Skip to the content

لە هەرێمی کوردستان دوو پرۆژەی جیاکردنەوەی خاشاک و پرۆژەیەکی بەرهەمهێنانی وزە لە خۆڵ و خاشاک هەیە

هەولێر، هەرێمى کوردستان (GOV.KRD)- حکومەتی هەرێمی کوردستان مانگانە نزیکەی ١٠ ملیار دینار بۆ کۆکردنەوە و گواستنەوە و داپۆشینی زیاتر لە  ٦ هەزار تۆن زبڵ و خاشاکی رۆژانە لە هەرێمی کوردستان خەرج دەکات.

ئاراس فوئاد سابر، بەڕێوەبەری ژینگەپارێزی و چارەسەری خۆڵ و خاشاك لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بە پێگەی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند، قەبارەی خاشاکی کۆکراوە بە پێی وەرزەکان دەگۆڕێت، بەگشتی ٦هەزار بۆ ٦هەزار و ٥٠٠ تۆن لە رۆژێک دایە.

پرۆسەی کۆکردنەوە و گواستنەوەی خاشاک و خاوێنکردنەوە بە پێی تایبەتمەندیی شوێنەکان دەگۆڕدرێت. لە شوێنی نیشتەجێبوون رۆژێک نا رۆژێک کۆ دەکرێتەوە و لە بازاڕ و شوێنە بازرگانییەکان رۆژانە کۆ دەکرێتەوە و لە گوندەکانیش هەفتانە جارێک یان دوو جار.

بەڕێوەبەری ژینگەپارێزی و چارەسەری خۆڵ و خاشاك دەشڵێت: ''خەرجیی مانگانەی کۆکردنەوە و گواستنەوە و داپۆشینی زبڵ و خاشاک لە هەرێمی کوردستان دەگاتە ٩ ملیار و ٩٥٢ هەزار و ٧٥٥ دینار و ٣٢ گرێبەست بۆ خزمەتگوزارییەکانی کۆکردنەوە و گواستنەوە و داپۆشینی خاشاک و خاوێنکردنەوە لە هەرێمی کوردستان واژوو کراون.

لە هەرێمی کوردستان، لە زۆربەی شارەکان زبڵ و خاشاک تەنیا داپۆشینی بۆ دەکرێت، بەڵام دوو پرۆژەی جیاکردنەوەی خاشاک لە سنووری پارێزگای دهۆک و سنووری قەزای ئامێدی هەن. لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانیش پڕۆژەیەکی گۆڕینی خۆڵ و خاشاک بۆ وزەی بەدیل (Refuse-Derived Fuel) هەیە.

ئاراس فوئاد، داوا دەکات لە رێگەی ئەنجامدانی هۆشیارکردنەوەی هاووڵاتیان لە ریگەی قوتابخانە، میدیا و رێکخراوە مەدەنییەکان بە ئاراستەی کەمکردنەوەی قەبارەی خاشاکی بەرهەمهاتوو.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

١٩ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢