Skip to the content

پێوەرى زیرەک بەفیرۆچوونی کارەباى ١٤% کەم کردووەتەوە

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD)- لە ساڵى ٢٠٠٨ دەست کرا بە بەستانى پێوەرى زیرەک بۆ هاوبەشانى کارەبا و تا ئێستا ٩٠% هاوبەشانى هەرێمى کوردستان ئەم پێوەرەیان بۆ بەستراوە کە دەکاتەملیۆنێک و ٤٥٠ هەزار هاوبەش بەمەش کارەباى بەفیرۆچوو لە ٤٥% کەم بووەتەوە بۆ ٣١% و خەرجی چاککردنەوە و نەسووتانی گۆڕەر و لینك فیوز و قاطع و هەموو پێكهاتەكانی تری تۆری كارەبا بۆ نزیكەی نیوە کەمى کردووە و بارزۆری (Over Load)ی سەر فیدەركان و گۆڕەركان دابەزینێکى گەورەى بەخۆیەوە بینیوە.
بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠٢٠ گۆڕەری سووتاو ١٣٩٣ دانە بووە، کەچى بە پێى دوایین ئامارى ساڵی ٢٠٢١ى زایینى، ٦٤٣ گۆڕەر سوتاوە.

سودەکانى پێوەرى زیرەک:
١. نەهێشتنی خوێندنەوەی پێوەری ماڵان بە دەست كە زۆر لەسەرخۆ و كەموكورتی و كێشەی تیدایە كە پێشتر ٦٠ رۆژ جارێك بوو و بە ناتەواوى دەکرا، بەڵام بەم سیستەمە تەنها بەچەند چركەیەك دەخوێندرێتەوە.
٢. چاودێری تەواوی سیستەمی كارەبا بە شێوەى ڕاستەوخۆ.
٣. بەدەستهێنانی زانیاری بار (Load) و سەرفبوونی كارەبا بە شێوەى ڕاستەوخۆ بۆ پاراستنی بەڵانسی بەرهەمهێنان و نەهێشتنی بەفیرۆچوونی كارەبا لەكاتی زیادە و نەهێشتنی بڕانی كارەبا لە كاتی كورتهێنانی بەرهەمهێنان.
٤. دەتوانرێت بەكارهێنانی كارەبا بە ڕۆژ و وەرز كۆنتڕۆڵ بکرێت.
٥. دەتوانرێت بزانرێت تا چەند وێستگەكانی بەرهەمهێنان پێویستن بۆ كەمكردنەوەی سەرفبوونی پارەیەكی زۆر لە بنیاتنانی ویستگەو و كەمكردنەوەی بەكارهێنانی سووتەمەنی كە بەمەش پارەیەكی زۆر بۆ حكومەت دەگەڕێتەوە و هەروەها زیانەكانی سەر ژینگەش كەم دەبێتەوە.

 

فەرمانگەى میدیاو زانیارى

٢٩ى ئابى ٢٠٢٢