەوانى، سەرۆکایەتی شارەوانی سلێمانی سەرپەرشتى دەکەن و لایەنی جێبەجێکاریش کۆمپانیای قەیوانە.
پرۆژەکە بە چەند قۆناغێک جێبەجێ دەکرێت:(Road C) بەشی یەکەمیەتی کە بڕی ٤٠٠ ملیار دیناری بۆ تەرخان کراوە و پێویستە لە ماوەی (١١٠٠) ڕۆژی ڕۆژمێری تەواو بکرێت.

پێکهاتەکانی پڕۆژەکە:
پڕۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی ڕێگایەکی خێرای بە پانی ( ١٠٠ مەتر) کە لە شارۆچکەی تاسڵووجەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە گوندی دەمرکان لە شەقامی عەربەت ـ سلێمانی کۆتایی دێت بە درێژی (٣٤ کیلۆمەتر)، هەرچەندە بە پىى گرێبەست (٣٤ کیلۆمەترە)، ئەم زیادبوونەش بە هۆى گواستنەوەى یەکتربڕی ژمارە (١٧)ـیە کە دەکەوێتە ناوچەى دەمرکان بۆ سەر ڕێگاى سلێمانى ـ عەربەت بۆ بەستنەوەى شەقامى (١٠٠ مەترى) بە شێوەیەکى راستەوخۆ بەو ڕێگایەوە، چونکە لە دیزاینەکەدا بە شیوەیەکى ناراستەوخۆ بەسترابووەوە بەو شەقامەوە، هەروەها ڕێکخستنى شەقامى سەرەکى ناو شارۆچکەى تاسڵووجە بە پانى (١٠٠ مەتر).

پڕۆژەکە ئەم بەشانەی لای خوارەوە لە خۆ دەگرێت:
١. چوارسایدی هاتن و ڕۆیشتن کە پانی سایدە سەرەکییەکەی (٢١ مەتر) و سایدی خزمەتگوزارییەکەی (١٠ مەتر)ە کە دووسایدن بۆ ڕۆیشتن و دووانیان بۆ هاتن بە کار دەهێندرێت، سایدە سەرەکییەکان بەردەوامن و سایدە خزمەتگوزارییەکان و یەکتربڕەکان و سایدە سەرەکییەکان بە یەک دەبەستێتەوە بۆ چونەدەرەوە و هاتنەناوەوەی ئۆتۆمبێل.
٢. سایدی سەرەکی پێک دێت لە چوار لاین بۆ ڕۆیشتنی ئۆتۆمبێل و لاینێکیش بە پانی(٣ مەتر)ە بۆ وەستانی ئۆتۆمبیل بۆ هەر پێداویستییەک. لە لای جەزرە ناوەند لاینێک هەیە بە پانی (٣ مەتر) بۆ وەستانی کتوپڕ بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە کێشەیان دەبێت و لە سایدی خێرا لێدەخوڕن.
٣. ڕێگاکە لە ناوەڕاستدا جەزرەیەکی ناوەندی هەیە بە پانی (١٢ مەتر) و لە نێوان سایدی سەرەکی و خزمەتگوزاری جەزرەیەکی ناوەندی بە پانی (٧ مەتر) هەیە بۆ سەوزکردن و دانانی تۆڕی ئاوەڕۆ، تۆڕی ڕووناکی و ئاودان بە کار دەهێندرێت، هەروەها بە بەربەستی کۆنکرێتی یان گادرێل جیا دەکرێتەوە بۆ پاراستنی سەلامەتی ئۆتۆمبێلەکان.

٥. حەوت یەکتربڕی دوو ئاستی تێدایە کە سیانیان لە جۆری(cloverLeaf) و چواریان لە جۆری (Tight Diamond) ئۆتۆمبێلەکان کە تەنها لەم یەکتربڕانەدا دەتوانن ئاراستە بگۆڕن یا پێچ بکەنەوە یان بچنە دەرەوەی ڕێگە یان بێنە ناوەوە.
٦. ئەم بەشەی کە ئێستا جێبەجێ دەکرێت بە (٥) شەقامی (٣٠ و ٦٠ مەتر) دەبەسترێتەوە بە شەقامەکانی (تاسڵووجە ـ سلێمانی، بازنەی مەلیک مەحمود ، ڕێگای سلێمانی ـ عەربەت) لە ڕێگاى ئەو یەکتربڕانەی کە دروست دەکرێت لەم پرۆژەیە.
٧. لەم پرۆژەیەدا بریار دراوە چوار لەو شەقامانەى کە لە خاڵى (٥) ئاماژەى پێ دراوە جێبەجى بکرێن، بۆ ئەوەى سوودى زیاتر لەم شەقامە ببینرێت.
٨. بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان و جوتیاران لەو ڕێگا لاوەکیانەی کە پێشتر هەبوون، (٥) ئەندەرپاس دروست دەکرێت بۆ هاتووچۆ لەو شوێنانەی کە هەبووە، چونکە ناتوانن شەقامەکە ڕاستەوخۆ ببرن .
٩. حەفتا ئاوبەرەی کۆنکرێتی(Culvert) کە دریژى هەریەکەیان زیاتر لە (١٣٣ مەتر)ە تایبەت بە ڕێڕەوی ئاوی باراناو بەشێوەی جۆراوجۆر واتە (یەک چاو تا شەش چاو) کە بە دیزاینێکی تایبەت قەبارەکانیان دیاری کراوە و جێبەجێ دەکرێن.
١٠. پردێک لەسەر چەمی تانجەرۆ دروست دەکرێت کە لە چوار بەش پێک دێت و گەورەترین پردە لەسەر ئاستى کوردستان کە پانییەکەیان (١٠٠ مەتر)ە، واتە هەر سایدێک پردی تایبەتی خۆی هەیە بە درێژایی (٤٥٠ بۆ ٥٠٠ مەتر) دەبێت کە نزیکەی (٢٠) ملیۆن دۆلاری تێ دەچێت.
١١. هەموو پێداویستییەکی (خەتکێشان ـ (Road Marking و تابلۆی هاتووچۆ بە هەموو جۆرەکانییەوە لە ڕێگاکە و یەکتربڕەکان دابین کراوە.
١٢. تۆڕێکی ڕووناکی مۆدێرنی تێدایە بۆ ڕووناککردنەوەی ڕێگاکان و یەکتربڕەکان و ئەندەرپاسەکان لەسەر نوێترین ڕێنمایی وەزارەتی کارەبا.
١٣. بۆڕییەکی ئاوی سەرەکی تێدایە کە ئاو لە بۆری هێڵی سەرەکی دووکان تا نزیک دەمرکان دەگوازێتەوە بە بۆری جۆراوجۆر کە ئاو دەگەیەنێتە باشووری شاری سلێمانی.
١٤. لەبەر خێرایی ڕێگەکە و بۆ پاراستنی ئۆتۆمبیلەکان لە ڕووداو، لە هەردوو لای ڕێگاکە بە دووری (٥٠ مەتر) لە ناوەراستی ڕێگاکەوە سیاجێک درووست دەکرێت بۆ پاراستنی ڕێگاکە لە چوونەژورەوەی هاووڵاتیان و گیانلەبەران بۆ ناو ڕێگاکە و ڕوودانی ڕوداوی نەخوازراو.

دابینکردنی پێداویستی پڕۆژەکە لە کارگەی قیر و بەردشکێن:
١. پێنج کارگەى بەردشکێن (کسارە)ى گەورە کە شەو و ڕۆژ کار بۆ ئامادەکردنی مەواد بۆ چینەکانی (Sub base) و (Crushed Stone) و بەشیک لە چینى (Subgrade)ى هەموو شەقامەکە دەکەن کە پێویستیان بە بڕێکی زۆر لەم مەوادانە هەیە.
٢. دوو کارگەی قیری گەورە و دوو بەردشکێنی گەورە بۆ شکاندنى مەوادى (جلمود) چینەکانی قیر کە ئێستا دەست کراوە بە شکاندنی جلمود بۆ چینەکانى قیرتاوکردن کە ئەم کارگانە دەتوانن پێداویستی پڕۆژەکە و هەروەها شاری سلێمانی لە ئایندەدا دابین بکەن لە (ئیسفاڵتی کۆنکرێت ـ Asphalt Concrete) بە هەموو جۆرەکانییەوە.

ڕێژەی کاری جێبەجێکراو:

١. پڕۆژەکە تا ڕێکەوتی (١/٧/٢٠٢٢) ڕێژەی جێبەجێکردنی (٥٠%)یە و (٣) یەکتربڕ دەست کراوە بەکارکردن کە دەکەونە ناوچەى تاسڵووجە دووبارە دیزاین دەکریتەوە بۆ ئەوەى بگونجێت لەگەڵ جوانى شوێنەکە کە دەروازەى شارى سلێمانی و دوو شار بە یەکەوە دەبەستێتەوە. یەک ئەندەرپاس گۆڕاوە بۆ ئۆڤەرپاس کە دەکەوێتە سەر شەقامى هەزارمێرد، چونکە ئەندەرپاس ناگونجێت لەو شوێنە و بەم زووانە دەست دەکریت بە کارکردن تیایدا.
٢. شەقامەکە نزیکەى (٣٤) کیلۆمەتر چینی کۆتایی (Subgrade) دادەنرێت و بەشێکی زۆرى ئامادە کراوە بۆ
چینی (Subbase) و دەست کراوە بە فەرشکردنی چینی (Sub base) لە ڕێکەوتی ٩/٨/٢٠٢١ و نزیکەى (١٥ کیلۆمەتر)ی لە نێوان یەکتربڕەکان فەرش کراوە.

سوودەکانی پرۆژەکە:
١. بە تەواوبوونی پڕۆژەکە، ئاماژەیە بە پەرەپێدان و پێشکەوتنی شاری سلێمانی و پێدانی سیمایەکی جوان بە شارەکە و بووژاندنەوەی ئەو ناوچانەی کە شەقامەکە پێیدا دەڕوات.
٢. کەمکردنەوەی ماوەی هاتوچۆ و پاراستنی ژینگە بە کەمکردنەوەی سووتانی بەنزین و پێشخستنى ناوچەکە لە رووى گەشتیارییەوە.
٣. هەر کەسێک بیهەوێت بە ئۆتۆمبێل لە باشوری سلێمانی بڕوات بۆ باکوور یان باکووری ڕۆژهەڵات واتە (پێنجوێن، کەلار) بۆ (کەرکوک، هەولێر، دەڤەری ڕاپەڕین) یان بە پێچەوانەوە، دەتوانێت ئەم ڕێگایە بە کار بهێنێت. واتە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی قەرەباڵغی لەسەر بەشێک لە شەقامی (مەلیک مەحموود، تاسڵووجە ـ سلێمانی) و (سلێمانی ـ عەربەت).

شایەنى باسە ئێستا پرۆژەکە بەردەوامە لە کارکردن و کار لە بڕگەی برین و پرکردنەوە و پرد و یەکتربڕ و تێکەڵەکردن دەکرێت، زیاد لە ٢٠٠٠ هەلی کاری راستەوخۆ و ناراستەوخۆ ڕەخساندووە.


فەرمانگەى میدیاو زانیارى