Skip to the content

وەزیری دارایی و ئابووری: قەبارەی گومرگ لە کابینەی نۆیەم لە ٩٥٦ ملیارەوە بۆ یەک تریلیۆن و ٦٩١ ملیۆن دینار زیاد کراوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد کە ئەمەش دەقی گوتەکەیەتی:

لە ماوەی پێشوودا وەزارەتی دارایی بەرپرس بووە لە گێڕانەوەی بەشی زۆری داهاتەکان بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری، هەروەها سەرپەرشتی کردن و بەشداری کردنی سەردانی شاندەکانی بەغدا و رێکەوتن لەسەر بەشە بودجەی هەرێم و جێگیرکردنی بەشە بودجەی هەرێم لە بودجەی عێراق.

جێگیرکردنی پابەندە داراییەکانی هەرێم و بەغدا بۆ ساڵی ٢٠٠٤ تاوەکو ساڵی  ٢٠٢١ کە ئەمە کارێکی زۆر گرنگ بوو لە ناو پرۆژەی ساڵی ٢٠٢١ی عێراق و رێکەوتن لەسەری لەلایەن تیمی چاودێری دارایی هەردوولا. چالاکییەکانی سەرجەم بەڕێوەبەرییە گشتییەکان لە دیوان دەرکردنی ٦١ رێنمایی و ٤٦ گشتاندن بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەت و فەرمانگە پەیوەندیدارەکان.

گێڕانەوەی ٩٥ ملیار دینار بە رێگە گرتن لە بەهەدەردانی سامانی گشتی. لە بواری گومرگ دا ئازاد کردنی بازرگانی و نەهێشتنی مۆنۆپۆڵ تاڕادەیەکی زۆر و زیاتر کردنی داهاتی گومرگی لە ٩٥٦ ملیارەوە بۆ یەک تریلیۆن و ٦٩١ ملیۆن دینار لە کابینەی نۆیەم دا.

دروستکردنی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری گومرگی و بە ئەلیکترۆنی کردنی سەرجەم دەروازەکان و بەستنەوەیان بە وەزارەتی داراییەوە.

لە بواری باجەکانیش زیادکردنی داهاتی باج لە ٣٠٠ ملیار دینارەوە بۆ ٧٩٦ ملیار دینار بەبێ هیچ زیاد کردن و دەستکاری کردنێکی رێژەی باج. هەروەها ئامادەکاری کردن بۆ بە ئەلیکترۆنی کردنی سیستەمی باج لە ئایندەیەکی نزیک دا. دەستپێکردن بە تۆمار کردنی سەرجەم باجدەرانی لە گەورە باجدەرانەوە بۆ خوار.

لە بواری بودجەیە جێبەجێ کردنی رێکارەکانی دامەزراندن و بە هەمیشەیی کردنی ١١ هەزار و ٥٩٥ لەوا نەی کە مامۆستای گرێبەست و پزیشک و دەرچووە یەکەمەکان و گرێبەستە نوێ کە کراون ئەوەش بە هەماهەنگی لە گەڵ ئەنجومەنی وەزیران و جێبەجێ کردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران.

ئامادە کردنی پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٠– ٢٠٢١ و پێداچوونەوە بە سەرجەم میلاکەکانی حکومەت و رێکخستنەوەی داهات و رسومات.

لە ژمێرکاری بەستنەوەی ٥٨١ یەکەی ژمێرکاری بە سیستەمی خەرجی ئۆنلاین، هەروەها کەمکردنەوەی خەرجی تا ڕادەیەکی زۆری نا پێویست بۆ حکومەت بە ڕێژەی ١٤٤ ملیار دینار. لە بواری خانەنشینی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی کۆتایی هێنان بە چەند مووچەیەکی بەدەر لە یاسا و هەڵوەشاندنەوە و گواستنەوەی سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشینی پێشمەرگە و گواستنەوەیان بۆ وەزارەتی دارایی.

هەروەها هەموار کردنی پلەی سەرجەم خانەنشینانی پلە باڵا و بە دەر لە یاسا. هەڵوەشاندنەوەی گشت خانەنشینی نایاسایی و ئەوانەی کە بە پلەی زیاتر لە مافی خۆیان خانەنشین کراون. دامەزراندنی سندوقی خانەنشینی و دروست کردنی ئەنجومەنی سندوق کە  سەرکەوتنێکی یەکجار گەورەیە، هەروەها بە ئەلیکترۆنی کردنی مامەڵەی خانەنشینی کە لە ٢٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ لە هەولێر و دهۆک و سلێمانی دەستی پێکردووە و لەمەو دوا مامەڵەی کاغەزی نامێنێت.

لە بواری بانکەکاندا دامەزراندنی بانکی نیشتمان بە سەرمایەی ٢٠٠ ملیار دینار کە دەبێتە لقی بانکی ناوەندی عێراقی لە هەرێمی کوردستان لە رێگەیەوە سەرلەنوێ رێکخستنەوە و متمانە بە بانکەکانی هەرێم و سود وەرگرتن لە سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی بانکی ناوەندی عێراقی.

لە بواری بانکە پسپۆرییەکان، جێبەجێ کردنی بڕیاری داشکانی ١٥%ی قەرزی پێشینیەکانی ئەنجومەنی وەزیران وە هەروەها وەرگرتنەوەری ٣٧٣ ملیار دینار لە پێشینەی قەرزەکانی عەقار و گشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار . لە بواری بانکە بازرگانییەکان وەرگرتنەوەی چەند ملیار دینار لە قەرزی ئاسانکاری بانکی لە رێگەی وەرگرتنەوە و فرۆشتنەوەی رەهن کراوەکانی قەرزدارانەوە . هەروەها بەردەوام بوونی ئەو رێکارانە بۆ باقیاتی قەرزەکان.

لە بواری یاساییدا کردنەوەی ٢ هەزار و ٦٢٦ داوا لەسەرجەم دادگاکان و یەکلایی کردنەوەی ٩٥%  ئەو داوایانە لە بەرژەوەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

لە کاروباری دڵنیایی و بەڕێوەبەری گشتی دڵنیایی، ئامادەکردنی هەمواری رەشنوسی پرۆژە یاسای پیادەکردنی رێکخستنی رێکارەکانی دڵنیایی عێراقی  ژمارە ١٠ی ساڵی ٢٠٠٥ی کوردستانی عێراق. بەرکار کردنی یاسای رەسمی پول بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان و زیاد کردنی داهات بە ٣ ملیار دینار تەنیا لە ساڵی ٢٠٢١.

هەروەها یەكخستنی لقەکانی دڵنیایی لە هەولێر و دهۆک و سلێمانی و ئامادەکردنی رەشنووسی پرۆژە یاسای بیمەی تەندروستی.

 

بۆ بینینى ڤیدیۆى وتارەکە، کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:

گوتاری وەزیری دارایی و ئابووری بەبۆنەی تێپەڕینی سێ ساڵ بەسەر دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم - YouTube