Skip to the content

دوو بنکەی تەندروستی لە هەولێر دروستدەکرێن

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- گرنگیدان بە کەرتی تەندروستی و دروستکردنی بنکە و نەخۆشخانە بەمەبەستی دابینکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی خۆڕایی بۆ نەخۆشان، یەکێکە لە هەنگاوەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لەو چوارچێوەیەدا حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو بنکەی تەندروستی لە گەڕەکەکانی سێبەردان و فەرمانبەرانی هەولێر دروست دەکات، کە سەرجەم خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانیان بەخۆرایی و بێبەرانبەر دەبن.

سامان سەلمان، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، سەبارەت بە گوژمەی تەرخانکراوی پرۆژەکان، بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند:''گوژمەی دروستکردنی بنکە تەندروستییەکان، ملیارێک و ٣١٩ ملیۆن و ٩٤٠ هەزار دینارە و لەماوەی ٣٨٠ ڕۆژدا تەواو دەکرێن.''

ڕووبەری بنکەی تەندروستیی فەرمانبەران، ٥٠٠٠ مەترە و پێکدێت لە هۆڵی چارەسەرکردن، ژووری تیشک، تاقیگە و دەرمانخانە، هەروەها ڕووبەری بنکەی تەندروستیی سێبەردان چوار هەزار و ٢٣٧ مەترە و لە هۆڵی چارەسەرکردن، ژووری تیشک، تاقیگە، دەرمانخانە پێکدێت.

کارزان نیعمەت، بەڕێوەبەری ئەندازەی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، لەبارەی پێکهاتەی بنکەکانەوە، بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند:''هەردوو بنکەکە لە جۆری (B)ـین و بەشێکی زۆری پێداویستییە پزیشکییەکانیان تێدا بەردەست دەبن.''

ئەم دوو بنکە تەندروستییە سوودی بۆ نزیکەی ٢٠٠ هەزار کەسی دانیشتووی گەرەکەکانی فەرمانبەران و سێبەردان دەبێت و لۆدی سەر نەخۆشخانەکانی ناوچەکەش کەمدەکاتەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٧ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢