Skip to the content

ئامانج ره‌حیم: له‌ ماوه‌ی سێ ساڵی كابینه‌ی نۆیه‌م، 163 بڕیار له‌ لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌رچووه‌

 هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامانج ره‌حیم، سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران لە گوتارێکدا باس لە گرنگترین کار و چالاکییەکان دەکات و ئەمەش دەقی گوتەکەیەتی:

ئەنجومەنی وەزیران دەسەڵاتی باڵای جێبەجێکردنە لە هەرێم کە لە سەرۆک و جێگر و وەزیرەکان پێکدێت کە بەرپرسە لە دانانی سیاسەتی گشتیی هەرێم و سەرپەرشتی جێبەجێکردنی یاساکان و ئامادەکردن و پەسەندکردنی پڕۆژە یاساکان و ڕەوانەکردنیان بۆ پەرلەمانی کوردستان، سه‌ره‌ڕای دەرکردنی پەیڕەو و ڕێنمایی ئاسانکاریی جێبەجێکردنی یاساکان و بەدواداچوونی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌ن.

به‌نده‌ وه‌ك سكرتێری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌ ئۆفیسه‌كه‌م به‌رپرسیار بووین له‌ ڕێکخستنی کارنامە و کۆنووسی کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیران، هه‌روه‌ها داڕشتنی بڕیارەکان و بەدواداچوونی جێبەجێکردنیان.

‎له‌ سێ ساڵی ڕابردووی ته‌مه‌نی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان (٨٦) کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیران ئەنجامدراوە، له‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ (١٦٣) بڕیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران دەرچوون. ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌ بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران له‌م كابینه‌یه‌دا به‌ كۆی ده‌نگی ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بوو. ئه‌مه‌ش نیشانه‌یه‌كی باشه‌ كه‌ لێكتێگه‌یشتنی باش هه‌بووه‌ له‌ نێوان فراكسیۆنه‌ جیاجیاكانی پێكهاته‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

‎یه‌كێكی تر له‌ كاره‌كانی سكرتارییه‌تی ئەنجومەنی وەزیران كه‌ (٢٤) پڕۆژە یاسای پەسەندکردووە، وه‌ هه‌روه‌ها (١٥) پەیڕەوی دەرکردووە کە ئه‌مانه‌ هه‌موو ئه‌رك و چالاكی سكرتارییه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بوو.  زۆربه‌ی زۆری ئه‌م یاسا و پەیڕەوانە په‌یوه‌ندیدار بوون به‌ پلانی چاكسازی له‌ هه‌رێمی كوردستان، گرنگترین ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایانه‌ش كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران په‌سند كرا یاسای چاکسازی ژمارە (٢)ـی ساڵی ٢٠٢٠ كه‌ تایبەته‌ بە چاکسازیی لە مووچە و دەرماڵە و خانەنشینی و ئیمتیازه‌كان. هه‌ر بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م یاسایه‌ (٥) دانه پەیڕەو بۆ ئاسانکاریی جێبەجێکردنی یاساكه‌ ده‌رچووه‌ كه‌ ئه‌مانه‌ هه‌موو ئه‌چنه‌ چوارچێوه‌ی پلانی چاكسازی كابینه‌كه‌. یه‌كێك  له‌ په‌یڕه‌وه‌كان: په‌یڕه‌وی دروستكردنی سندووقی خانه‌نشینی بوو كه‌ بۆ یه‌كه‌م جار له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌م كابینه‌یه‌ سندووقێك دامه‌زرا به‌ ناوی سندووقی خانه‌نشینی بۆ گلدانه‌وه‌ی ئه‌و لێبڕینه‌ی كه‌ مانگانه‌ له‌ مووچه‌ی مووچه‌خۆراكی هه‌رێمی كوردستان گلده‌درێته‌وانێ بۆ دابینكردنی مووچه‌ی خانه‌نشینیان. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه‌ پەیڕەوێك ده‌رچوو بۆ جێبەجێكردنی خودی یاساكه‌ یاسای چاكسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان.

بۆ یه‌كه‌م جاریش له‌م كابینه‌یه‌ په‌یڕه‌وێك ده‌رچوو له‌ چوارچێوه‌ی یاسای چاكسازی بۆ ده‌ستنیشانكردنی مه‌رجه‌كانی دامه‌زراندن له‌ پله‌ی باڵا و له‌ پله‌ی تایبه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان، جگه‌ له‌وه‌ی بۆ جارێكی تر ئیمتیازه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ زیندانیانی سیاسی هه‌روه‌ها ئیمتیازاته‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان جارێكیكه‌ له‌ چوارچێوه‌ی په‌یڕه‌و ڕیكخرایه‌وه‌.

ده‌ركردنی ئه‌م په‌یڕه‌وانه‌ ئه‌رك و چالاكی سكرتارییه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بوو هه‌مووان ده‌چێته‌وه‌ ناو چوارچێوه‌ی پلانی چاكسازی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. هه‌ر له‌و بڕیاره‌ گرنگانه‌ی له‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ده‌رچوو، ئه‌ویش بۆ یه‌كه‌م جار په‌یڕه‌وێك ده‌رچوو بۆ ڕێكخستنه‌وه‌ی ئه‌و پڕۆژه‌ هاوبه‌شانه‌ی كه‌ له‌ نێوان كه‌رتی گشتی و كه‌رتی تایبه‌ت ده‌كرێن. به‌ جۆرێك كه‌ تێیدا ڕه‌چاوی كێبڕكێی بكرێ له‌ نێوان كه‌رتی تایبه‌ت و كه‌رتی گشتیدا، له‌ هه‌مان كاتیشدا ده‌رفه‌تی یه‌كسان بڕه‌خسێندرێت وه‌ به‌ جۆرێك بێت كه‌ ئه‌م پڕۆژانه‌ بكه‌ونه‌ خزمه‌تی بودجه‌ی گشتی و خه‌زێنه‌ی گشتی هه‌روه‌ها بۆ باشتركردنی پێشكه‌شكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌ هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان.

په‌یڕه‌وێكی تری گرنگ كه‌ له‌م سێ ساڵه‌ی ئه‌م كابینه‌یه‌ ده‌رچوو، پەیڕەوی ڕێكخستنه‌وه‌ی پێدانی مۆڵەتی خوێندن بوو به‌و به‌ڕێزانه‌ی ده‌یانه‌وێ یاخود خوازیارن و فه‌رمانبه‌رن ده‌یانه‌وێ له‌ ناو هه‌رێمی كوردستان یان له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامی بده‌ن به‌ ته‌واوكردنی قۆناغه‌كانی تری خوێندن.

خاڵێكی كه‌ زۆر گرنگه‌ به‌ ڕاستی كه‌ بووه‌ته‌ هۆی پاره‌یه‌كی باش بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ حكومه‌تی هه‌رێمكی كوردستان وه‌ له‌ هه‌مان كاتیشدا ئه‌م بواره‌ ڕێكبخرێته‌وه‌ ئه‌ویش ڕێكخستنه‌وه‌ی بواری پاسه‌وانییه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان، كه‌ ئه‌ویش له‌ چوارچێوه‌ی یاسای چاكسازی بوو.

‎ سه‌ره‌ڕای ئه‌م ئه‌ركانه‌ی سكرتارییه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بەندە سەرپەرشتیی پڕۆژەیەکی گرنگی تایبەت بە وردبینی و پێداچوونەوەی کەرتی نەوت و گازی کردووە له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ له‌ 1/1/ 2017ـوه‌ ده‌ستی پێكردووه‌ بریتی بووه‌ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕاپۆرتی تایبه‌ت به‌ وردبینی و پێداچوونه‌وه‌ی به‌رهه‌مهێنان هه‌تا هەناردەکردن و فرۆشتن و خەرجیی کۆمپانیاکان و پابەندییە داراییەکان و ئه‌و بڕه‌ پارانه‌ی كه‌ گوێزراوه‌ته‌وه‌ بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری بۆ دابینكردنی مووچه‌ له‌ داهاتی نه‌وت، وه‌ له‌ ده‌رئه‌نجامی ئه‌م پڕۆژه‌یه‌ تا ئێستا (٦٣) ڕاپۆرتی مانگانە له‌ سێ ساڵی ڕابردوو لەسەر کەرتی نەوت و گاز بۆڕایگشتی و هاووڵاتیان و ته‌نانه‌ت بۆ حكومه‌تی عێراقی و بۆ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیش بڵاوکراوه‌تەوە و له‌ كۆبوونه‌وه‌ی پێشووی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیش بڕیار درا كه‌ ئه‌م پڕۆژه‌یه به‌رده‌وام بێت و هه‌روه‌ها بره‌وی پێ بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ داهاته‌ غه‌یره‌ نه‌وتییه‌كانیش بگرێته‌وه‌. ‌

له‌ كۆتاییدا ئه‌مه‌وێ باس له‌ پڕۆژه‌یه‌كی تری گرنگ بكه‌م كه‌ سكرتارییه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران سه‌رپه‌رشتی ئه‌كات ئه‌ویش مه‌سه‌له‌ی دامه‌زراندن و سه‌رپه‌رشتیكردنی ئۆفیسی تایبه‌ت به‌ كۆكردنه‌وه‌ی زانیاری و دۆكۆمێته‌ له‌سه‌ر قه‌رز و پایه‌ندییه‌ دارییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان  كه‌ توانرا له‌ چوارچێوه‌ی خشته‌یه‌كدا سه‌رجه‌م قه‌رز و پابه‌ندییه‌ داراییه‌كانی ساڵانی ڕابردووی هه‌رێمی كوردستان به‌ ڕاپۆرتێك هه‌م پێشكه‌ش به‌ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بكرێ و هه‌م پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مانی كوردستان و دیوانی چاودێری دارایی هه‌رێمی كوردستان و ته‌نانه‌ت دامه‌زراوه‌ فیدڕاڵییه‌كانیش بكرێت.

 

بۆ بینینى ڤیدیۆى وتارەکە، کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:

گوتاری سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران بەبۆنەی تێپەڕینی سێ ساڵ بەسەر دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم - YouTube

فەرمانگەى میدیاو زانیارى