Skip to the content

حاجیانی کوردستان بە سەلامەت گەیشتنە مەککە

 هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە مەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج و دوای مانەوەیان بۆ ماوەی پێنج رۆژ لە شاری مەدینە، ئێستا هەموو حاجیانی کوردستان گەیشتوونەتە شارى مەککە بۆ بەڕێوەبردنى فەریزەى حەج.

بەرێوەبەری گشتی حەج و عومڕەی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەت بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاگەیاند "خۆشبەختانە بە پێی ئەو پلان و بەرنامەیەى کە ئەمساڵ دامانناوە توانیومانە بە شێوەیەکی رێک و بێ کێشە و گرفت خزمەتی حاجیانی بکەین".

شێخ نیاز راغب نەقشبەندی بەرێوەبەری گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان کە لە هەمان کاتیشدا سەرپەرشتیاری حاجیانی کوردستانە لە ساڵى ٢٠٢٢، ئەوەشی خستەڕوو کە لە شاری مەککە حاجیانی کوردستان جیا لە حاجیانی عیراق ئۆتێلی تایبەت و نزیکیان بۆ گیراوە و رۆژانە بە پاس هاتۆچوویان پێ دەکرێت بۆ ئەوەی بتوانن بە ئاسانترین شێوە ئەرکە ئایینەکانیان جێبەجێ بکەن.

هەر لە لێدوانەکەیدا بەرێوەبەری گشتیی حەج و عومرە سوپاسی ئەنجوومەنی وەزیران و هەموو وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی کرد کە هاوکاربوونە بۆ ئەوەی حاجیان بە شێوەیەکی رێکوپێک بەڕێ بکرێن بۆ عەرەبستانی سعوودیە و باسى لەوە کرد کە وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی پاڵپشت و هاوکار بووە بۆ ئەوەی ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانى پێشوو خزمەتێکى باشى حاجیانی هەرێمی کوردستان بکرێت.

بەرێوەبەری گشتیی حەج وعومرەی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشدا کە "لە ڕێگەی لیژنەی پزیشکی و فەرمانبەرانەوە رێنمایی حاجیان دەکرێت بۆ ئەوەی خۆیان لە شوێنی قەرەباڵغ بپارێزن و لە شوێنی پێویست ماسک ببەستن بۆ ئەوەی دوور بن لە تووشبوون لە هەر نەخۆشییەکی گوازراوە و هەر بۆ ئەم مەبەستە لە رووی کەرەستەی پزیشکییەوە ئامادەکاریی تەواومان کردووە".

ئەم بەرێوەبەرە گشتییەى وەزارەتى ئەوقاف باسى لەوەش کرد کە لە ئاستی باڵا هەماهەنگییەکی زۆر باشیان لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عومرەی عیراقی هەیە لە پێناو خزمەتکردنی حاجیان هەروەها ئەمساڵ چەندین خزمەتگوزاری جۆراو جۆر پێشکەش بە حاجیان دەکرێت کە بریتین لە:

 ١. دابینکردنی دوو ئۆتێلی نزیک لە حەرەمی پیرۆز بە پێی ستانداردی حکومەتی سعوودیە بۆ شوێنی حەوانەی حاجیان

٢. دابینکردنی سێ ژەم خواردن لە سێ کاتی جیاواز بە مینۆیەکی گونجاو کە لەگەڵ حاجیانی کوردستان بگونجێت و دابینکردنی شوێنی نانخواردنی حاجیان کە بە یەکجار شوێنی نزیکەی ٨٠٠ بۆ ١٠٠٠ حاجی دەبێت بۆ پیاوان و ئافرەتان بە جیا.

٣. نۆرێنگەی پزیشکی بۆ پیاوان و ئافرەتان بە جیا و دابینکردنی دەرمانی کوالیتی بەرز بۆ حاجیان.

٤. شوێنی چاوەڕوانی بۆ پیاوان و ئافرەتان.

٥. ڕێکخستنی مزگەوت بۆ پیاوان و ئافرەتان کە ڕۆژانە لە لایەن مورشیدی ئایینەوە نوێژی تێدا دەکرێت.

٦. شوێنی جلشۆرین بۆ حاجیان بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر بە بەردەوامی لەگەڵ دابینکردنی کەرەستەی جلشۆرین وەک پاککەرەوەکان و تایت و شامپۆ و سابوون.

٧. دابینکردنی ئاوی سارد و چایی بە بەردەوامی لە سەرجەم نهۆمی حاجیان و هەروەها لە چێشتخانە و لە پێشوازی ئۆتێل ٢٤ کاتژمێر بە بەردەوامی بۆ حاجیان.

٨. لیژنەی فەتوا کە بەبەردەوامی پێشوازی لە حاجیان دەکات بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارە شەرعییەکان.

٩. کارگێڕی حاجیان بە مەبەستی ڕێکخستنی کاروباری حاجیان.

١٠. پاسی هاتووچۆ کە پاسەکان مۆدیل ٢٠٢١ و ٢٤ کاتژمێر لە بەردەم ئۆتێلی حاجیان وەستاون بۆ گواستنەوەی حاجیان بۆ حەرەم و گەڕانەوەیان.

١١. مورشیدی ئایینی بۆ ڕێنمایکردنی حاجیان بەمەبەستی جێبەجێکردنی ئەرکە ئایینەکانیان.

١٢. دابینکردنی خزمەتگوازی ٢٤ کاتژمێری بۆ ناو ئۆتێلی حاجیان.

١٣. دابینکردنی دوو ئۆتۆمبیلی فریاگوزاری ٢٤ کاتژمێر لەبەردەم ئۆتێلی حاجیان لە ئەگەری هەبوونی هەر حاڵەتێکی لەناکاو بە مەبەستی گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانەکانی سعوودیە.

١٤. ئامادەباشی گشت بەرێوەبەر و فەرمانبەرانی بەرێوەبەرایەتیی گشتی حەج و عومرە بۆ ئەنجامدان و هاوکاری و کارئاسانی بۆ هەموو حاجیان لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر بە بەردەوامی.

شایانی باسە ئەمساڵ سعوودیە بۆ یەکەم جارە لە دوای بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا و بەشێوەیەکی فەرمی پێشوازی لە حاجیانی دەرەوە وڵات کردووە کە ژمارەیان تەنها ٨٥٠ هەزارە و لەگەڵ حاجیانی سعوودیە کە ژمارەیان ١٥٠ هەزار کەسە کە بڕیارە ئەمساڵ یەک ملیۆن کەس فەریزەی حەج ئەنجام بدەن و بە پێی ئەو ژمارەیە و دوای دیاریکردنی رێژەی عیراق و هەرێمی کوردستان ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان ٢,١٢٠ کەس بە بەمەبەستی بەجێگەیاندنی فەریزەی حەج سەردانی سعوودیەیان کردووە.

 

فەرمانگەى میدیاو زانیارى

٢/٧/٢٠٢٢