Skip to the content

بە بۆنەی رۆژی ئاڵای کوردستانەوە، وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن چەند پولێکی پۆستە دیزاین دەکات

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD) - هەموو ساڵێک هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان لە رۆژی ١٧ی کانوونی یەکەمدا رۆژی ئاڵای کوردستان وەکو سیمبولێکی نەتەوەیی بەرز رادەگرن و لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش چەندین چالاکی لەو چوارچێوەیەدا ئەنجام دەدرێت.

بۆ ئەمساڵەش بەهۆی ئەوەی لەو رێکەوتەدا لە دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پشوو بوو، ئەو چالاکیانە تەنیا لە قوتابخانەکان ئەنجام دران، بەڵام وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەو بۆنەیەوە پێنج پولی پۆستەی بە چەند وێنەیەکی جیاواز دیزایین کرد.

دوای ئەوەی لەساڵی ٢٠٠٩دا پەرلەمانی كوردستان، ڕۆژی 17ی كانوونی یەكەمی‌ وەکو ڕۆژی‌ ئاڵای‌ كوردستان لەسەرجەم شارو شارۆچكەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان دیاری کرد، خەڵکی هەرێمی کوردستان هەموو ساڵێک لەو رێکەوتەدا یادی ئاڵای کوردستان بەرز رادەگرن.

ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستان لە ساڵی ١٩٩٢ی زایینی، بڕیاڕیدا ئەو ئاڵایەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەڵکراوە وەکو ئاڵای فەرمی و نیشانە و هێمای پێکهاتەی ''حکومەتی هەریمی کوردستان'' دیاری کرد و بڕیاری دا کە لەسەر هەموو دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵبکرێت.

پاشان لە ساڵی ١٩٩٩و دوای ئەوەی پرۆژە یاسای ئاڵای کوردستان، لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە رەوانەی ئەنجومەنی نیشتمانیی کوردستان کرا، لە رۆژی ١١ی تشرینی دووەمی هەمان ساڵ، ئەنجومەنی نیشتمانی کوردستانی عێراق، بە یاسای ژمارە ١٤''یاسای ئاڵای کوردستان''ی پەسندکرد.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٧ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢