کەشناسی: پێشبینیی بارانبارینی بەخوڕ ناکرێت
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- پێشبینیی دەكرێت لە ڕۆژانی ئاییندهدا، هەرێمی كوردستان بكەوێتە ژێر كاریگەریی بارستە هەوایەكی سارد و پلەکانی گەرما بکەوێتە ژێر سفرەوە، هاوکات کەشناسیی هەرێمی کوردستان دەڵێت؛ ئەگەر بارانبارین بەم شێوەیە بەردەوام بێت، هەرێمی کوردستان بۆ ئەمساڵ مەترسیی وشکەساڵی تێدەپەڕێنێت.
فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی لە هەرێمی کوردستان بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاند، تاوەکو ڕۆژی شەممەی داهاتوو هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەری بارستە هەوای سیبریی و پلەکانی گەرما لە هەندێك ناوچە دەگاتە ژێر سفر پلەی سیلیزی.
فازڵ ئیبراهیم، هۆشداری دەدات و دەڵێت، پێشبینی دەکرێت لە ڕۆژانی چوارشەممە، پێنجشەممە و هەینی داهاتوو پلەکانی گەرما لە سەنتەری شاری دهۆک دەگاتە -٣، هەولێر -٢ و سلێمانی -٤ پلەی سیلیزی دەبێت و لە بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکان، پلەکانی گەرما بۆ -١٠ پلەی سیلیزی دادەبەزن.
سەبارەت بە ئەگەری بارانبارینی بەخوڕ و مەترسی دروستبوونی لافاو یان پەنگخواردنەوەی ئاو لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، لە ڕۆژانی داهاتوو لە بەشی زۆری ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە ڕۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممە پێشبینی بەفربارین دەکرێت، بەڵام پێشبینی بارانبارینی بەخوڕ لە هەرێمی کوردستان ناکرێت و بارانبارین ئەگەر هەبێت بە شێوەی ئاسایی دەبێت.
سەبارەت بە ڕێژەی بارانبارین لە هەرێمی کوردستان، فازڵ ئیبراهیم، ئاشکرای دەکات، تاوەکو ئێستا لە پارێزگای هەولێر ١٤١.٣ملم، سلێمانی ١٩٩.٧ ملم، دهۆک٩٣.١ ملم، کەرکووک ٦٥.٦ ملم و هەڵەبجە ٢٢٩.٦ ملم باران باریوە.
لە لایەکی دیکە لە هەمان ماوەی ساڵی رابردووشدا لە هەولێر ٨٢.٦ ملم، سلێمانی٢٣٣ملم، دهۆک ١٠٦.٧ملم، کەرکووک ٤٣.٤ ملم و هەڵەبجە ١٣٢.٣ ملم بارانباری بوو.
بەراوردی ڕیژەی بارانبارین لەسەر ئاستی پارێزگاکان لە نێوان ئەمساڵ و ساڵی ڕابردووش، هەولێر ٥٨.٧ملم، سلێمانی (-٣٣.٣)ملم، دهۆک (-١٣.٦)ملم، کەرکووک ٢٢.٢ ملم و هەڵەبجە ٩٧.٣ ملم بووە.
هاوکات بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەێمی کوردستان لە ساڵی ڕابردوو ریژەی بارانبارین لە هەولێر ١٧٠.٦ملم، سلێمانی ٤٠٨.٥ملم، دهۆک ٢٦٧.٩ ملم، کەرکووک ١٠٣.٢ ملم و هەڵەبجە ٢٥٧.٨ ملم بارانباری بوو.
بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند، ئەگەر بارانبارین و شێوازی دابەشبوونی بارانبارین بەم شێوەی ئێستا بەردەوام بێت ئەوا هەرێمی کوردستان لەمساڵدا مەترسیی وشکەساڵی تێدەپەڕێنێت و ئاستی ئاوی ژێرزەویش بەرز دەبێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی هاووڵاتیان لەو شەپۆڵە سەرماییە چەند رێنماییەک بە هاووڵاتیان دەدات:
• پۆشینی جلوبەرگ، گۆرەوی، كڵاو، دەستەوانەی ئەستوور و لەپێكردنی پێڵاوی شیاو كە لەگەڵ كەشوهەوای داهاتوودا بگونجێت، بە تایبەتیش بۆ منداڵان و بەساڵاچووەكان.
• پێویستە لەسەر سەرجەم شوفێران، بە تایبەتی لە ناوچە شاخاوییەكان، تا بكرێت بۆ كاری زۆر پێویست نەبێت دەرنەچن و ئۆتۆمبێلەكانیان لێ نەخوڕن و ئەگەر ناچاریش بن، ئەوا زنجیر لە تایەكاندا ببەسترێن، بە تایبەتی لەكاتی كەوتنی شەختەدا تا لە خزین و خلیسكان پارێزراو بن.
• تا زووە، پشكنینی بوونی ئاستێكی گونجاوی ماددەی (ئەنتی فریز – دژە بەستان) لەنێو ڕادێتەری ئۆتۆمبێلەكان بكرێت.
•پێش دەرچوونیان لە ماڵەوە بۆ قوتابخانە، منداڵەکان ئامۆژگاری بكرێن كە لە كاتی كەوتنی شەختە بە هیچ شێوەیەك بەسەر ئەو بارستانەدا نەڕۆن و خۆیان لێ بە دوور بگرن، لە ڕۆیشتنیش هەنگاوی خێرا نەهاوێژن و ڕانەكەن لە پێناو سەلامەتیان و دووركەوتنەوەیان لە هەر ڕووداوێكی نەخوازراوی خزین خلیكسان و بەربوونەوە.
• تا بكرێت شلەمەنیی گەرم بخورێتەوە، چونكە پارێزگاریی لە گەرمیی لەش دەكات و بڕی پێویستی یەكەی كایلۆریشی پێ دەبەخشێت، بۆ پاراستنی لەش لە دابەزینی پلەكانی گەرما.
• بە هیچ شێوەیەك نابێ هاووڵاتییان بیر لە ئەنجامدانی گەشت لە كاتی بارینی بەفر بكەنەوە، بە تایبەتیش بۆ ناوچە شاخاوی و تەنانەت زوورگییەكانیش، چونكە گۆڕانی دراماتیكی، خێرا و چاوەڕواننەكراو لەو ناوچانەدا روودەدەن و هیچ دەرفەتێك بە ڕزگاربوون نادات و تەنانەت تیمەكانی فریاكەوتنیش بە سانایی ناگەنە ئەو ناوچە و شوێنە سەخت و دژوارانە.
• برایانی جوتیار و بەخێوكارانی ئاژەڵەكان بە تایبەتی، ئامادەكاریی پێشوەختەیی خۆیان وەربگرن بۆ ئەوەی تا پێیان بكرێت بەروبووم و ئاژەڵەكانیان لە نزمبوونەوەی زۆری پلەكانی گەرما بپارێزن.
• خاوەن نەمامگە و خولیایانی بەخێوكردنی ئاژەڵ و باڵندەكان، پێویستە تا بكرێت دار و درەختە ناسكەكان و قەفەسی گیاندارەكانیان بەشێوەیەكی تەندروست دابپۆشن یان ئەگەر دەكرێت دووریان بخەنەوە لەو شوێنانەی كە كراوەن یان زۆر زوو سارد دەبنەوە تا لە هەڕەشەی بەستانیان بپارێزن.
• بۆ ئەو ماڵانەی كە دەكەونە نێو ناوچە شاخاوییەكان كە بێگومان پلەی گەرمیی زۆر تیایدا نزمتر دەبێتەوە، پێویستە بڕێك ئاوی پاكی خواردنەوە لە ژوورەوە دابنێن كە لانی كەم بۆ ماوەی 2 تا 3 رۆژی خواردنەوە و پێداویستیی سەرەكیی ئەندامانی خێزان دابین بكات تا شەپۆلەكە كۆتایی پێ دێت.
• تیمەكانی تایبەت بە ڕاماڵینی بەفر لە ئامادەباشیدا بن.
• تیمەكانی شاخەوانی لە كاتی چالاكبوونی بەفر بارین بە هیچ شێوەیەک بیر لە ئەنجامدانی گەشتی تایبەتی خۆیان نەكەنەوە ئەگەر بۆ مەودایەكی نزمیش بێت.
فهرمانگهی میدیا و زانیاری
١٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢