ساسان عەونی: ٣٩٣ پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە ٣ تریلیۆن دینار، لە گشت سێکتەرەکان جێبەجێدەکرێن
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە گوتارێکدا باس لە گرنگترین کار و چالاکییەکان دەکات و ئەمەش دەقی گوتەکەیەتی:
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، یەکێکە لەو وەزارەتانەی زۆرترین خزمەتگوزاری پێشکەشی هاووڵاتیانی کوردستان دەکات.
لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا، لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، چەندین خزمەتگوزاریی گەورە و پڕۆژەی گەورە، پێشکەشی هاووڵاتیان کراوە. لەوانەش: ئەنجامدانی پڕۆژە گرنگەکانی ڕێگاوبان لە شارە گەورەکان، وەک شەقامی ١٥٠ مەتری لە هەولێر و ١٠٠ مەتری لە سلێمانی و شەقامی بارزان لە دهۆك.
بەگەڕخستنی كارگەی چارەسەری خاشاكی سلێمانی و ئامێدی و كاركردن لەسەر ٤ كارگە لە شارەكانی (هەولێر، چەمچەماڵ، زاخۆ، سەیدسادق) كە كاریگەریی گەورەیان لەسەر پاراستنی تەندروستیی گشتی و ژینگەی كوردستان هەیە.
ڕۆژانە لە ڕێگای ٨١ پڕۆژە و ٥ هەزار و ٧٨٧ بیری ئاوەوە، ٢ ملیۆن و ٦٨٤ هەزار و ٦٠٦ مەتر سێجا، ئاوی پاكی خواردنەوە بەرهەمدەهێنرێت، ئەمە جگە لەوەی لە ڕێگەی پڕۆسەی تەنكەرینەوە، ئاوی پاك دەگەیەنرێتە گوند و ناوچە دوورەدەستەکان.
لەم ماوەیەدا یەک ملیۆن و ١٩ هەزار و ٤ مۆڵەتی خزمەتگوزاریی كردنەوەی هاوبەشی ئاومان داوە بە هاووڵاتییان.
بە گوژمەی نزیكی ٣٨٢ ملیار دینار، كۆمەڵێك خزمەتگوزاریی دیکەمان پێشكەشی هاووڵاتییان کردووە، وەك كڕينى کەرەستەکانى پاككەرەوە بۆ بەرهەمهێنانی ئاو، بەرەنگاربوونەوەی وشكەساڵی و دابینكردنی ئاو بە شێوەی تەنكەرین.
هەزار و١٢٢ پڕۆژەى گەورە و بچووک و مامناوەندمان لەسەر داهاتی فەرمانگەکانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە سەرجەم شار و شارۆچکەکانی کوردستان بە گوژمەی زیاتر لە ٦٨ ملیار دینار جێبەجێ کردوون.
هەروەها ٣٩٣ پڕۆژەی تریشمان بە گوژمەی زیاتر لە ٣ تریلیۆن دینار لە گشت سێكتەرەكان و لە سەرجەم شارەکانی کوردستان لە باری جێبەجێکردندان.
داهاتمان لە ساڵی ٢٠٢١ بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٩، بە ڕێژەی ١٨،٢% زیادکردووە، لە بەرامبەریشدا هەوڵى کەمکردنەوەی خەرجیمان داوە، بۆنموونە لە گرێبەستەکانی کۆکردنەوە و چارەسەری خاشاک، سنوورى كۆكردنەوەی خاشاكمان فراوان کردووە و ژمارەی گرێبەستەكانیشمان لە ٢٨ گرێبەستەوە گەیاندووەتە ٣٢ گرێبەست، بەمەش تێچووی گرێبەستەكانمان لە ١٢ ملیارەوە کەم کردووەتەوە بۆ ٩ ملیار دینار.
سەرەڕای پەتای کۆرۆنا و کەرەنتین و قەیرانەکان، ڕێژەى گەشتیاریمان لە ٣ ملیۆن گەشتیار لە ساڵی ٢٠١٩ بۆ ٤ ملیۆن گەشتیار لە ساڵی ٢٠٢١ بەرزبووەتەوە.
گرێبەستی كردنەوەی گەورەترین پاركی شوێنەوار و گەشتیاریـمان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە بە درێژایی ١٣٠ کیلۆمەتر لە شوێنەوارەكانی: خنس، جەروانە، فایدە، بەنداوە، هەڵامەتە دەستپێکردووە کە مۆزەخانە و سەنتەری ڕۆشنبیری و باخچە و چالاكیی تر لەخۆ دەگرێت و بڕیارە لە مانگی ١٠ی ئەمساڵ بكرێنەوە.
بەدەر لەمەش ئەم شانسەمان بەر کەوت کە شوێنەواری بێستان سوور لە عەربەت بدۆزینەوە وەك یەكەم گوندی نیشتەجێبوون و كشتوكاڵكردن و بەخێوكردنی ئاژەڵ كە بە كۆنترین گوندی شوێنەواری دادەنرێت لەسەر ئاستی جیهان.
بۆ باشترکردنی ئیشوکاری هاووڵاتیان، ٣٧ یاسا و ڕێنمایی و ڕێکارمان لە بوارەکانی شارەوانی و ئاووئاوەڕۆ و شوێنەوار و کەلەپوور وگەشتوگوزار و نەخشەدانانی ئاوەدانى هەموار و دەرکردووە، ئەمە بەدەر لە جێبەجێکردنی ٨ پڕۆژە لە بواری تەکنۆلۆجیای زانیاری و پەرەپێدانی بەڕێوەبردنی دیجیتاڵ و هەڵنانی ١٣ هەنگاوی کرداری بۆ ڕێکخستنەوەی داهات و بەکارهێنانەوەی ئەو داهاتە بۆ خزمەتی هاووڵاتیان و ئەنجامدانی ٢١٦ خول بۆ پەرەپێدانی توانای مرۆیی و واژووکرنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەگەڵ ئاژانسی جایکای ژاپۆنی، بەمەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەی چارەسەری ئاوەڕۆی هەولێر و پڕۆژەی هەمواری ماستەرپلانی شاری هەولێر کە لەم مانگەوە هەردووکیان چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانیمان لە دەڤەرەکانی ڕاپەرین، سۆران و زاخۆ کردوەتەوە. بهڕێوهبهرایهتیی گشتیی گهشتوگوزارمان لە ههڵهبجه، سۆران و زاخۆ دامەزراندووە بۆ ئەوەی خزمەتکردنى زیاترى هاووڵاتیان.
لەگەڵ هێنانەکایەی یەکەی گۆڕینی کارت بۆ سەنەدی زەوی، کە کاریگەریی گەورەی هەبوو لەسەر خێراکردنی پڕۆسەی بەناوکردنی ئەو زەویانەی کە بە شێوەی کارت دابەشکرابوون .
فەرمانگەی ٨ی حەسارۆکمان کردەوە، ئەوەش بەمەبەستی سەرپەرشتیکردنی ڕێگەپێدانی بینا و گەیاندنی خزمەتگوزاری بەو کەرتە لەگەڵ کردنەوەی سەنتەری GIS بۆ سەرۆکایەتیی شارەوانی هەولێر و کارکردن لەسەر بنەمای ئەو پڕۆگرامە.
بۆ بینینى ڤیدیۆى وتارەکە، کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:
فەرمانگەى میدیاو زانیارى