Skip to the content

دیندار زێباری: لە سێ ساڵی رابردوودا زیاتر لە ١٦٠ کۆبوونەوەمان لە گەڵ لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان ئەنجامدراوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دیندار زێباری، بەرپرسی نووسینگەی رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە گوتارێکدا باس لە گرنگترین کار و چالاکییەکان دەکات و ئەمەش دەقی گوتەکەیەتی:

حكومەتی هەرێم لە ڕێی نووسینگەی ڕێكخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە، بایەخی بە بەجێگەیاندنی ئەركەکانی داوە لەگەڵ دامەزراوە ناوخۆیی و دەرەکییە فرەلایەنەکاندا لە بواری پابەندبوون بە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ.

لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا (٢١) راپۆرت پێشکەش بە ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ و لیژنەی مافەکانی مرۆڤ لە کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی لە قاهیرە كراوه.

لە بارەگا سەرەکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئۆرگانەکانی تری هەرێمایەتی وەک کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی، بەشداریمان لە (9) کۆبوونەوەدا کردووە بۆ خستنەڕووی هەنگاوەکان لەرووی حوکمڕانی باش، سەروەری یاسا، شەفافیەت، بەرپرسیاریەتی و سەربەخۆیی دادگاکان.

لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا وەڵامی (١٦) راپۆرتی نێودەوڵەتی و ناوخۆیی دراوەتەوە تایبەت به سه‌روه‌رى یاسا، رەوشی ناوچە جێناکۆکەکان، خۆپیشاندانی ئاشتیانە، ئازادى راده‌ربڕین و میدیا، رەوشی گرتووخانە و چاکسازییەکان، بازرگانى به‌مرۆڤ و مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان.

زیاتر لە (٦٥) کۆبوونەوە ئەنجامدراوە لەگەڵ تۆڕی زانیارى نووسینگەی رێکخەری راسپارە نێودەوڵەتییەکان لە دام و دەزگاکانی حکومەتى هەرێم بە مەبەستى بەداواچوونی دوایین راپۆرت و لێدوان و بەیاننامە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە رەوشی حوکمڕانی لە هەرێم.

لەگەڵ لایەنە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان وەک قونسولگەرییە گشتییەکان، دیپلۆمات، رێکخراوە نێودەوڵەتى و نێوخۆکان زیاتر لە (١٦٠) کۆبوونەوە و دیدار ئەنجامدراون بە مەبەستی ئاڵوگۆڕی داتا و زانیارییەکان.

لە ماوەی رابردوودا زیاتر لە (٥٥٤) نووسراومان ئاراستەى لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە بە مەبەستى  بەدواداچوون، ئاڵوگۆڕى زانیارى.

لەلایەکى دیکەوە زیاتر لە (٤٧٠٧) زانیارى لەگەڵ لایەنە حکومییەکان، ئاژانسەکانى نەتەوەیەکگرتووەکان، کونسڵى وڵاتان ئاڵوگۆڕ کراون.

لە ڕووی ڕووماڵی میدیاییەوە زیاتر لە (١٩) کونگرەى رۆژنامەوانی و (72) لێدوان و بەیاننامەمان بڵاوکردۆتەوە لە وەڵامی چەند لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکی.

پلانی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ (٢٠٢١-٢٠٢٥) بە یەکێک لە دەستکەوتەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێم دادەنرێت. پلانەکە بەشێکە لە میکانیزمێکی نیشتمانی بۆ جێبەجێکردنی راسپاردە نێودەوڵەتییەکان بەپێی ستانداردەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و نەخشەڕێگایەکە بۆ پێشخستن و پەرەپێدانی دۆخی مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی ئەو مافانە. لە هەرێمی کوردستان (179) راسپاردە لە کۆی (٣٨٩) راسپاردەی پانۆرامای خولی گشتگیری نەتەوەیەگکرتووەکان جێبەجێکراوە.

ئەنجوومەنى ئاسایش بە پێی بڕیارى (٢٣٧٩) ساڵى (٢٠١٧) بڕیاریدا بە دامەزراندنى تیمی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) لە عێراق. نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران دەستنیشانکرا بۆ هەماهەنگی کردن و بەدواداچوونی کار و چالاکییەکانی تیمی ناوبراو لەگەڵ دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم.

لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا بەشداریمان کردووە لە (٢٥) کۆبوونەوەی لیژنەی هەماهەنگیکاری نیشتمانیدا و دەیان دیدار و چاوپێکەوتنی لەگەڵ یونیتاد کردووە. بەشداریمان لە کۆبوونەوەکانی سەرۆکی تیمی یونیتاددا لەگەڵ بەڕێزان سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری، پەرلەمان و وەزیرە بەڕێزەکان کردووە.

لە دەرەوەی وڵاتیش بەشداریمان لە ژمارەیەک چالاکیی یونیتاددا کردووە لەوانه لە بەرلین و نیویۆڕک. لە کردنەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان بە نوێنەرایەتی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشداریمان لە مەراسیمی هێنانەوەی روفاتی (٧٠) گۆڕی قوربانییانی ئێزیدی لە گوندی حەردان و (41) گۆڕی قوربانیانی کۆجۆ و سۆڵاغ کرد.

 

بۆ بینینى ڤیدیۆى وتارەکە، کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:

(13) گوتاری ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان بەبۆنەی تێپەڕینی سێ ساڵ بەسەر دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم - YouTube

فەرمانگەى میدیاو زانیارى