Skip to the content

حکومەتی هەرێمی کورستان مانگانە زیاتر لە ٣٠ ملیۆن دۆلار وەک پاڵپشتی دارایی بۆ بەردەستکردنی بەنزین بە نرخێکی هەرزان خەرج دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- دوای ئەوەی لە هەرێمی کوردستان نرخی سووتەمەنی بە تایبەتی بەنزین جۆرێک لە بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی، هەرزوو حکومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵی کۆنترۆڵکردنی بازاڕی دا و بەردەوامیش بووە لە پاڵپشتیی دارایی بۆ بەردەستکردنی بەنزین بە نرخێکی گونجاو بۆ هاووڵاتیان.

بەر لەوەی بخرێتە بازاڕەوە پشکنین بۆ بەنزین دەکرێت

لە ئێستادا حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژانە ۳ ملیۆن لیتر بەنزین لە پاڵاوگەکانی ناوخۆوە بەرهەم دێنێت و بە هەردوو نرخی ٦٩٠ دیناری و ٨٠٠ دیناری بەسەر هاووڵاتییان دابەشی دەکات، بەرهەمهێنانی بەنزینیش لە پاڵاوگە ناوخۆییەکان بە چەندین فلتەردا دەڕوات و دوای بەرهەمهێنانی بەنزین لە پاڵاوگەکان و بەر لە بارکردنی، پشکنین بۆ بەنزینەکە دەکرێت و دوای بارکردن و گواستنەوەی بۆ بەنزینخانەکان جارێکی دیکە لەلایەن تیمەکانی لیژنەی چاودێرییەوە پشکنین بۆ بەنزینەکە دەکرێتەوە و ئەگەر کوالێتیی بەنزینەکە لەگەڵ پێوەرەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان هاوتابوو ئەوکاتە بەنزینەکە بەسەر هاووڵاتییان دابەش دەکرێت، ئەمەش لە پێناو دڵنیابوونەوەیە لە کوالێتی ئەو بەنزینەی حکومەت بۆ خەڵک دابینی دەکات.

سەرپێچیکاران سزا دەدرێن

تیمەکانی لیژنەی چاودێریی کوالێتی بەنزین لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بە بەردەوامیی بەدواداچوون بۆ داواکاری و سکاڵای هاووڵاتییان دەکەن و سەرپێچیکاران سزا دەدەن. لەو بارەیەوە فەلاح مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی کانزایی و سەرۆکی لیژنەی چاودێری کوالێتی بەنزین دەڵێت "هەر فێڵێک لە هاووڵاتی بکرێت لەڕووی خەسڵەتی بەنزینەوە یاخود لە ڕووی نرخەوە، لەڕێگەی لیژنەکان و هەروەها لەڕێگەی قایمقامییەتی هەر پارێزگایەکەوە سزادەدرێن. سزاکانیش لە سزای ماددییەوە دەست پێدەکەن هەتاوەکو داخستنی بەنزینخانەکە. سزا ماددییەکەش لەنێوان ٥٠٠ هەزار دینار تاوەکو ۲ ملیۆن دینارە، ئەویش بەپێی چەندبارەکردنەوەی سەرپێچییەکەیە".
هەروەها دەڵێت "سزای داخستن، جاری یەکەم پێبژاردنە، جاری دووەم دوو ڕۆژ دادەخرێت جاری سێیەمیش دوو ڕۆژ دادەخرێت، جاری چوارەم ئەگەر هەر دووبارەی کردەوە، ئیدی بەیەکجاریی دادەخرێت. هەرکەسێک لەو بەنزینە دڵنیا نییە، با نموونەیەکمان بۆ بهێنێت بۆی تێست دەکەین، تاوەکو بزانین شیاوە یاخود نا، ئەگەر شیاو نەبوو، لەبەردەم ئەو بەنزینخانەکە دادەخەین".

مانگانە زیاتر لە ٣٠ ملیۆن دۆلار وەک پاڵپشتی دارایی بۆ بەردەستکردنی بەنزین بە نرخی هەرزان خەرج دەکرێت

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە ڕۆژانە ٣ ملیۆن لیتر بەنزین بەرهەم دێنێت و دەیخاتە بەردەستی هاووڵاتییان، وە لە پێناو دابینکردنی خواستی خەڵک لەسەر بەنزین و ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخەکەی، سیاسەتی پاڵپشتی دارایی بۆ دابینکردنی بەنزین بە نرخی گونجاو پەیڕەو دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش مانگانە زیاتر لە ٣٠ ملیۆن دۆلار وەک پاڵپشتیی دارایی بۆ بەردەستکردنی بەنزین بە نرخی هەرزان خەرج دەکات
ئەمەش لەپێناو کەمکردنەوەی بارگرانیی سەر شانی خەڵکی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدا نرخی بەنزین لە جیھان بەرزبووەتەوە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
۲٤ ی تەممووزی ۲۰۲۲