Skip to the content

له‌ ڕێگه‌ی پڕۆژه‌یه‌كه‌وه‌ له‌ شاری هه‌ولێر،‌ ڕۆژانه 350 هەزار هێلکە بەرهەم دەھێندرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- یه‌كێك له‌ كاره‌ له‌ پێشینه‌كانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بریتیی بووه‌ له‌ گرنگیدان به‌ سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كانی ئابووری، تا له‌ ڕێگه‌یه‌وه‌ هه‌م حكومه‌ت و هه‌م هه‌رێمی كوردستانیش بتوانێت سوود له‌ ته‌واوی ئه‌و سه‌رچاوانه‌ وه‌ربگرێت كه‌ ده‌بێته‌ هۆی بووژانه‌وه‌ی ئابووری كوردستان و هه‌روه‌ها ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاو و هاندانی وەبەرهێنەران بۆ بەگەڕخستنی سەرمایەکانیان له‌ هەرێمی کوردستان، وه‌ بنه‌مایه‌كیش ده‌بێت بۆ هه‌مه‌چه‌شنكردنی ئابووری هه‌رێم و پشت نه‌به‌ستن به‌ ته‌نها سه‌رچاوه‌یه‌كی دیاریكراو كه‌ ئه‌مه‌ش له‌ ده‌ره‌نجدامدا كاریگه‌ریی ده‌بێت له‌سه‌ر ژێرخانی ئابووری كوردستان .
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پاڵپشتیی ته‌واوی وه‌به‌رهێنه‌ره‌كانی كردووه‌ تاكو پڕۆژه‌كانیان له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌گه‌ڕبخه‌ن، یه‌كێك له‌و پڕۆژانه‌ش، پڕۆژه‌یه‌كی په‌له‌وه‌رییه‌ بۆ بەرهەمهێنانی هێلکەی خواردن، كه‌ ده‌كه‌وێته‌ پارێزگای هه‌ولێر و به‌ گەورەترین پڕۆژەی پەلەوەریی داده‌نرێت لە هەرێمی کوردستان و عێراق، پڕۆژەکە 800 هەزار مریشکی تێدایه‌ و ڕۆژانە 350 هەزار هێلکە بەرهەم دەھێنێت، ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ له‌ توانایدایه‌40% ی پێویستی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین بكات.
ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ ده‌رفه‌تێكی باشی بۆ هاووڵاتیان ڕه‌خساندووه‌ كه‌ تیایدا زیاتر له‌ 100 كه‌س كاری تێدا ده‌كه‌ن و سەدا 95% ی کرێکارەکان خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانن.


بۆ بینینی ڤیدیۆی ئەم ڕاپۆرتە کلیک لسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە:

https://www.youtube.com/watch?v=5xCUq3YpDag

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری
٢٧ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢