Skip to the content

گوتاری د.جوتیار عادل لە رێوڕەسمی راگەیاندنی شانەی ڕاگەیاندن و هۆشیاری وەزارەتی پێشمەرگە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە میانی ڕاگەیاندنی شانەی ڕاگەیاندن و هۆشیاری وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان د.جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری و گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتەیەکی پێشکەش کرد کە ئەمەش دەقەکەیەتی:

پیرۆزبایی له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌كه‌م بۆ ئه‌و هه‌وڵ و پشتگیرییه‌ به‌رده‌وامانه‌ لە بواری كاروباری میدیایی بۆ پڕۆفیشناڵكردنی كاری میدیایی له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ و ده‌زگاكانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌، كه‌ به‌لای ئێمه‌وه‌ ئه‌وه‌ كارێكی له‌ پێشینه‌ی پرۆسه‌ی چاكسازیی بووه‌ و‌ هه‌مان ئه‌و ئامانجه‌یه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێت به‌رده‌وا‌میی پێ بدات.
سوپاسی هاوپه‌یمانان ده‌كه‌م به‌ تایبه‌تی هێزی ئه‌ڵمانیای فیدراڵ كه‌ به‌ به‌رده‌وامیی هاوكاری هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستانیان کردووە بۆ به‌ره‌و پێشبردن و سه‌رخستنی پرۆسه‌ی چاكسازیی.
بێگومان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌ڕێز جه‌نابی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، به‌رده‌وام پاڵپشتی ئازادی ڕاده‌ربرین و ڕاگه‌یاندن بووه‌، به‌ڵام پێویسته‌ ئه‌و ڕاگه‌یاندن و میدیاییانه‌ له‌ پێناو پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان بێت. بۆیه‌ ئێمه‌ به‌به‌رده‌وامیی له‌و چوارچێوه‌یه‌دا هاوكاری میدیاكاره‌كان بووین‌ و‌ به‌رده‌وام ویستمان ئه‌وه‌ بووه‌ كه‌ زانیاری دروست بگاته‌ ڕای گشتیی له‌ ڕێگه‌ی میدیاكانه‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وه‌ پاڵنه‌رێك بوو كه‌ وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پاڵپشتی پرۆسه‌ی چاكسازی به‌ تایبه‌ت دامه‌زراندنی شانه‌ی میدیایی ڕاگه‌یاندن وهۆشیاری له وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بكه‌ین كه‌ ئه‌وه‌ ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌یه‌ و له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كارمان كردووه‌ بۆ وه‌زاره‌تی ناوخۆ به‌ هه‌مان شێوه‌ ئه‌و كاره‌ جێبه‌جێ بكرێت كه‌ له‌ كۆتاییدا سێ ئه‌نجام پێكده‌هێنێت. ئه‌نجامی یه‌كه‌م پاراستنی گیانی پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كان له‌ سه‌نگه‌ره‌كان، چونكه‌ جاری وا هه‌بووه‌ كه‌ ڕووماڵكردنی جه‌نگ له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ دەبووە هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ زانیاریی بدرێته‌ دوژمنه‌كان و سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ به‌ ئامانج بگیرێن. ئامانجی دووه‌م پاراستنی گیانی میدیاكاره‌كانه‌ له‌ كاتی ڕووماڵكردن كه‌ لە رابردوودا چه‌ند میدیاكارێك شه‌هید بوون له‌ پێناو گواستنه‌وه‌ی ڕاستییه‌كان بۆ ڕای گشتیی. سێیه‌میشیان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئێمه‌ له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئامانجمان ئه‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌رچاوه‌ی دروست و زانیاری دروست بۆ ڕای گشتی و ئاژانسه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ناوخۆییه‌كان بگوازینه‌وه‌ وه‌كو خۆی.
بێگومان هەمووان ئاگادارن كه‌ میدیا و ڕاگه‌یاندن له‌ كاتی جه‌نگدا جیاوازه‌ له‌وه‌ی له‌كاتی ئاشتی هه‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌و كاره‌ی كه‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ كردوویه‌تی به‌ڕاستی جێگه‌ی ده‌ستخۆشییه‌ و به‌رزی ده‌نرخێنین.‌ ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین له‌ پاڵپشتیكردنیان بۆ سه‌رخستنی پڕۆژه‌كه‌ و جێبه‌جێكردنی ئه‌و پلانه‌ی بۆ پڕۆفیشناڵكردنی ڕاگه‌یاندن هه‌یه‌، بۆیه‌ وه‌كو حكومه‌ت ده‌ستخۆشیی له‌ وه‌زاره‌ت و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتیی میدیا و هۆشیاری نیشتیمانی ده‌كه‌ین بۆ ئه‌و هه‌نگاوه‌ گه‌ورانه‌ی كه‌ ناویانه‌ و‌ ئومێده‌وارین هه‌مووهێزی پێشمه‌رگه‌ پابه‌ندی ئه‌و پرۆژه‌یه‌ بن.
دووباره‌ سوپاسی هاوپه‌یمانان ده‌كه‌ین بۆ پاڵپشتیكردنی ئه‌و شانه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ بتوانین زیاتر خزمه‌ت به‌ میدیاكاره‌كان و ڕای گشتی بكه‌ین بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌و ڕاستییانه‌ی كه‌ پێویسته‌ بۆ خه‌ڵك بگوازرێنه‌وه‌.

 

ئەمەش لینکى ڤیدیۆیى کۆبونەوەکەیە:

پەیوەندی نێوان میدیا و وەزارەتی پێشمەرگە، بۆ پێدانی زانیاری ڕێکدەخرێتەوە - YouTube