Skip to the content

بە گوژمەی زیاتر لە ١١ ملیار دینار بەردی بناغەی گەورەترین پڕۆژەی گەشتیاری لە زاخۆ داندرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی سێشەممە ٢٨ـی حوزەیرانی ٢٠٢٢ بە ئامادەبوونی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و گۆهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، لە رێوڕەسمێکدا بەردی بناغەی گەورەترین پڕۆژەی گەشتیاری حکومی لە زاخۆ داندرا.

سەرپەشتیاری ئیداری سەربەخۆی زاخۆ لە رێوڕسەمەکدا گوتارێکی پێشکەش کرد و رایگەیاند دانانی بەردی بناغەی ئەم پڕۆژە گەشتیارییە نیشانەی گرنگیدانی سەرۆکی حکومەتە بە کەرتی گەشتیاری، ئاشکراشی کرد کە دروستکردنی پارکێکی لەو شێوەیە لەسەر هەردوو رووی رووباری خابوور و لە نزیک پردی دەلال، دیمەنێکی جوان و دڵڕفێن بە زاخۆ دەبەخشێت.

ئاماژەی بەوەشكرد کە درێژی پڕۆژەکە ٢٠٠٠ مەترە و رووبەرەکەشی ٥٦ هەزار مەتر دووجایە، گوتیشی پڕۆژەکە بە گوژمەی ١١ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار و لەسەر ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و لەلایەن کۆمپانیای "مێسین ئینشائات" جێبەجێ دەکرێت.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ هەروەها رایگەیاند ماوەی تەواوبوونی پڕۆژەکە ١٥ مانگە و شوێنی وەستانی ئۆتۆمبێل، مۆزەخانەی نیشتمانی، سەوزایی بە رووبەری ٣٠ هەزار مەتر دووجا، شوێنی هاتووچۆی پیادە، پارکی تایبەت بە بایسکیل و راکردن لەخۆدەگرێت.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

٢٩ـی حوزەیرانی ٢٠٢٢