Skip to the content

وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن: کابینەی نۆیەم بەردەوامى بە ١٢١ پڕۆژە بە گوژمەى زیاتر ٢ تریلیۆن دینار داوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە گوتەیەکدا تیشک دەخاتە سەر گرنگترین کار و چالاکییەکانی وەزارەتەکەی لەو سێ ساڵەدا و ئەمەی خوارەوەش دەقی گوتەکەیەتی:

وەزارەتى ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، بەپێی یاساکەی، ئەرکە سەرەکییەکەی لەم بڕگانەی خوارەوە پێکهاتووە کە بریتییە لە دروستکردنی ڕێگەوبان و پردەکان و دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەمدەرامەت. هەروەها ئەو بینا و پڕۆژانەی کە پەیوەندیدارن بە یەکەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای ئەوەی لە ئەرکیدایە هێڵی شەمەندەفەر، هێڵی خێرای هاتووچۆ، هەروەها فڕۆکەخانە و ئەو پڕۆژانە جێبەجێ بكات كە لە چوارچێوەی یاسای وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردندا دیاریکراوە.

بە دڵنیاییەوە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردووی تەمەنی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، توانیومانە وەکو وەزارەتی ئاوەدانکردنە ٦٠ پڕۆژەى ڕێگاوبان لەسەر بودجەى وەبەرهێنان بە گوژمەى گشتى ٨٥٤ ملیار دینار جێبەجێ بکەین، کە بەرهەمەکەی هەزار و ٢١٢ کیلۆمەتر ڕێگاوبان بووە وە لە ناویدا ٩٢ کم دووسایدن و ئەوەی دیکە ڕێگاى یەکساید و ڕێگاى لاوەکى و گوند و پڕۆژەى دروستکردنى تونێل و پردى گەورەى لەخۆ گرتووە، کە بەگشتى دەتوانرێت بگوترێت: لە پڕۆژەکانى ڕێگاوباندا لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا ١٢,٠٠٠,٠٠٠ م٢ قیرتاوکردن ئەنجامدراوە.

هەروەها توانیومانە لە چوارچێوەی کارەکانی بیناسازیدا ٩ پڕۆژەى بیناسازى و نیشتەجێکردن لەسەر بودجەى وەبەرهێنان تەواوبکەین، کە خۆى لە تەواوکردنى ژمارەیەک یەکەى نیشتەجێکردن دەبینێتەوە، بە گوژمەى گشتى ٩٨,٥ ملیار دینار.

هەروەها ئەنجامدان و تەواوکردنى ٨٢ پڕۆژەى بچووک و مامناوەند لەسەر بودجەى ئاسایی بە گوژمەى گشتی ٢,٧٩٤ ملیار دینار، کە بە زۆرى ڕێگاوبانى گوندەکانى لەخۆگرتبوو.

ئەنجامدان و تەواوکردنى ١٢٠ پڕۆژەى بچووک و مامناوەند لەسەر بودجەى داهاتى وێستگەکانى کێشکردن بە گوژمەى گشتى ٧,٣٩٣ ملیار دینار، کە بە زۆرى چاککردنەوەى ڕێگا و پردى سەرەکى و ڕێگاوبانى گوندەکانى لەخۆگرتبوو.

ئەمە سەرەڕای بەردەوامبوون لە پاراستنى کوالیتى کەرەستەى بیناسازى پڕۆژەکان کە ئێمە توانیومانە لە ڕێگەی ئەنجامدانى تاقیگەی پشکنینەوە بۆ کەرەستەکانی بیناسازی ١,٥٦٠,٠٠٠ پشکنینى جۆراجۆر ئەنجام بدەین.

هەروەها توانیمان لە کابینەی نۆیەم و لە چوارچێوەی وەزارەت هەنگاوى یەکەم بنێین بۆ دامەزراندنى هێڵى ئاسنین لە هەرێی کوردستان، کە خۆى لە ئەنجامدانى لێکۆڵینەوەى بەها دەبینێتەوە بە هاوکارى چەند کۆمپانیایەکى پسپۆڕى نێودەوڵەتى.

شایەنى ئاماژە پێدانە وەزارەت جگە لە تەواوکردنى پڕۆژەکان، بەردەوامى بە ئەنجامدانى ١٢١ پڕۆژەى جۆراوجۆرى ڕێگاوبان و نیشتەجێکردن داوە لەسەر بودجەى وەبەرههێنان کە گوژمەى گشتییان زیاتر لە  ٢ تریلیۆن و ٣٣٤ ملیار دینارە. زۆربەیان لە ماوەى ٣ ساڵى ڕابردوو بەرەوپێشچوونیان بەخۆیانەوە بینیوە.

بەگشتى لە ٣ ساڵى ڕابردوودا قەبارەى خەرجکردن لەلایەن وەزارتمانەوە بۆ هەموو جۆرە پڕۆژەکان ٣٨١ ملیار و ٥٢٨ ملیۆن دینار بووە، کە بەم شێوەیە دابەش بوون: لە هەولێر و سۆران  ٨٦ ملیار و ٤٢٨ ملیۆن دینار، لە سلێمانى و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕین٢٠٢ ملیار و ٨١٩ ملیۆن دینار، لە دهۆک و زاخۆ٩٢ ملیار و ٢٨١ ملیۆن دینار.

هیوادارین بتوانین وەکو وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە لەو ماوەیەی کە لە تەمەنی کابینەکە ماوە، خزمەتی زیاتر بە هاووڵاتیانمان بکەین.

 

بۆ بینینى ڤیدیۆى وتارەکە، کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:

گوتاری وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بەبۆنەی تێپەڕینی سێ ساڵ بەسەردەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم - YouTube

فەرمانگەى میدیاو زانیارى