Skip to the content

وەزارەتى کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان چەندە یاسای چاکسازى جێبەجێ کردووە؟!

لە ماوەى ڕابردوو و لەسەر بنەماى یاساى چاکسازى لە حکومەتى هەرێمى کوردستان، زۆرینەى وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکان دەستیان بە جێبەجێکردنى ئەم یاسایە کرد و ئەمەش واى کرد کە زۆر کەموکۆڕى و زێدەرۆیی و نایاساییەک کە هەبوو کەم بکرێتەوە و نەهێڵدرێت و ئەمەش ببێتە هۆى دروستبوونى جۆرێک لە دادپەروەرى و کۆکردنەوەى داهات.

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەوەى کە لەبەردەستتانە، جێبەجێکردنى ئەم یاسایەیە لە وەزارەتى کارو کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان کە هۆکار بووە بۆ گەڕانەوەى داهاتێک و دروستکردنى جۆرێک لە دادپەروەرى. لە بوارى ڕێکخستنەوەی ماف و ئیتمیازاتەکانی میراتگرانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراون و زیندانیکراو و گیراوانی سیاسی، ئەم خاڵانەى خوارەوە جێبەجێ کراوە:

- هەڵوەشاندنەوەی مینحەی ١٣٢٨٨ بەخێوکەر، بە فەرمانی وەزاریی ژمارە (٤٨) لە ٦ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١، کە مانگانە بڕی ٩٩٦ ملیۆن و ١٥٠ هەزار دینار گەڕاوەتەوە.

- گواستنەوەی دۆسیەی ١٦٣ کەمئەندامی سەنگەر کە کۆچی دواییان کردووە لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەوە بۆ سەر وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان، بە مەبەستی دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ واریسەکانیان.

- گواستنەوە دۆسیەی ١٠١٨ شەهیدی شەڕی داعش لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگەوە بۆ سەر وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراون، بە مەبەستی دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ واریسەکانیان.

- تا ئێستا ١٤٥ زیندانی سیاسی کۆچی دواییان کردووە و بە پێی یاسای خانەنشینی مامەڵە لەگەڵ واریسەکانیان کراوە.

- بڕیاری خەرجکردنی ١٩ ملیار و ٦٨٦ ملیۆن و ٤٧٢ هەزار و ٦٠٠ بۆ کرێی خوێندنی کوڕ و کچانی هاوسەری شەهید و زیندانیکراو و گیراوانی سیاسی یا یەکێک لە منداڵەکانیان، بە پێی ڕێنمایی دارایی ژمارە ٢٣ی ساڵی ٢٠٢٠ بە داشکاندنی ٢٥% و ئەو بڕە پارەیەش دراوە بە قوتابخانە و پەیمانگە و زانکۆ ئەهلییەکان و تا ئێستاش ١٨ ملیار و ٦٤ ملیۆن و ٥٤٧ هەزار و ٦٠٠ دیناری خەرج کراوە.

 

هەر لەم وەزارەتەدا کار لەسەر  نەهێشتنی سوودوەرگرتن لە جارێک زیاتر لە بودجەی گشتی کراوە و لیژنەی باڵای بایۆمەتری و فەرمانگەی تەکنۆلۆجیای زانیاری، لیستی ناو و زانیاری ١٠٨١٩ کەسی دەستنیشان کردوە کە لە دوو جار زیاتر لە سیستەمی بایۆمەتری تۆمار کرابوون کە بەمەش بڕى (١،٢٥٣،٦٢٦،٥٩١) دینار گەڕێنراوەتەوە نێو خەزێنەى حکومەت.

هەروەها لە پڕۆسەی ڕێکخستن و یەکخستنی هێزەکانی دەرەوەی وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە لە پێش ڕێکەوتی ١ی تەمووزی ٢٠٢٠، ژمارەی لیوا هاوبەشەکان لە ١٤ لیواوە بووەتە ١٩ لیوا و میلاکی وەزارەت لە ٤٣٣٤٧ پێشمەرگەوە بووەتە ٥٦٥٧٥ پێشمەرگە و فەرماندەییەکانی هێزەکانی پشتیوانی ١ و ٢ـیش خراونەتەوە سەر میلاکی وەزارەتی پێشمەرگە.

لەگەڵ ئەوەشدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری بەردەوامە لە کارکردن بە پشتبەستن بە ڕێنمایی دارایی ژمارە (١٣)ی ساڵی ٢٠٢٠ تایبەت بە یەکخستنی خانەنشینی ئەوانەی لە بڕگەی یەکەمی ماددەی (٧)دا هاتوون، بەمەش لە خانەنشینى (١٣٨٤) دادوەر و پەرلەمانتار و وەزیر و بریکارى وەزیر و ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرى گشتى (١١٤٠) کەسیان ڕێک خراونەتەوە.

هەر لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، بە فەرمانی وەزاریی ژمارە (١١٥٩٥) لە ٢٤ی تەمووزی ٢٠٢١، لە قۆناغی یەکەم دۆسییەی ٢ هەزار و ٤٢٤ خانەنشین کە (خانەنشینی سەربازی، خانەنشین بە هۆکاری تەندروستی، خانەنشینی کۆچکردوو) بوون، لیستی مووچە و میلاکیان گواستراوەتەوە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و لە قۆناغی دووەمیشدا وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە بە فەرمانی ژمارە (١٨٢٦٢) لە ١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١، دۆسیەی ١٣٦ خانەنشینی دیکەی گواستووەتەوە سەر بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی سەر بە وەزارەتی دارایی و ئابووری.

ئیتر ئێستا لە وەزارەتی کاروباری پێشمەرگە، ٣٣٨٠٠ پێشمەرگە مووچەکانیان لە بانک وەردەگرن کە ئەمەش هەنگاوێکى گەورەى بوارى چاکسازى بوو بەوەى کە چیتر مووچە هەڕەمەکى خەرج نەکرێت بەڵکو لە ڕێگەى بانکەکانەوە ئەم کارە بکرێت!

پڕۆسەی جێبەجێکردنی ئەم ماددەیە لە یاسای چاکسازی، بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەرایەتیی کاروباری یاسایی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بانکە بازرگانییەکان دەستی پێ کردووە و لە کۆی گشتی قەرزە بازرگانییەکان کە بڕی ٤٢٩ ملیار و ٣٨٦ ملیۆن و ٩٣٨ هەزارو ٩٨٨ دینارە، بە سوودی کەڵەکەبووی بانکییەوە دەبێتە بڕی ٩٦٩ ملیار و ٤٠٢ ملیۆن و ٨١٥ هەزار و ٨٤٩ دینار، تا ئێستاش بڕی ٤١ ملیار و ٢٤٤ ملیۆن و ١٩٩ هەزار و ٤٠٧ دیناری گەڕاوەتەوە و ١٦٩ موڵکیش بەرامبەر قەرزەکانی ئاسانکاری بانکی ڕەهن کراون.

کۆى قەرزەکانیش بەم شێوەیە دابەش کراون:

بڕی قەرزی ئاسانکاری: ٤٢٩،٣٨٦،٩٣٨،٩٨٨ دینار

بڕی سوودی بانکی: ٥٤٠،٠١٥،٨٧٦،٨٦١ دینار

کۆی قەرز + سوود: ٩٦٩،٤٠٢،٨١٥،٨٤٩ دینار

ئەو پارەیەی گەڕاوەتەوە: ٤١،٢٤٤،١٩٩،٤٠٧ دینار

ئەو پارەیەی نەگەڕاوەتەوە: ٩٢٨،١٥٨،٦١٦،٤٤٢ دینار

لەگەڵ هەموو ئەمانەش، لیژنەی باڵای بایۆمەتری کە بە بڕیاری ژمارەی (٦٥) لە ڕێکەوتی ٧ی تەمووزی ٢٠٢٠ی ئەنجومەنی وەزیران پێک هات، تا ئێستاش لە وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان ئەم کارانەی ئەنجام داوە:

١. تەواوبوونی سیستەمی دیجیتاڵیی بەڕێوەبردنی مووچەخۆران و گواستنەوەی مووچە و بەڕێوەبردنی سەرچاوە مرۆییەکان

٢. تەواوبوونی ڕێژەی ٨٠%ی دروستکردن و گەشەپێدانی پڕۆگرامی نوێی بایۆمەتری

٣. تەواوبوونی ژێرخانی (API) بۆ پڕۆگرامی بایۆمەتری بۆ پێدانی زانیاریی کەسیی تۆمارکراو

٤. ئامادەکردن و بەردەستخستنی ٤٥٦ هەزار و ٢٢١ هەژماری کەسیی بێهاوتا بۆ مووچەخۆرانی جۆری (شارستانی و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ)ی حکومەتی هەرێم.

٥. ڕادەستکردنی ٤٣٣ هەزار و ٢١٣ ژمارەی کەسیی بێهاوتا بۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری.

لە کۆتاییشدا دەتوانین ئەوە بڵەین کە دوای هەڵوەشاندنەوەی یاسای خانەنشینیی خاوەن وەزیفە باڵاکانی هەرێمی کوردستان ئەو فەرمانبەرانەی بە پلەی شارەزا کە ژمارەیان ٤٩٦ فەرمانبەرن و بە پێی ئەو یاسایە خانەنشین کرابوون، مووچەکانیان هەموار کرایەوە. ئێستا، ئەو کەسانە یادداشتنامەیەکیان ئاراستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کردوە و ئەم یادداشتەش لە ژێر دیراسەدایە.

بۆ بینینى ڕاپۆرتى ڤیدیۆیى، کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:

وردەکاریی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان - YouTube