دوو بنکەی تەندروستی لە هەولێر دروستدەکرێن
![](/media/7039/untitled-wwww.jpg?center=0.49367088607594939,0.49367088607594939&mode=crop&width=1200&height=630&rnd=133433190230000000)
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- گرنگیدان بە کەرتی تەندروستی و دروستکردنی بنکە و نەخۆشخانە بەمەبەستی دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی خۆڕایی بۆ نەخۆشان، یەکێکە لە هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لەو چوارچێوەیەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو بنکەی تەندروستی لە گەڕەکەکانی سێبەردان و فەرمانبەرانی هەولێر دروست دەکات، کە سەرجەم خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانیان بەخۆرایی و بێبەرانبەر دەبن.
سامان سەلمان، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، سەبارەت بە گوژمەی تەرخانکراوی پرۆژەکان، بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند:''گوژمەی دروستکردنی بنکە تەندروستییەکان، ملیارێک و ٣١٩ ملیۆن و ٩٤٠ هەزار دینارە و لەماوەی ٣٨٠ ڕۆژدا تەواو دەکرێن.''
ڕووبەری بنکەی تەندروستیی فەرمانبەران، ٥٠٠٠ مەترە و پێکدێت لە هۆڵی چارەسەرکردن، ژووری تیشک، تاقیگە و دەرمانخانە، هەروەها ڕووبەری بنکەی تەندروستیی سێبەردان چوار هەزار و ٢٣٧ مەترە و لە هۆڵی چارەسەرکردن، ژووری تیشک، تاقیگە، دەرمانخانە پێکدێت.
کارزان نیعمەت، بەڕێوەبەری ئەندازەی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، لەبارەی پێکهاتەی بنکەکانەوە، بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند:''هەردوو بنکەکە لە جۆری (B)ـین و بەشێکی زۆری پێداویستییە پزیشکییەکانیان تێدا بەردەست دەبن.''
ئەم دوو بنکە تەندروستییە سوودی بۆ نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەسی دانیشتووی گەرەکەکانی فەرمانبەران و سێبەردان دەبێت و لۆدی سەر نەخۆشخانەکانی ناوچەکەش کەمدەکاتەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٧ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢