Skip to the content

لە هەولێر دەست بە دروستكردنى ٦ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنشینان دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان(GOV.KRD)- ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر رۆژی چوارشەم ٢١ کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی بەرپرسە ئیدارییەکانی پارێزگاکەی بۆ دروستکردنی شەش هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێنشینان و كەمدەرامەتان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر پرسی دابینکردنى زەوی و وردەکاریی تەکنیکی و دیزاین و چۆنییەتى دروستکردن و دەستپێکردنى پرۆژەکە لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانى و به‌رێوه‌به‌رایەتیی نه‌خشه‌دانان و ئاوه‌دانی هه‌ولێر.

پارێزگاری هەولێر، بە ئاماژەپێدان بە فەرمانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ دروستکردنی ٢٠ هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێنشینان و كەمدەرامەتان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان، رایگەیاند لە ڕێگەی باشترین وەبەرهێنەرانی کوردستان بە بەرزترین کوالێتى و جوانترین شێواز، لە دوو شوێنى زۆر باشى هەولێر لە نێوان شەقامى ١٢٠ مەترى و ١٥٠ مەترىی، دەست بە دروستکردنى ئەو شەش هەزار یەکەیە دەکرێت، کە بۆ هەولێر دانراوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، لیژنەیەکى تایبەت بۆ دەستکردن بە پرۆسەی هەڵاواردن و جیاكردنەوەی ناوى ئەو ٥٩ هەزار هاووڵاتییەی لە سنووری هەولێر پێکهێنرا، کە فۆڕمى داواکاریی وەرگرتنى یەکەکانیان پڕ کردووەتەوە. پاشان لە پرۆسەیەکی شەفاف و دادپەروەرانەدا بە شێوازی تیروپشک داواکارانی دەرچوو بۆ وەرگرتنى شەش هەزار یەکەى نیشتەجێبوون دیاری دەکرێن و دەرچووان دەبێت ١٠٠% شایستە بن و هەموو ئەو مەرجانەى کە دانراون، بیانگرێتەوە.