لە سێ ساڵی کابینەی نۆیەم، بە بەهای٤٦٩ ملیار دینار گازوایل بۆ وێستگەکانی کارەبا تەرخان کراوە
هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- سەرەڕای ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و هاتنی پەتای کۆڕۆنا تووشی هات، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردوام بووە لە جێبەجێ کردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و لە نێوانیشیاندا سێکتەری کارەبا کە توانیویەتی لە رێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە بڕێکی زۆر گازوایل بۆ وێستگەکانی کارەبا دابین بکات و لە ئێستاشدا بەپێی داتاکانی وەزارەتی کارەبا حکومەتی هەرێم رۆژانە ١٦ کاتژمێر و نیو کارەبای نیشتمانی بۆ هاووڵاتییان دابین دەکات.
حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە، لە ماوەی سێ ساڵی کابینەی نۆیەم، بڕی ٧٩٢ ملیۆن و ٦٥٥ هەزار و ٨٥٥ لیتر گازوایلی بۆ وێستگەکانی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان دابین کردووە کە تێچووەکەی ٤٦٩ ملیار دینار بووە.
ساڵی ٢٠١٩
لە ٦ مانگی دووەمی ساڵی ٢٠١٩ حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی ١٠٥ ملیۆن و ٧٠٦ هەزار و ١٢٠ لیتر گازوایلی بۆ وێستگەکانی کارەبا تەرخانکردووە کە بەهاکەی ٤٧ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار بووە.
ساڵی ٢٠٢٠
لە ساڵی ٢٠٢٠ حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی ٢٤٧ ملیۆن و ٨٤٨ هەزار و ٥٦٩ لیتر گازوایلی بۆ وێستگەکانی کارەبا تەرخانکردووە، کە بەهای کەی ١٢٣ ملیار و ٩٢٤ ملیۆن دینار بوو.
ساڵی ٢٠٢١
لە ساڵی ٢٠٢١ حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕی ٣٠٢ ملیۆن و ٦٠٨ هەزار و ٧٠٤ لیتر گازوایلی دابینکردووە و کە بەهاکەی ١٨١ ملیار و ٥٦٥ ملیۆن دینار بووە.
ساڵی ٢٠٢٢
لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵیش ١٣٦ ملیۆن و ٤٢٩ هەزار و ٤٦٢ لیتر گازوایل بۆ وێستگەکانی کارەبا تەرخانکراوە کە بەهاکەی ١١٦ ملیار و ١٨ ملیۆن دینار بوو.
نرخی گازوایل لە هەرێمی کوردستان بەپێی ساڵ گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و لە ساڵی ٢٠١٩ بەهای یەک لیتر گازوایل ٥٤٠ دینار بووە و لە ساڵی ٢٠٢٠ بەهای یەک لیتر ٥٠٠ دینار و لە ساڵی ٢٠٢١ بەهای یەک لیتر گازوایل ٦٠٠ دینار و لە ساڵی ٢٠٢٢یش بە ٨٥٠ دینار بووە.
بەشێوەیەکی گشتی لە ماوەی سێ ساڵی رابردوودا ٧٩٢ ملیۆن و ٦٥٥ هەزار و ٨٥٥ لیتر گازوایل بۆ وێستگەکانی کارەبا تەرخانکراوە بەهای ٤٦٩ ملیار دینار.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٧ی تەمووزی ٢٠٢٢