پڕۆسه‌ی دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی لە هەرێمی کوردستان به‌رده‌وامه
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- له چوارچێوه‌ی هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ دابینكردنی نه‌وتی سپی و دابه‌شكردنی به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا، حكومه‌تی هه‌رێم به‌رده‌وامه له دابه‌شكردنی نه‌وت به‌سه‌ر سه‌رجه‌م هاووڵاتیاندا و تاكو ئێستاش نزیکەی ٦٣ ملیۆن لیتری دابین كردووه و پرۆسه‌ی دابه‌شكردنه‌كه‌ش له سنووری هه‌رسێ پارێزگای هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك به‌رده‌وامه و ورده‌كاریی دابینكردن و دابه‌شكردنی نه‌وتی سپی به‌م شێوه‌یه‌ی خواره‌وه‌یه:
پارێزگای هه‌ولێر
پارێزگای هه‌ولێر پێویستیی به (٩٢,٣٤٥,٤٠٠) لیتر هه‌یه، به‌ڵام تا ڕێکەوتی ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ بڕی (٢٥,٧١٤,٨١٩) لیتر دابین کراوە و له‌و بڕه‌ش (٢٣,٦٩٠,٨٠٠) لیتر به‌سه‌ر ناوچه شاخاوییه‌كانی (چۆمان، ڕواندوز، سۆران، مێرگه‌سۆر، شه‌قڵاوه، كۆیە) دابه‌شكراوه و هه‌روه‌ها بڕی (١,٥٣٤,٦٠٠) لیتر به‌سه‌ر ده‌ورووبه‌ر (واتە خه‌بات و بنه‌سڵاوه) دابه‌ش كراوه و ( ٦٧,١٢٠,٠٠٠) لیتر ماوه كه پێویسته دابین بكرێت.
پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجە
پارێزگای سلێمانی پێویستیی به (٩١,٧٤٩,٠٠٠) لیتر هه‌یه، تاكو ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، بڕی (١٧,١٧٢,٩٨٥) لیتر دابینکراوە و له‌و بڕه‌ش (٨,٠٤٤,٠٠٠) لیتر به‌سه‌ر ناوچه شاخاوییه‌كانی پێنجوێن، قه‌ڵادزێ، هێرۆ، هه‌ڵشۆ، شارباژێڕ، قه‌ره‌داغ و دوكان دابه‌ش كراوه و ( ٦,٨٢٦,٠٠٠) لیتر له سه‌نته‌ری شار دابه‌شكراوه و (١,٨٥٢,٠٠٠) لیتر له ناوچه شاخاوییه‌كانی هه‌ڵه‌بجەش دابه‌شکراوه .
پارێزگای دهۆك
بڕی پێویست بۆ پارێزگای دهۆک بریتییه له (٥٣,٨٢٩,٦٠٠) لیتر، تاکو ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢، بڕی (١٨,٥٨٥,٠٠٠) لیتر دابیکراوە و له‌و بڕه‌ش (١٣,٣٧٨,٤٠٠) له ناوچه شاخاوییه‌كانی ئامێدی، زاخۆ، ئاكرێ، دهۆك و شێخان دابه‌ش كراوه و له ده‌ورووبه‌ریش واتە (ئاكرێ، سێمێل، به‌رده‌ڕه‌ش و شێخان) بڕی (٦,٥٥٤,٢٠٠) لیتر دابه‌ش كراوه، هه‌روه‌ها بڕی (٣٥,٤٠٥,٠٠٠) لیتر ماوه دابین بكرێت.
بەپێی خشتەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هه‌ر خێزانێك ٢٠٠ لیتری پێ ده‌درێت به نرخی ٥٥ هه‌زار دینار و کە ئەو بڕە نەوتەش لەلایەن حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانەوە دابین دەکرێت و نه‌وته‌كه‌ش له به‌رزترین ئاستی كواڵێتیدایه.
فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری
١١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢