Skip to the content

وەزیری تەندروستی: حکومەتی هەرێم ساڵانە ٩٠ ملیار دینار بۆ تووشبووانی شێڕپەنجە خەرج دەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتارێکی پێشکەش کرد کە باس لە کارو چالاکییەکانی وەزارەتەکەی دەکات لە سێ ساڵی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەمەش دەقەکەیەتی:

وەزارەتی تەندروستی بەرپرسە لە فەراهەم کردنی، رەوشێکی تەندروستی گونجاو لە بواری تەندروستی گشتی بۆ هاووڵاتییان و چارەسەری بۆ نەخۆشان. لەژێر ڕۆشنایی ھێڵە گشتیەکانی بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، بەگوێرەی پلانی داڕێژراوی وەزارەتمان چاکسازی و کاروچالاکیەکان ئەنجامدراون:

 لەبواری کارگێری ڕێکخستنەوەی دەوام و کەمکردنەوەی ڕۆتین و قەدەغەکردنی دەوامی تەناوب.

هەروەها چاکسازی بەڕێژەی ٩٦%ی دۆسیەی فەرمانبەران لە بواری دەرماڵە و مووچەکان.

دابەزاندنی دەسەڵات بۆ بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکان و دامودەزگا پەیوەندارەکان بە مەبەستی کەمکردنەوەی رۆتین.

ھێنانەکایەی دوو بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی لە دەڤەری سۆران و زاخۆ.

بەکارهێنانی سیستەمی ئەلیکترۆنی و دیجیتاڵ لە کاروباری رۆژانە، وەکو مۆڵەتی هێنانی دەرمان و بەرنامەکانی چاودێری تەندروستی سەرەتایی و ڤاکسین و نۆرەی ھاووڵاتیان و دابەشکردنی پزیشکان بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتین و چاودێریکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان.

بەکارھێنانی تەکنەلۆژیای نوێ لە زۆربەی سەنتەرەکانی پشکنین و تاقیگە و دەستنیشانکردن.

دەرچوونی دوو یاسای گرنگ لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان  کە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و یاسای مافی نەخۆش بوو.

سیستەمی تەندروستی و چاکسازی کردن لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرنگی خۆی هەبووە، بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ تیمێکی راوێژکاری نێودەوڵەتی خاوەن ئەزموون، نەخشە رێگای ریفۆرمی سیستەمی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان دانراوە.

پێداچوونەوە و کەمکردنەوەی نرخەکانی نەشتەرگەری بەڕێژەی ٤٠% نرخەکان و ڕێکخستەوەی باج و ڕسومات.

لە بواری کۆرۆنا، گەڕاندەوەی زیاتر لە ٩٨٥ ملێۆن دیناری هاووڵاتیان کە بە زیادەرۆیی وەرگیرا بوو لە خەرجیەکانی چارەسەری کۆرۆنا.

بۆ یەکەمین جار کارگەکانی جلوبەرگ و پێداویستی پزیشکی و سرنج و کانوێلا و چارەسەری پاشماوەی پزیشکی لە هەرێمی کوردستان دەچێتە بواری جێبەجێکردن.

دەستپێکردنەوەی چەند پرۆژەیەکی ستراتیجی و گرنگ وەکو نەخۆشخانەی شیلادزێ و نەخۆشخانەی دڵی کراوەی منداڵان لە سلێمانی و نەخۆشخانەی نەشتەرگەری شێرپەنجە لە سلێمانی و نەخۆشخانەی سیدەکان و نەخۆشخانەی منداڵان لە ھەولێر و سەنتەری شێرپەنجە لە  دەڤەری ڕاپەڕین و بۆ یەکەمین جار نەخۆشخانەی چاو لە شاری ھەولێر.

نۆژەنکردنەوەی نەخۆشخانە و سەنتەر و بنکە تەندروستییەکان بە گوژمەی  ملیۆنەها دۆلار بەردەوامە. 

کۆنترۆڵ کردنی پەتای کۆرۆنا یەکێک بوو لە سەرکەوتنەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە سێ ساڵی رابردوودا بۆ بەرنگاربوونەوەی پەتای جیهانی کۆرۆنا.

لە بواری فریاکەوتن و فریاگوزاری کە بەشێکی گەورەی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانە، پەیرەو کردنی سیستەمی پزیشکی فریاکەوتنی ٢٤ کاتژمێری و دانانی سیستەمی بەدەل عیادە بۆ پزیشکەکانی فراکەوتنەکان چووە بواری جێبەجێ کردن.

لیستی نیشتمانی بۆیەکەمجار لە هەرێمی کوردستان  بۆ دەرمان دانراوە و سیستەمی ئەلیکتڕۆنی پەیڕەو دەکرێت بۆ ھاوردەکردن و تەکنەلۆژیای دژەساختە لەسەر ستیکەر کە لە ئاییندەیەکی نزیکدا دەچێتە بواری جێبەجێ کردن و هەموو رێکارەکانی تەواو بووە.       

ڕێنمای نوێ بۆ پێداچوونەوەی پێدانی مۆڵەت بۆ کۆمپانیاکان و کۆگاکردن  کرا و لەم روانگەیەوە ٣٣ کۆمپانیا لە کۆی ٢٦٠ کۆمپانیا داخران بە هۆی نەبوونی ئەو ستاندەردە.

بۆ یەکەمینجار بەکارھێنانی Reference و سەرچاوە نێودەوڵەتیەکانی متمانەپێکراو بۆ ھێنانی دەرمان و زیادکردنی توانای پشکنین و خێراکردنی ڕێگەپێدان و مۆڵەتی ھاوردە کردن بە مەبەستی کەمکردنەوەی رۆتین و زوو گەیشتنی بە هاووڵاتییان.

لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هاوسەنگی و یەکسانی گەیاندنی خزمەتگوزارییەکان تەوەرێکی گرنگ بووە، بۆ ئەم مەبەستە فراون کردن و زیادکردنی خزمەتگوزارییەکان لە قەزاو ناحییەکان و کەمکردنەوەی ئیحالە کردن بۆ ناوشارەکان پەیرەو کراوە.

شێرپەنجە بەشێکی گەورەی چارەسەرییەکانە بۆ تووشبووانی شێڕپەنجە و بۆ ئەم مەبەستە دابینکردنی بودجەی تایبەت ساڵانە هەیە بەبڕی ٩٠ ملیار دینار لەلایەن حکومەتی ھەرێم و هەروەها پاڵپشتی سندوقی کۆمەک بۆ تووشبووانی شێرپەنجە و دابینکردنی خزمەتگوزاریەکانی کە لە ھەرێم نییە لەڕێگەی ناردنە دەرەوەی نەخۆش لەسەر سندوقی شێرپەنجە بۆ ئەو بابەتانەی کە پێویستە و تا ئێستا لە عێراق دا ناکرێت.

زیاتر لە ٩٨% چارەسەریی شێرپەنجە لە نەخۆشخانە حکومیەكان ئەنجام دەدرێت کە ئەمە بووە هۆی سەرسامی وەزیری تەندروستی عێراقی فیدراڵ هەم بۆ ڕەوشی شێرپەنجە، هەم بۆ رەوشی ئەنجامدانی کوالیتی کۆنترۆڵی دەرمان و پێداویستی پزیشکی.

وەرگرتنی متمانەی سەنتەر و نەخۆشخانەکان و ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی و پێدانی پسپۆڕی بە پزیشکانی خوێندنی باڵا لەلایەن بۆردی عەربی و وڵاتانی عەرەبی و بۆردی عێراقی لە ھەرێمی کوردستان، دەستکەوتێکی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو.

لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان زیادبوون و کردنەوەی پەیوەندی زۆرباش لەگەڵ تەندروستی عێراق و قونسوڵگەری و وڵاتان و ڕێکخراوەکانی نێودەوڵەتی و NGO وئاژانسەکانی نەتەوەتەکگرتووەکان و سوود وەرگرتن لە دەزگای خێرخوازی بارزانی کە بە ملیۆنەها دۆلار پاڵپشتی دابین کردنی پێداویستییەکانمان بووە.

بەردەوام هەوڵ دراوە بە هەدەردانی سامانی گشتی و خەرجی بێ بنەما کەم بکرێتەوە. هەروەها بەکارهێنانی سیستەمی نیمچە تایبەت بۆ سود و بەرژەوەندی ھاووڵاتیان بۆ بەکارهێنانی نەخۆشخانەکان و هۆڵەکانی نەشتەرگەری لە دوای دوامیش، بۆ ئەوەی هاووڵاتییان ئەرکی ئابوورییان لەسەر کەم بکرێتەوە.

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەولێک دەدات هەم لە بواری بەردەوامیدان بە کاروچالاکییەکان و پێداویستییەکانی رۆژانە هەم لە بواری رێکارەکانی چارەسەرییەکان و رۆژانەش لە بواری رێکخستنەوە و ریفۆرم کردنی سیستەمی تەندروستی و بە دیهێنانی بیمەی تەندروستی و بەرکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزرییەکان بە ئاستێکی باش کە جێگەی متمانەی زیاتری نێوان هاووڵاتییان و دامودەزگاکانی تەندروستی بێت لە هەرێمی کوردستان.

 

بۆ بینینى ڤیدیۆى وتارەکە، کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:

گوتاری وەزیری تەندروستی بەبۆنەی تێپەڕینی سێ ساڵ بەسەر دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم - YouTube

 

فەرمانگەى میدیاو زانیارى