ملیۆنێک هاوبەشی کارەبا بە شێوەی ئۆنڵاین پێوەرەکانیان دەخوێنرێتەوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق - (GOV.KRD)- وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئێستادا فەیسی یەکەمی پڕۆژەی پێوەری زیرەکی تەواو کردووە و سەرقاڵی فەیسی دووەمیەتی.
عەلی ئیسماعیل عەبدولغەنی ئەندامی لێژنەی باڵای پڕۆژهی پێوەری زیرەک لە وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان وردەکاری پرۆژەکەی بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری دەخاتەڕوو.
عەلی ئیسماعیل دەڵێت:''پڕۆژەی پێوەری زیرەک یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکرێت.''
بە گوتەی عەلی ئیسماعیل، لە ئێستادا نزیکەی یهك ملیۆن و ٣٠٠ هەزار پێوەری زیرەک بەستراوە کە بەسەر شارەکان دا دابەش بووە. هەروەها نزیکەی یەک ملیۆن هاوبەش سوودمەندە لە خوێندنەوە بە شێوازی ئۆنڵاین و پێوست ناکات سەردانی شوێنەکان بکرێت بەمەبەستی خوێندنەوەی پێوەرەکان.
ئەو ئەندامەی لیژنەی باڵای پێوەری زیرەک دەشڵێت:''لەڕووی ووزە ونبووەکانەوە ئەو پێوەرە نزیکەی ١٥% تا ٢٠%ی ئەو ووزانەی ونبووەکانی کەم كردۆتەوە.''
سەبارەت بە ژمارەی هاوبەشەکانی کارەباش لە هەرێمی کوردستان عەلی ئیسماعیل رایگەیاند:'' وەکو پلانی وەزارەتی کارەبا لە ئێستادا بۆ بەستانی ژمارەی پێکهاتەکان نزیکەی یەک ملیۆن و ٤٠٠ هەزارە، ئەو پلانە لەساڵی ٢٠١٨دا پەسەند کراوە و تا ئێستاش هەر بەردەوامە. بۆیە پێی دەڵێن فەیسی یەکەم ٩٥%ی جێبەجێ کراوە، لە ئێستادا خەریکی فەیسی دووەمین لەبەر ئەوەی هاوبەشەکانی پلانی ساڵی ٢٠٢٢ نزیکەی یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار هاوبەش بوو پێشبینی ئەوەش دەکرێت تا کۆتایی ساڵ ببێتە یەک ملیۆن و ٩٠٠ هەزار هاوبەش واتا ٥٠٠ هەزار پێوەر بۆ فەیسی دووەم پێویستە زیاد بکرێت.
ئاماژەش بەوە دەکات"لەکاتی ئێستادا تەندەرەکان ئامادەن و شێوازەکان ڕێکاری خۆی گرتۆتە بهر و پێشبینی ئەوە دەکەین ئەو پلانەش ماوەی ساڵێکی تر بخایەنێ تاوەکو فەیسی دووەمیش جێبەجێ بکرێت."
ئەو ئەندامی لێژنەی باڵای پڕۆژهی پێوەری زیرەک ئاماژەشی بەوەدا کە پڕۆژەیەکی دیکەیان لە پێوەری زیرەک هەیە، ئەویش پرۆسەی (پریپێیە) وەکو پایلۆت لە بازاڕی لەنگە بۆ ههزار و ٥٠٠ هاوبەش جێبەجێ کراوە و گوتیشی:''ئەو بازاڕە تاکە شوێنە کارەبای ٢٤ کاتژمێری بۆ دابین کراوە، لەگەڵ کەمکردنەوەی زیاتر لە ٢٥٠ سەرپێچیکار لەگەڵ کەمکردنەوەی ڕێژەی وزەی ونبوون بۆ نزیکەی ٠،٢ لە ٤٥ % گەیشتووە بەو ڕێژەیە و زیادکردنی داهات بەڕێژەی ٤٠٠ % بەهەمان نرخ و لەهەمان کاتدا کارەبایان بووەته ٢٤ کاتژمێر.''
فهرمانگهی میدیا و زانیاری
٥ی تهممووزی ٢٠٢٢