Skip to the content

وەزیری ناوخۆ: ماف و شایستە داراییەکانی خانەنشینانی ناوخۆ بە پرۆژە یاسایەک دەدرێتە پەرلەمان

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەش کرد کە ئەمەش دەقی گوتەکەیەتی:

ئەرکی سەرەکی گشتی وەزارەتی ناوخۆ، بریتییە لە جێبەجێ کردنی سیاسەتی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگاری کردن لە سەرو سامانی هاووڵاتییان و جێبەجێ کردنی یاسا و چەسپاندنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوخۆی هەرێم.

لە كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ته‌ممووزی 2019ـه‌ وەزارەتی ناوخۆ لە چوارچێوه‌ی كارنامه‌ی كابینه‌ی نۆیه‌م و له‌سه‌ر فه‌رمان و راسپارده‌كانی به‌ڕێز مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لە ئاستی کارگێڕی و یاسایی و دارایی ئەم هه‌نگاوی خوارەوەی هاوێشتووه‌.

رێکخستنەوەی دەوامی فەرمی فەرمانبەران، رێز گرتن لە هاووڵاتییان بە پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری بەشێوەیەکی رێکوپێک و نه‌هێشتنی نۆره‌ و قه‌ره‌باڵغی و جێبه‌جێكردن و سیستمی نۆره‌ی ئه‌لیكترۆنی و دابینكردنی شوێنی دانیشتن و گۆڕینی ئاراستەی کارمەند و ئەفسەران لە شێوازی ڕەفتار و ھەڵسوکەوت لەگەڵ ھاووڵاتیان.

کارا کردنی سیستمی سكاڵای ئۆنلاین و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و گرفته‌كانی هاووڵاتیان، کە تا ئێستا هەزار و ٥٧٢ سكاڵای وەرگیراوە و چارەسەر کردنی بەشێکی هەرە زۆریان. کارا کردنی هێڵی گه‌رمی ٤١٤ و پێداچوونەوە بە میلاك و نەهێشتنی دیارده‌ی ده‌وام نه‌كردن. بۆ چەسپاندنی لامەرکەزیەتی ئیداریی پارێزگاکان کە گونجاو بێت لەگەڵ سیستمی یاسایی و کارگێڕی ھەرێمی کوردستان، دەسەڵاتەکان گواستراونەتەوە بۆ پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆکان.

لە هەمان کاتدا بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و  ئەکادیمی ئەفسەران و دانانی مەرجی ھەبوونی توێژینەوەی زانستی بۆ بەرزکردنەوەی پلە، کاریگەری خۆی هەبووە.

جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی و ھێنانەکایەی یەکەی پاسەوانی و تێپەڕاندنی پەیڕەوی پاسەوانی، پەیڕەو کردنی سیستمی پاداشت و سزا بەسەر ئەفسەر و کارمەند و فەرمانبەران.

پەیمانگه‌ی پەرەپێدانی ئەمنی و کارگێری و تەکنەلۆجیای زانیاری لە وەزارەتی ناوخۆ، چەندین خولی ئەنجام داوە بۆ پەرەپێدانی توانای ئەفسەر و کارمەندی وەزارەت.

لە هەمان کاتدا دەرچوواندنی یاسای کۆمپانیا ئەمنییەکان لە کوردستان بۆ یەکەمجار ویاسای نوێی چه‌ك ژمارە ٢ی ساڵی٢٠٢٢، بە یەکێک لە دەستکەوتەکان هەرە سەرەکییەکان دادەنرێت.

چارەسەر کردنی کێشەی تۆماری لاوەکی هاووڵاتییان کە ماوەیەک بوو بە دەستییەوە دەیان ناڵاند، به‌فه‌رمیكردنی ڤیزای هه‌رێم، زیادكردنی 6 نووسینگەی تری پاسپۆرت لە قەزاکانی (سۆران ، ئاکرێ ، زاخۆ ، کۆیە، چەمچەماڵ و ئامێدی) کە بە جۆرێک وەرگرتنی پاسپۆرت بە کاتێکی کورت و پێوانەیی.

پێداچوونەوە بە دیزاین و کوالێتی تابلۆکانی ئۆتۆمبێل بە ھەموو جۆرەکانی و گونجاندنی لەگەڵ سیستمی تابلۆی نێودەوڵەتی، و زیادکردنی زمانی کوردی بۆ مۆڵەتی شوفێری و ساڵیانەی ئۆتۆمبێل.

لە هەمان کاتدا دامەزراندنی ژووری ئۆپەراسیون، بۆ دەستگیرکردنی تاوانباران بە شێوازێکی ئەلیکترۆنی و بۆ جێبەجێکردنی یاسا، كه‌  لەو ڕێگایەدا هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ چەندین شەھید و بریندار داوه‌.

له‌ كاتی كۆرۆنا وەزارەتی ناوخۆ بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و دامودەزگه‌کانی تری حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ھەموو تواناکانی خستە کار بۆ پاراستنی ھاووڵاتیان.

بەم دواییەش داخستنی شوێنی فرۆشتنی چەک لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و دەستپێکردنی هەڵمەتی داماڵینی چەکی بێ مۆڵەت، کە خۆشبەختانە پێشوازییەکی گەرمی لێکراوە، چ لەلایەن هاووڵاتییان، چ لەلایەن دامەزراوەکانی حکومەت و لەسەرتا سەری هەرێمی کوردستان ئەم فەرمانەی سەرۆکی حکومەت وەک خۆی جێبەجێ کراوە. لەم پێناوەشدا بۆ ئەوەی کە وەزارەت بەردەوامی بدات بە پاراستنی سەروماڵی هاووڵاتییان لە بەرنامەدایە کە ئەو بابەتانەی کە باسکراون لە داهاتووشدا کاری جدی لەسەر بکرێت، لە جێبەجێ کردنی یاسا لە پاراستنی هاووڵاتییان لە کەمکردنەوەی توندوتیژی و بەردەمیدان بە سەردەمیانە کردنی کاروچالاکییەکانی پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە هەمانکاتدا لە بەرنامەماندایە کە ماف و شایستە داراییەکانی خانەنشینانی ناوخۆ لە ئاییندەیەکی نزیکدا بە پرۆژە یاسایەک کە ئامادە کراوە بدرێتە پەرلەمان و ئەو مافانە دابین بکرێن کە ماوەیەکی زۆرە داواکاری سەرەکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆیە.

من سوپاسی هەموو هێزەکانی پۆلیس و ئاسایش و زێرەڤانی و بەرگری فریاکەوتن و برا پێشمەرگەکان دەکەم کە لە هەموو قۆناغێکدا لە هەموو کاتێکدا پاڵپشت بوون بۆ یەکتری و هەموویان پێکەوە توانیویانە ئاشتی و سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە رۆح و گیانی خۆیان بپارێزن.

 

بۆ بینینى ڤیدیۆى وتارەکە، کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:

گوتاری وەزیری ناوخۆ بەبۆنەی تێپەڕینی سێ ساڵ بەسەر دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم - YouTube

فەرمانگەى میدیاو زانیارى