ئایدن مەعروف: حکومەتی هەرێم هۆکاری سەرەکی دروستبوون و بەردەوامی پێکەوە ژیانە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئایدن مەعروف وەزیری هەرێم بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی کاروباری پێکهاتەکان، لە گوتەیەکدا گرنگترین کاروچالاکییەکانی وەزارەتەکەی خستەڕوو کە ئەمەش دەقی وتارەکەیەتی:
لە ماوەی کارکردنمان بەبێ جیاوازی خزمەتی هەموو پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستانمان کرد
هەرێمى کوردستان لە چەند پێکهاتەیەکى نەتەوەیى و ئایینى پێک دێت، پێکەوەژیانى پێکهاتە جیاوازەکان وای کردووە ببێتە نمونەیەکی جوان بۆ ناوچەکە. جێگەی دەستخۆشی و شانازییە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هۆکاری سەرەکییە لە دروستبوون و بەردەوامی ئەم پێکەوەژیانە، ئەمەش وا دەکات سەقامگیرى سیاسی و ئاشتى کۆمەڵایەتى ڕەنگ بداتەوە لە نێو کۆمەڵگە.
لەگەڵ دەستبەکاربوونمان وەک وەزیری هەرێم بۆ "کاروباری پێکهاتەکان"، لە ماوەى ئەم سێ ساڵ کارکردنماندا سەردانى مەیدانى شوێنە ئایینى و کلتورییەکانى تەواوى پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینیەکانى هەرێمى کوردستان و بەشێک لە ناوچە کێشە لەسەرەکان کراوە، بەشێکى زۆرى سەردانەکان بۆ پتەوکردنى پەیوەندى نێوان پێکهاتەکان و پێکەوە ژیانى ئاشتیانە و گوێگرتن لە داواکارییەکانیانى هاوڵاتیانى سەر بە پێکهاتە جیاوازەکان بووە .
لەم سێ ساڵەدا کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرجەرم نوێنەرانى پێکهاتە نەتەوەییەکان (تورکمان و کلدان و سریانى ئاشورى) و پێکهاتە ئاینیەکانى (مەسیحى ، ئێزیدى، کاکەیى، صابیئەى مەندائى، شەبەک، فەیلى، زەردەشتى) کردووە ، بەمەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە داواکارى و خواستى پێکهاتەکان .
بەشدارى چەندین کۆربەندى ئابورى وکۆنفراسى نێودەوڵەتیمان کرد لە وڵاتى تورکیا و ستراتیژى هەرێمى کوردستان بۆ پێکەوەژیانى ئاشتیانەى پێکهاتەکانى تیایاندا ڕوون کراوەتەوە، ئەمە سەرەراى ئەنجامدانى چەندین دیدارى میدیاى و کۆبوونەوە لەگەڵ وەبەڕهێنەرو سەرمایەدار و سیاسەتمەدار و پەرلەمانتارانى بیانى بۆ هاندانى زیاتریان بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمى کوردستان .
لە ماوەى ئەم سێ ساڵەدا کۆبوونەمان لەگەڵ بەشى هەرە زۆرى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگاى مەدەنى و چالاکوانانى سەر بە پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینیەکانى هەرێمى کوردستان ئەنجام دا.
لەسەر ئاستى پەروەردەو فێرکردن، کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرپەرشتیارانى پەروەردەیى و بەڕێوەبەران و مامۆستایانى خوێندنى هەردوو بەشى زمانى تورکى و سریانى لەسەر ئاستى ئەکادیمى کردووە.
بە مەبەستى هۆشیارکردنەوەى سەرجەم تاکەکانى پێکهاتەکان، زنجیرە پانێلێکمان لە ژێر ناونیشانى (شیکردنەوەى یاساى ژمارە ٥ى ساڵى ٢٠١٥ى یاساى پاراستنى مافى پێکهاتەکان لە کوردستان) بۆ نوێنەرانى پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینیەکان و بە مەبەستى زیاتر ئاشنابوون بە ماددە و برگەکانى یاساکە، ئەنجام داوە.
زنجیرە پانێلێکمان لە ژێر ناونیشانى (ڕۆڵى پێکهاتەکان لە نووسینەوەى پرۆژەى دەستورى هەرێمى کوردستان) بۆ نوێنەرانى بەشێک لە پێکهاتەى (تورکمان و کلدانى سریانى ئاشور) ساز کرد .
چەندین سمینارى پەروەردەییمان بۆ پێکهاتەى تورکمان و کلدانى سریانى ئاشورى ئەنجام دا و بەردەوام بەشداریمان لە یاد و مەراسییمەکانى ساڵیادى ڕۆژى ڕۆژنامەگەرى تورکمان و کلدانى وسریانى و ئاشورى و هەروەها مەراسیمى کردنەوى ماڵى کەڵتورى تورکمانى لە قەڵاى هەولێر کرد .
ڕاپۆرتى تایبەتمان بە ڕەوشى پێکهاتەکان لە هەرێمى کوردستان پێشکەش بە بەڕێز سەرۆکایەتى ئەنجومەنى وەزیران کردووە و زنجیرە کۆبوونەوەیەکمان هەر لەم بارەوە لەگەڵ سەرۆکى هەرێمى کوردستان ئەنجام داوە
بۆ بینینى ڤیدیۆى وتارەکە، کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:
(15) گوتاری ئایدن مەعرووف، بەبۆنەی تێپەڕینی سێ ساڵ بەسەر دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم - YouTube
فەرمانگەى میدیاو زانیارى