Skip to the content

وەزارەتی کشتوکاڵ: بەرهەمی ئەمساڵی گەنم نزیکەی ٤٠٠ هەزار تۆن دەبێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- پێشبینی دەکرێت بەرهەمی ئەمساڵی گەنم لە هەرێمی کورسستان نزیکەی ٤٠٠ هەزار تۆن بێت، لە کاتێکدا ساڵانە بۆ ئاسایسی خۆراک هەرێمی کوردستان پێویستی بە یەک ملیۆن تۆن گەنم هەیە، هاوکات لە هەرێمی کوردستان ٣٨ هەزار و ٩٤٨ جوتیار هەن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ د. زێدا محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەبارەی رێژەی گەنمی ئەمساڵ و چەند بابەتێکی دیکە ئەنجامدا.

- هەر تاکێک لە هەرێمی کوردستان، ساڵانە پێویستی بە چەند گەنم هەیە و هەرێمی کوردستانیش بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراک ساڵانە پێویستی بە چەند گەنم دەبێت؟

د. زێدا محەمەد: بە گوێرەی ئەو راپۆرتەی بڵاوکراوەتەوە، لە ساڵی ٢٠٠٤ پێشبینی کراوە هەر تاکێک لە عێراقدا ساڵانە پێویستی بە ١٩٢ کیلۆ گرام دانەویڵە لە جۆری گەنم هەیە، بۆ ئەوەی کە پێداویسیتیەکانی ڕۆژانەی خۆی پێ پڕبکاتەوە. ئێمەش بە گوێرەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان ئەگەر وای دابنێین کە دانیشتووانی هەرێم ٦ ملیۆن کەسە، کەواتە لە ساڵێکدا پێویستیمان بە زیاتر لە یەک ملیۆن تون گەنم دەبێت، تاوەکو بگەینە ئاستی ئاسایشی خۆراک لە ڕووی نیشتیمانییەوە.

- کاریگەرییەکانی وشکەساڵی لەسەر بەرهەمی ئەمساڵی گەنم چی بووە و پێشبینی دەکەن بەرهەمی گەنم چەند بێت؟

د. زێدا محەمەد: بەرهەمی گەنم جیاوازە لە ساڵانی رابردوو، بەهۆی وشکەساڵییەوە پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ بەرهەمەکە کەمببێتەوە. بۆ ئەم بابەتەش راپۆرتێمکان ئامادە کردووە لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان و ناوچە بە ناوچە رێژەی زیانەکانی وشکەساڵیمان دیاری کردووە. زۆرترین ئەو ناوچانەشی زیانی پێگەیشتووە لەڕووی بەرهەمی گەنمەوە، گەرمیان بە پلەی یەکەم دێت، کە وشکەساڵی تەواو لەو دەڤەرە ڕاگەیاندراوە، هەروەها لە پارێزگای هەولێریش ئەو ناوچانەی کە باران بارینی تێدا مسۆگەر نییە وەک (گوێڕ- دیبەگە - مەخموور) و بەشێک لە ناوچەی قوشتەپە کە بەتەواوی بەرهەمی گەنمیان لەناوچووە، لە دهۆکیش ناوچەی (سێمێڵ - بەردەڕەش) زۆرترین زیانیان بەهۆی وشکەساڵییەوە بەرکەوتووە. بەهۆی ئەوەی تاوەکو ئێستاش دروێنەی گەنم بەردەوامە، بۆیە ئەوانە هەمووی پێشبینین، بەڵام بەهۆی وشکەساڵییەوە تێبینی دەکرێت لە ٨٥% پێشبینیەکانمان راست بن، بۆیە ڕێژەی گەنمی بەرهەمهاتوو بەراورد بە ساڵانی رابردوو کەمە، ئەمەش بەهۆی وشکەساڵی و کەمی باران بارینە. بۆیە ئەو گەنمەی لە هەولێر دەچێندرێت زیاتر لەو ناوچانە دەچێندرێت کە دێمین و زیاتر پشت بە باران دەبەستن، باران بارینی ئەمساڵیش لەکاتی خۆیدا نەبووە، ئەگەر بارانێکی زۆریش باری بێت پچڕپچڕ بووە و سوودی بۆ پێگەیشتنی گەنم نەبووە. ناتوانین پێشبینی بەرهەمهێنانی گەنم بکەین، بۆیە ئەوەی ساڵانی پێشوو گوتراوە داتای ڕاست نەبوون.

- ساڵی ڕابردوو ڕێژەی بەرهەمهێنانی گەنم چەند بووە لە هەرێمی کوردستان؟

د. زێدا محەمەد: ساڵی ڕابردوو ئەو ڕێژە گەنمەی کە حکومەتی فیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستانی دانا بوو بۆ ئەوەی لەلایەن سایلۆکانی حکومەتی فیدراڵەوە وەربگیرێن، بریتیی بوو لە ٣٧٥ هەزار تۆن، بەڵام لەو بڕە تەنیا ١٢٦هەزار تۆن گەنم بە سایلۆکانی فیدراڵ درا، ئێمە ناڵێین بەرهەمی گەنم ١٢٦ هەزار تۆن بووە، لەوانەیە زۆرێک لەو گەنمە جوتیارەکان خۆیان ئاڵوگۆڕیان پێکردووە، لە بازاڕی ڕەشدا و نەدراوە بە سایلۆکان، بۆ ئەمساڵیش دەتوانین پێشبینی بکەین بە هەمان شێوەی ساڵی رابردوو بێت، چونکە ساڵی رابردووش بەهەمان شێوە لەژێر کاریگەری وشکەساڵی بووین، بۆیە پێشبینی دەکەم بەرهەمی گەنمی ئەمساڵمان لە نێوان ٣٠٠ بۆ ٤٠٠ هەزار تۆن بێت، بەو رێژەیەی کە رادەستی سایلۆکان دەکرێت، یان لەلای جوتیارەکان دەمێنێتەوە.

- لە هەرێمی کوردستان چەند جوتیار هەن و گەنمی داچێندراوی ساڵانە چەند؟

د. زێدا محەمەد: لە هەرێمی کوردستان ٣٨ هەزار و ٩٤٨ جوتیار هەن، بۆ ئەمساڵیش دوو ملیۆن و ٥٩٩ هەزار و ٥٨٠ دۆنم زەوی بە گەنم چێندراوە لە کۆی ٣ ملیۆن و ٥٩٣ هەزار پارچە زەویی کشتوکاڵی.

- نرخی گەنمی وەرگیراوی جوتیاران بۆ ئەمساڵ چەندە؟

د. زێدا محەمەد: ئەمساڵ گەنمی وەرگیراو بە نرخی ٨٥٠ هەزار دینار دەبێت بۆ هەر تۆنێك، ئێستا جگە لە سایلۆکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر ٢٠ سایلۆ و لە سلێمانیش ١٢ سایلۆی دیکە لە چوارچێوەی پڕۆژەی بە بازاڕکردنی گەنم دروستکراون و ئامادەن بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران.

بۆ بینینى راپۆرتى ڤیدیۆیى کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:
کڕینەوەی بەرھەمی گەنمی جوتیاران بە 850 ھەزار دینار بۆ ھەر تۆنێک - YouTube

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

١ـی حوزەیرانی ٢٠٢٢