شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی سێشەممە رێکەوتی ١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ د.عەبدولەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەیەکدا گفتوگۆ لە بارەی ئەو دیدار و گفتوگۆیانە کرا کە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە بەغدا ئەنجامی داون بۆ گەیشتن بە رێکەوتنێک لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی لەبارەی جێگیر کردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢٣ی عێراق و کێشە هەڵپەسێردراوەکانی دیکەی نێوان هەولێر و بەغدا.
سەرۆککۆماری عێراق جەختی لەسەر پابەندبوون بە دەستوور وەک بنەمایەکی سەرەکی لە کۆبوونەوەکان کردەوە بۆ گەیشتن بە ڕێکەوتنێک کە لە بەرژەوەندی تەواوی خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان دا بێت.
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاس پشتیوانی و هەوڵە بەردەوامەکانی سەرۆکۆماریان کرد لە پێناو گەیشتن بە رێکەوتن لە نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ چارەسەر کردنی کۆی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی دەیدات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢