وەزیری داد: لە کۆی ٦٨ فەرمانگەی دادنووسیی ٥٧ فەرمانگەیان بەئەلیكترۆنی كراون
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لەسەرەتای دەست بەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی داد دەستی بە چاکسازییەکانی لە وەزارەت کرد و لە ماوەی ئەو سێ ساڵەشدا چەندین هەنگاوی گرنگی لەو بوارەدا نراون.
فەرسەت ئەحمەد، وەزیری دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وتەیەکدا بە بۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەم، رایگەیاند''وەزارەتى داد کە لە ٢٢٥ فەرمانگە و ٤هەزار و ٤٠٤ فەرمانبەر پێکدێت، لە ساڵی ٢٠٢١ لە کابینەی نۆیەم توانیویەتی لە ڕێگەى چاکسازى و ڕێکخستنى کارى ئیدارییەوە زیاتر لە ٥٨ ملیار دینار بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەى حکومەت.''
وەزیری داد ئاماژەش بەوە دەکات کە لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا وەزارەتەکەیان توانیویەتی، ناوەندی توێژینەوەی یاسایی لە ساڵی ٢٠٢٠ دامەزراندووە و گۆڤاری گرێبەستی كۆمەڵایەتی بە سێ زمانی كوردی و عەرەبی و ئینگلیزی دەرکردووە، ئەمە سەرەڕاى چاپکردنى پێنج کتێب و ئەنجامدانى چەندین وۆرکشۆپى تایبەت بە یاساى بازرگانى و ئەنجامدانى دوو کۆنگرەی زانستی بە شێوەى ئۆنلاین و هەروەها ٤٥ ژمارەی لە ڕۆژنامەی فەرمی وەقایعی كوردستان دەرکردووە.''
سەبارەت بە ئەنجومەنی شوورایش فەرسەت ئەحمەد رایگەیاند:''لە ئەنجوومەنی شورا چەندین چالاکی یاسایی ئەنجامدراوە، لەوانە ٦١ پڕۆژە یاسا و ٦٩ ڕادەربڕین و ٢٥ پەیڕەو و ٤٤ ڕێنمایی دەرکردووە و کار لەسەر زیاتر لە ١٧٠٠ داواى کارگێڕی و دەستەی ئینزباتیی فەرمانبەران کراوە و لە دەستەی سەرپەرشتیاریی دادیش کە پێشتر١٠ سەرپەرشتیار بوون، لە كابینەی نۆیەم کراون بە١٤ سەرپەرشتیار.''
وەزیری داد ئاماژەش بەوە دەکات کە لە داواكاری گشتی و لەم سێ ساڵەدا زیاتر لە هەزار و ه٧٠٠ سەردان و بەدواداچوون هەبووە و کار لەسەر ٧٥ تانە لە بەرژەوەندیی یاسا کراوە و ٤٦٤ دۆسیە یەکلاکراونەتەوە.
لەبارەی پەیمانگەی دادوەریش وەزیری داد ئاماژەی بەوەدا کە لەم کابینەیەدا دوو خول بە بەشداریى ١٢٠ کەس ئەنجامدراون کە تێیدا ٤٧ دادوەر و ١٢ ئەندامى داواکارى گشتى دامەزرێنراون و لە بوارى تۆماركردنی خانووبەرەدا لەم سێ ساڵەدا هەزار و ٨٧٧ تۆماری هەمیشەیی بە ئەلیكترۆنی كراوە كە زیاتر لە ٧٥٠ هەزار مامەڵە لەخۆ دەگرێت. هەروەها سەرجەم تۆمارە كەسییەكان كە ژمارەیان ٨٢٨ تۆمارە، بە ئەلیکترۆنى کراون. هەروەها لە ١١ فەرمانگەی تۆماركردنی خانووبەرە وێنەی تۆمار (صورە قید) بە ئەلیكترۆنی کراوە و ئامادەكاری كراوە بۆ تۆماركردنی ١٩٠ هەزار یەكەی نیشتەجێی وەبەرهێنان و ڕەزامەندیش دراوە بە ٣٧٣ نووسینگەی فرۆشتنی خانوو و زەوی. بەمەش لە ماوەی سێ ساڵی كابینەی نۆیەم، نزیكەی ٥ ملیۆن مامەڵەی جۆراوجۆر لە تاپۆکان ئەنجامدراوە.
فەرسەت ئەحمەد دەڵێت'' گەورەترین پڕۆسە کە لە سەرتاسەرى حکومەتى هەرێمى کوردستان ئەنجامدرابێت لە فەرمانگە دادییەكان بووە، کە ئەویش پڕۆسەی بەئەلیكترۆنیكردنی فەرمانگەكانی دادنووسییەکانە و تا ئێستا لە کۆی ٦٨ فەرمانگە، ٥٧ فەرمانگەیان بەئەلیكترۆنی كراون، بەمەش هەم خزمەتگوزارى گەورە پێشکەشی هاووڵاتیان کراوە و هەمیشە لە ڕووى شێوە و کارکردنەوە سیستەمێکى مۆدێرن و سەردەمیانە خراوەتە بەردەم هاووڵاتیان.''
بە گوتەی وەزیری داد لە ماوەی سێ ساڵی کابینەی نۆیەم سەرجەم فەرمانگە دادییەکان نزیکەی ٣ ملیۆن مامەڵەی جۆرا و جۆریان ئەنجام داوە و ٤ هەزار و ١٦٠ دۆسیەی فەرمانبەرانیش وردبینی كراون و ئەژماری بانكی بۆ ٢ هەزار و ٦٠٠ فەرمانبەر كراوەتەوە و لە ئەنجامی جێبەجێكردنی ئەم یاسایە بڕى زیاتر لە ١٤ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینار بۆ خەزێنەی حکومەت گەڕاوەتەوە.
فەرسەت ئەحمەت راشیگەیاند لەم ماوەیەدا ١٣ فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتی کرانەوە بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتیان لە نێوانیشیاندا دادگای کارگێڕی دهۆک.
بۆ بینینى ڤیدیۆى وتارەکە، کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:
گوتاری وەزیری داد بەبۆنەی تێپەڕینی سێ ساڵ بەسەر دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم - YouTube
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٥ی تەمووزی ٢٠٢٠