Skip to the content

كۆنفڕانسێكی تایبه‌ت به‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر به‌ڕێوه ‌چوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ڕێكه‌وتی ٢٨ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٢، له شاری هه‌ولێر، تۆڕی هەماهەنگی ڕێکخراوەکان CNO كۆنفڕانسێكی له‌ ژێر ناوی "ماددەی هۆشبەر، ئەو مەترسییەی لە بەردەم هەمووانە" ڕێك خست.
دکتۆر جوتیار عادل وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان کە بەشداری‌ كۆنفڕانسه‌كه‌ بوو لە وتارێکدا قسەی لەسەر‌ به‌رنامه‌ و پلانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی مه‌ترسییه‌كانی مادده‌ی هۆشبه‌ر و ئه‌و رێكارانه‌ کرد كه‌ حكومه‌تی هه‌رێم ده‌یگرێته‌ به‌ر له‌ پێناو پاراستنی كۆمه‌ڵگه‌ و ڕێگریكردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌ كوردستان.
هه‌ر له‌ وته‌كه‌یدا وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تیشكی خسته‌سه‌ر ئامانجی کۆنفرانسه‌كه‌ له‌ خستنه‌ڕووی مەترسیی دۆخی ماددەی هۆشبەر و بڕیارێکی گرنگ لە لایەن سەرۆکی حکومەت بۆ کردنەوەی سەنتەری چارەسەری ئاڵوودەبووانی ماددەی هۆشبەر بە پێی یاسای ژمارە ١ ساڵی ٢٠٢٠.
له كۆنفرانسه‌كه‌دا دوو پانێڵ پێشكه‌ش كران، پانێڵی یه‌كه‌میان له‌لایه‌ن (د. سامان بەرزنجی وه‌زیری ته‌ندروستی، د. دیندار زێباری ڕێكخه‌ری ڕاسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و لیوا کەیوان میرزا به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی نه‌هێشتنی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كان) به‌ڕێوه‌ چوو و هەروەها له‌ پانێڵی دووه‌میش هه‌ریه‌كه‌ له‌ (دەستەی مافی مرۆڤ، وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، پسپۆڕێکی ماددە هۆشبەرەکان ) به‌شدارییان تێدا كرد.

دەقى ووتارى وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان:

سڵاو و رێز بۆ هەموو ئامادەبووانی خۆشەویست

سوپاس بۆ رێکخەرانی ئەم کۆنفرانسە

 

ماددە هۆشبەرەکان مەترسییەکی جیهانییە، کە بەهۆی کرانەوەی جیهان و ئاسانکاری لە گەشتکردن و پەیوەندیکردن لە رێگەی تەکنەلۆژیاوە هەنگاوەکانی بڵاوبوونەوەی ئەو ماددەیە خێراتر بووە. لە هەمان کاتدا قەیرانی ئابووری ودارایی دۆخێک دەخوڵقێنن  بەکارهێنەری ئەم ماددەیە زیاتر دەکات.

هەرێمى کوردستان بەهۆی هەڵکەوتەکەیەوە ئەگەرى بەرکەوتنى پڕیشکى جۆرەها کێشە و ئاگرى هەیە. هەندێک پرس هەن کە هێواشن و درەنگ هەستىان پێ دەکرێت، بەڵام لە شەڕى ڕاستەوخۆ مەترسیدارن، بۆ نموونە ماددەى هۆشبەر کە لە ئێستادا و سەرەڕای کارە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو بابەتە، بەڵام بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەبەر دەستماندایە بەکارهێنان و فرۆشتنی ماددەى هۆشبەر لە هەرێمى کوردستان تەشەنەی کردووە، هەرچەندە نەگەشتووەتە ئاستێک کە جێگەی مەترسی بێت و لە چاو هەموو وڵاتانی دراوسێش دەتوانین بڵێین هەرێمی کوردستان لە هەموویان باشترە.

ئەوەش کە زیاتر جێگەی دڵخۆشییە ئەوەیە کە تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان هیچ جۆرە ماددەیەکی هۆشبەر  بەرهەم نەهاتووەو ئەوەی هەبووە هەمووی لە وڵاتانی دەوروبەرەوە بۆمان دێت، كە ئەویش وەکو ترانزێت دێت و بۆ وڵاتانی دیکە دەنێردرێت کە رێژەیەکی زۆر کەمە، و توانراوە ٧٠%  بۆ ٨٠%ـی ئەوانەی کاری ترانزێیان بەو ماددە کردووە دەستگیر بکرێن.

بەپێی ئەو ئامارانەی کە لەبەر دەستە تەنیا لە ساڵی ٢٠٢١دا ١٩٤٣ کەس دەستگیر کراون و لە شەش مانگی ئەمساڵیش ٩٩٩ کەس دەستگیر کراون، بۆیە ئامارەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە رێژەکە لە زیادبووندایە.

لە نێو  ئەو کەسانەی کە توشبوون هەموو تەمەنەکانی تێدایە لە ١٨ ساڵییەوە بگرە تا دەگات بە ٥٠ ساڵی و سەرووتریش و لە هەموو ئاستێکی روشنبیری تێدایە ، بەڵام ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان بازرگانی گەورەی ماددەی هۆشبەر نییە و ئەوەی هەیە زیاتر گواستنەوەی ماددەی هۆشبەرە، خەڵکانێک بەکاردەهێندرێن و خەڵکانێک کە لەبەرامبەر بڕێک پارە ماددەی هۆشبەریان پێ دەگواسترێتەوە بۆ نێو شارەکان.

هەروەها تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان هیچ جۆرە ماددەیەکی هۆشبەر بەرهەم نایەت و ئەوانەش لە هەرێمی کوردستان هەن، ماددەی هۆشبەری دەستکردن، هەروەها چەند جۆرێک دەرمانی پزیشکیش هەن کە وەک ماددەی هۆشبەری مامەڵەی پێوە دەکرێت.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری جدی کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو بابەتە و بۆ یەکەمجاریش لەم کابینەیە یاسای ژمارە ١ ساڵی ٢٠٢٠ی تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دەرکرا.

هەروەها لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان دروست کراوە کە  وەزارەتی تەندروستی سەرۆکایەتی دەکات کە ژمارەیەک وەزارەتی دیکەی پەیوەندیداری تێدایە و لە پاڵ ئەوەشدا سندوقێکیش دانراوە کە هەر کەسێك، لەسەر ماددەی هۆشبەر دەستگیر دەکرێت بە پێی بڕیاری دادوەر بڕێک پارە وەک سزا لێی وەردەگیرێت و داهاتەکەی دەچێتە نێو ئەو سندوقە، بەڵام ئەو سندوقە پێویستی بە رێنمایی هەیە و لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی مادەی هۆشبەریش بە هەماهەنگی لە گەڵ وەزارەتی دارایی ئێستا سەرقاڵی رەشنووسی رێنمایی تایبەتن بەو سندوقە.

هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان کاری کردوە بۆ شیاندنەوە و گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی تووشی بەکارهێنانی ماددە هۆشبەر بوون بۆ نێو کۆمەڵگە، ئەوەش بە دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی تایبەت بەو باتە و بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەرخستەیەکیان ئامادەکردووە و پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیرانیان کردووە، بۆ ئەوەی لەکاتی بەردەستبوونی بودجەی پێویست، ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ بکرێت.

 لە هەمان کاتدا حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانی تەواوی کەرتی تایبەتیش دەکات کە هاوکار بێت لە بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەر و کار ئاسانی تەواو بۆ ئەو وەبەرهێنەرانە دەکات کە لەو بوارەدا بیانەوێت پرۆژە پێشکەش بکەن، بەڵام تا ئێستاش یەک وەبەرهێنەر داواکاری بۆ کردنەوەی سەنتەری تایبەت بە شیاندنەوەی تووشبووان پێشکەش کردووە و  حکومەتیش کارئاسانی تەواوی بۆ کردووە،  کە دوای کردنەوەی سەنتەرەکەش وەزارەتی تەندروستی چاودێری دەکات.

بەرای ئێمە تەنیا دەکردنی یاسا و کردنەوەی نەخۆشخانە بەس نییە بۆ ئەوەی مادەی هۆشبەر لە هەرێمەکەمان بن بڕ بکەین، ئەو بابەتە پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە هەیە، بەتایبەت مامۆستایانی ئایینی کە کاریگەرییەکی زۆر باشیان لەسەر کۆمەڵگەوە هەیە و دەتوانن هاوکارێکی باش بن لە هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگە لەو بوارەدا. هەروەها پێویستە میدیاکانیش گرنگی بەو باتە بدەن و کاری جدی تر بکەن لەسەر هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە لە مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر.


فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری
٢٨ی حوزه‌یرانی ٢٠٢٢