Skip to the content

فەرمانگەی میدیا و زانیاری خەڵاتی ساڵی بەخشییە ڕاگەیاندنە سەرکەوتووەکانی دامودەزگاکانی حکومەت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنجشەممە، رێکەوتی ١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێوڕەسمێکدا خەڵاتی ساڵی بەخشییە تیمی ڕاگەیاندنی وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

لەو ڕێوڕەسمەدا خەڵات بە هەشت ڕاگەیاندنی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەخشرا، ئەوانیش ڕاگەیاندی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بوون. هەروەها سوپاس و پێزانین بەخشرایە ڕاگەیاندنی وەزارەتی کارەبا، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، وەزارەتی پەروەردە، دەزگای گشتیی کاروباری مین و فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان  دەیەوێت زیاتر هانی ڕاگەیاندنی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بدات و لە پاڵپشتیکردنی تیمەکانی ڕاگەیاندنی دامەزراوەکانیش بەردەوام دەبێت، تاکوو بتوانن بە باشترین شێوە و بەشێوەیەکی پیشەییانە کارەکانیان بکەن.

ئاسۆ حاجی، یاریدەرەی سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، ئاماژەی بەوەدا "خەڵاتی ساڵ یەكێكە لە پڕۆژەكانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، كە ئامانج لێی زیاتر هاندانی دامەزراوە حكومییەكانە لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی و بەشی ڕاگەیاندنەكانیان، تا هاوبەش و هاوكار و هەماهەنگ بن لە بەهێزكردنی گوتاری میدیایی حكومەتی هەریمی كوردستان، بۆ ئەوەی هەواڵ و داتا و زانیارییەكان بە باشترین و ئاسانترین و ڕوونترین شێوە بگاتە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان."

ئاسۆ حاجی گوتیشی: ''ئێستا گوتاری میدیایی ڕۆڵێكی كاریگەر و كارای لە هەموو دونیادا هەیە و لە هەرێمی كوردستانیش بەتایبەتی كە میدیای جیاواز هەیە، بە پێناسە و ناونیشانی جیاواز ئەو گوتارە گرنگ بووە، بۆیە پێویستە میدیای حكومی میدیایەكی بەهێزبێت و گوتارێكی بەهێزی هەبێت، بۆئەوەی ڕاستییەكان بە باشترین و ئاسانترین شێوە بگاتە هاوڵاتییان.''

یاریدەدری سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژ بەوەش دەکات "یەكێك لە ئەركەكانی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، هاوكاری و هەماهەنگیكردنە لەگەڵ ڕاگەیاندنی دامەزراوەكانی حكومەت، ئەمەش بە شێوازی جیاواز و لەچەند ساڵی ڕابردووشدا بەردەوام بووە و پلانیشمان هەیە لە ساڵی ئایندەدا ئەو هەماهەنگی و هاوكارییە بە مەبەستی هەوڵدان بۆ زیاتر وردكردنەوەی گوتاری میدیای حكومەت و بەرەوپێشبردنی، فراوانتر بكەین. هەروەها هەندێك ڕێگا و شوێن و میكانزمی جیاواز بگرینەبەر بۆ ئەوەی ئەو هاوكاری و هەماهەنگییە زیاترببێت."

دابەشکردنی خەڵاتی ساڵ و کێبڕکێ، بەرەوپێشبردنی کارەکان و گڕوتینێکی زیاتر بە تیمی ڕاگەیاندنی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبەخشێت، بۆ باشتر ڕاپەڕاندنی کارەکان

لێزمە فوئاد، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەزگای گشتیی کاروباری مین دەڵێت: ''ئه‌م خەڵاتە‌ وا ده‌كات بۆ ساڵی داهاتوو زیاتر ڕۆحی كێبڕكێ دروستبێت، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانرێت به‌ جوانترین شیوه‌ په‌یامی حكومه‌ت به‌ هاووڵاتیان بگەیەنین.''

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندی دەزگای گشتیی کاروباری مین گوتیشی :''ئێمه‌ وه‌ك ده‌زگا‌ی مین زۆر پێخۆشحاڵ بووین كه‌ ڕێز و سوپاسمان له‌لایه‌ن فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیارییه‌وه وەرگرت،‌ به‌و توانا بەردەستە‌ كه‌مه‌ی كه‌ له‌ ده‌زگه‌كه‌مان هه‌یه‌، به‌ڵام زۆر به‌رزی ده‌نرخێنین.''

عەباس ئەکرەم، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ڕایگەیاند:'' خەڵاتی ساڵ هاندەرێکی زۆر باش دەبێت، بۆ ئەوەی بتوانین بە گڕوتینێکی زیاتر و لە هەمان کاتیشدا کێبڕکێیەکی باش لەنێوان ڕاگەیاندنەکان دروستببێت، بۆ ئەوەی هەمووان بەیەکەوە بتوانین پێشبڕکێ بۆ بڵاوکردنەوەی کار و چالاکی و پڕۆژەکانی وەزارەت لە سێکتەر و بوارە جیاوازەکان بکەین و بتوانرێت کاری ئەم وەزارەتانە بە باشی بگات بە سەرجەم چین و توێژەکان.''

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی گوتیشی: ''ئەم دەستپێشخەرییەی فەرمانگەی میدیا و زانیاری کە یەکەمجارە لە هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکرێت، جێگەی دەستخۆشییە و هاندانێکی زۆر باشە بۆ دروستکردنی کێبڕکێ لە نێوان خودی ڕاگەیاندنەکانی وەزارەتەکان، بۆ ئەوەی بتوانین باشترین خزمەت لەڕووی ڕاگەیاندنەوە هەم پێشکەش بە کۆمەڵگا بکەین و هەمیش بتوانین لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاندنێکی پێشکەوتوو و کارامان هەبێت لە سەرجەم بوارەکاندا.''

شیاوی باسە، هەنگاوەکانی پاڵپشتیکردنی ڕاگەیاندنە حکومییەکان لەلایەن فەرمانگەی میدیا و زانیارییەوە بەردەوام دەبن، ئەمەش وەک بەشێک، لە سیاسەتی پەیڕەوکردنی شەفافییەت و پێدانی زانیاریی ورد و درووست بە خەڵکی هەرێمی کوردستان.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

١٥ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢