Skip to the content

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بازرگانی: ئه‌مساڵ ٣٠٠ هەزار تەن گه‌نم له‌ جوتیاران وه‌رده‌گرین

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری ـى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەسەر پرسى گەنم و گرانى و چاودێرى کوالێتى کەلوپەل و خواردەمەنیی نێو بازاڕ و دابەشکردنى بەشە خۆراک، گفتوگۆیه‌كی له‌گه‌ڵ "نه‌وزاد كامل مه‌حموود" به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ئه‌نجام دا:

- بە‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی بازرگانی حکومەت ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکانى چین؟
نه‌وزاد كامل: بەڕێوەبەرایەتیی گشتی بازرگانی، یەکێکە لەو بەڕێوەبەرایەتییانەی کە سەر بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازییە و ٢١ بەڕێوەبەرایەتیی لەخۆ دەگرێت و لە هەر شارەى هەرێمی کوردستان بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی دانەوێڵە، دروستکراوی دانەوێڵە، چاودێری بازرگانی، بازرگانی خۆراک، پسوولەی خۆراکی هەیە. بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانیی خۆراک ئەرکی دابەشکردنی بەشە خۆراکە بەسەر هاووڵاتییان و بەشى دانەوێڵە ئەرکی دابەشکردنی بەشە ئاردی مانگانەیە بەسەر هاووڵاتییان و بەشى چاودێری بازرگانی ئەرکی چاودێریکردنی بازاڕ و بەشى پسوولەی خۆراک ئەرکی ڕێکخستنی پسوولەی خۆراکی هاووڵاتییانە لەگەڵ زیادکردن و کەمکردنەوەی بە پێی مانگەکان. بازرگانیی دانەوێڵەش لە سایلۆکان پێک هاتووە و ئەرکی وەرگرتنی گەنم و ناردنی گەنم بۆ ئاشەکان و لەوێشەوە هاڕین و دابەشکردنی لە ڕێگه‌ی دروستکراوی دانەوێڵە بەسەر بریکارەکان و لەوێشەوە دابەشکردنی بەسەر هاووڵاتییان.

- سەبارەت به‌ به‌شه‌ خۆراكی هاووڵاتییان گوایە کەم دەبێتەوە هیچ شتێکی لەو شێوەیە لە ئارادایە؟
نه‌وزاد كامل: بۆ دڵنیایی خەڵک تا ئێستا چوار بەشە خۆراک هاتووە، زەیتی مانگی پێنج هاتووەتە ناو کۆگاکانی هەولێر، هەفتەی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق ڕەزامەندی لەسەر یاسای پاراستنی خۆراک دا و یاساکەش دەرچوو، بودجەیەکى زۆر بۆ کڕینی خۆراک تەرخان کردووە، ئەم خۆراککڕینە لەلایەن وەزارەتی بازرگانیی عێراقەوە دەبێت و بەشی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە، بۆیە هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە بەشە خۆراکى ئەمساڵ لەچاو بەشە خۆراکی ساڵانی ڕابردوو زیاتر دەبێت، چونکە ساڵانی ڕابردوو ٦ بەشە خۆراک دەدرا، بەڵام ئەم ساڵ و تا ئێستا پێنج بەشە خۆراک دراوە، بۆیە ئومێد دەکەین لەماوەی ئەو چەند مانگەی ماوە چەند بەشە خۆراکی دیکەش بێت، بۆ ئەوەی بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشی بکەین. بەشە خۆراکەکانیش بریتین لە (برنج، زەیت، شەکر، دۆشاوى تەماتە، فاسۆڵیا، نیسک و ئارینۆک)، هەندێک جار نیسک و فاسۆڵیا و هەندێک جاریش نیسک و ئارینۆک بە یەکەوە دێت، بۆیە ئەم سێ ماددەیە بە یەکەوە هەموو مانگێک نادرێت. بۆیە هاووڵاتیان دڵنیا دەکەینەوە بەهیچ شێوەیەک بەشەخۆراکی مانگانە کەم نابێتەوە. لەبارەی کوالێتیش هەموو ماددەکان کوالێتیان باشە، لیژنەی تایبەت هەیە بۆ چاودێریان، جگە لەوەی کوالێتیی کۆنتڕۆڵی وەزارەتی بازرگانی عێراقیش پشکنینیان بۆ دەکات، ئێمەش لەهەرێمی کوردستان دوای ئەوەی وەزارەتی بازرگانی پشکنینی بۆ دەکات دەنێردرێن بۆ وەزارەتی تەندروستی و ئەوانیش بڕیار دەدەن کە بە کەڵکی خواردن دێن یان نا، ئینجا دابەشی دەکەین بەسەر هاووڵاتییاندا. جاری واهەیە ڕەنگە فەردەیەک ئارد لە لایەن هەندێ لە بریکارەکانەوە تەڕ بووبێت و یا لە نێو كه‌شتییه‌ بارهەڵگرەکان تەڕ بووە، ئیتر مانای ئەوە نییە ماددەکان خراپن بۆیە داوا لە هاووڵاتیان دەکەین ئەگەر شتێک خراپ بوو لە بریکارەکانی وەرنەگرن، هەروەها داواشمان لە بریکارەکان کردووە کە هەر فەردە ئاردێک حاڵەتێکی وای هەبوو بیگەڕێننەوە بۆ کۆگاکان و ئێمەش دەیگەڕێنینەوە بۆ ئەو کۆمپانیایەی کە هێناویەتی.

ـ ڕێژەی ئەو خۆراکەی مانگانە بۆ تاک دابین دەکرێ چەندە؟
نه‌وزاد كامل: بۆ هەر نەفەرێک ٣ کیلۆ برنج و کیلۆیەک شەکر و لیترێک زه‌یت و نیو کیلۆ نیسک و نیو کیلۆ فاسۆلیا یا ئارینۆکە لە مانگێکدا، ئێستا لە هەرێمى کوردستان پێنج ملیۆن و ٢٢٥ هەزار کەس مانگانە بەشە خۆراک وەردەگرن و پسوولەی خۆراکیان هەیە، بەڵام ئەم ڕێژەیە بە پێی مانگ دەگۆڕێت، چونکە مانگانە حاڵەتی مردن و لەدایکبوون هەیە، بۆیە بەمەش کەم و زیاد دەکات.

ـ ڕێژەی بەرهەمهێنانی گەنمى ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان چۆنە، کەمبارانى کاریگەریی لەسەرى هەبووە؟
نه‌وزاد كامل: ساڵانی ڕابردوو گەنم له‌ ٢٢ی حوزه‌یران وەردەگیرا، بەڵام ئەمساڵ داوامان کردووە ئەو ڕێکەوتە پێش بخرێ، بۆیە وەزارەتی بازرگانی عێراق و کشتوکاڵی عێراق لەگەڵ هەریەک لە وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی ئەو ڕێکەوتە بگۆڕدرێت بۆ ٢٥ ی ئایار، لەبەر هەندێ هۆکاری ترسناک بۆ نموونە ئاگرکەوتنەوە، بۆ ئەوەى جوتیارەکان تووشی زیان نەبن، بۆیە لە ٢٨ى ئایاری ٢٠٢٢ یەکەم بارهەڵگر بە ئامادەبوونی وەزیری بازرگانی هێنرایە ناو کۆگاکانی هەولێر و دواتر لە ناوچەکانی سلێمانی و کەلار و ناوچەکانی تریش دەستمان بەوەرگرتن کردووە، تا ئێستا زیاتر له‌ ٨١ هەزار و ٦٨٠ کیلۆ گەنممان وەرگرتووە لە هەموو سایلۆکانی هەرێم، ئەم بڕە لە ٢٨ی ئایار تا ١٢ی حوزه‌یران بووە، بۆیە ئومێد دەکەین زۆر زیاتر بێ چونکە ئەگەر هەموو گەنمی خۆمان بێتە سایلۆکانمان، ئەوا ڕەنگە پێویستمان بە گواستنەوە و هاوردەکردن نەبێت. ئەو گەنمەی هەمانە و بڕێك گەنمی ئوستورالی و ئەڵمانیشمان بۆ هاتووە، پێکڕا مانگانە دەتوانین تێکەڵی بکەین و گەنمێکی جوان و ئاردێکی باشی لێ دەردەچێ، بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشی بکەین. هەرچەندە ئەرکی وەزارەتی بازرگانیی عێراقە گەنم بنێرن ئەگەر هاتوو خۆمان گەنممان نەبێ، بەڵام تا گەنمی خۆمان هەبێ ئەوان ئەم کارە ناکەن بۆیە ئارەزوو دەکەین گەنمی خۆمان زیاتر وەربگرین.

ـ هەرێمی کوردستان پێویستی بە چەند تەن گەنم هەیە؟
نه‌وزاد كامل: لە هەرێمی کوردستان ئەگەر لە ساڵێکدا ١٠ بەشە ئارد دابەش بکەین، ئەوا پێویستمان بە ٧٥٠ هەزار تەن گەنم هەیە، چونکە بۆ هەر کەسێک ٩ کیلۆ ئاردی پێویست وە ئەگەر زیاتر دابەش بکەین بێگومان ئەو بڕەش زیاد دەکات، بۆیە تا گەنم هەبێ وەری دەگرین تەنانەت ئەگەر ملیۆنێک تەنیش بێ، چونکە سایلۆکانمان بەشی بڕێکی زۆر لە گەنم دەکات و دەتوانین گەنمەکەش بپارێزین و لەکاتی پێویستدا بەکاری بێنین.

ـ بە پێی ڕەچاوکردنی بارودۆخ و شوێنی جوگرافیا ئەگەری هەیە ئەمساڵ چەند گەنم وەربگرن ؟
نه‌وزاد كامل: ساڵی ڕابردوو ١٢٥ هەزار تەنمان وەرگرت لە هەموو هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەمساڵ کە لە ماوەى ئەم ١٢ ڕۆژە زیاتر لە ٨١ هەزار تەنمان وەرگرتووە، ئومێد دەکەین بە گشتى ٣٠٠ هەزار ته‌ن وەربگرین کە ئەمەش زۆر باش دەبێت، بەمەش ئیتر پێویستمان بە گواستنەوە نابێت. لە چەند مانگێک دەتوانین ئەو گەنمەی خۆمان لەگەڵ گەنمی هاوردەکراو تێکەڵی بکەین و بەکاری بێنین و دابەشی بکەین بەسەر هاووڵاتییاندا.ـ دەربارەی پرسی چاودێری بازاڕ، ئەو شەڕانەی لە جیهان دروست بوون کاریگەرییان لەسەر بازاڕى هەرێم هەبووە ؟
نه‌وزاد كامل: ئەگەر کەمێک بچینەوە دواوە، مێژووی گرانبوونی نرخ سەرەتا لەگەڵ هاتنی کۆڤید ـ ١٩ دەستی پێ کرد، چونکە زۆربەی وڵاتان دەروازەکانیان داخست و کارگەکان لە کار کەوتن، بۆیە ئەو هەڵگیراوانەی هەیانبوو لە خۆراک و کاڵا بە کاریان هێنا و بە مەش کۆگاکانیان بەتاڵ بوو، لەبەر ئەوەش ئێستا کاڵا دەکڕن و ئەوانەی خۆشیان هەڵدەگرن بۆ ئەوەی کۆگاکانیان پڕ ببێتەوە. ئەمانە بوونە هۆى ئەوەى کڕین زۆر و فرۆشتن کەم بێتەوە، هۆکارێکی تر ئەوەیە نرخی نەوت بەرز بووەتەوە بۆیە نرخی بەنزین و گاز و وپێداویستییەکانی تری گەیاندنی کاڵا بە وڵاتان بەرز بووەتەوە واتە تێچووی زیاتر چووە سەر نرخی کاڵاکان، هۆکارێکی تر شەڕی نێوان ئۆکراینا و ڕووسیایه‌ لەبەر ئەوەی زۆربەی کاڵا خۆراکییەکان لەو دوو وڵاتەوە دەهاتن، بەمەش نرخەکان بەرزتر بووەوە و ئەمانە هەمووى کاریگەرى لەسەر بازاڕى هەرێمى کوردستان دەبێت، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بریاری ئەوەى دا ئەو بەشە خۆراکانەی کە خەڵک پێویستیەتی، پێویستە باجی لەسەر هەڵبگیرێ و لە ١٧ی نیسان باج لەسەر زیاتر لە ١١ ماددە هەڵگیراوه‌ بۆماوەی ٢ مانگ وەک تێست تا ١٧ی حوزه‌یران، ئەمە وەکو قۆناغی یەکەم. لە قۆناغی دووەمیش حكومه‌ت داوای لە وەزارەتی بازرگانی کردووە پەیوەندیی ڕاستەوخۆ لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراقی هەبێ بۆ ئەوەی بەشە خۆراک دوانەکەوێ بۆ ئەوەی بگاتە دەستی هاووڵاتییان، بێگومان هاووڵاتی بەشە خۆراک وەربگرێ پێویستی بە کڕین نابێ، بەمەش نرخی کاڵاکان یان دادەبەزێ یان بەرز نابێتەوە، چونکە بازاڕ خواست و خستنەڕووە، بۆیە دابەشکردنی خۆراک کاریگەریی لەسەر بەرزنەبوونەوەی نرخ هەیە لە بازاڕەکان، سێیەمیش چاودێری بازرگانییە بۆیە ئێمە لیژنەکانمان زیاد کردووە و ئەرکمان زیاد کردوون، ڕۆژانی پشوومان بۆ نەهێشتوون دەبێ هەمیشە لە بازاڕ بن، لیژنەکان زیاد بکەن بۆ ناو بازاڕ و مارکێتەکان، بۆ نموونە ئەگەر مارکێتێک نرخی کاڵایەکی بەرز کردبێتەوە، ئێمە سەیری مەنەفێستی هێنانی کاڵاکە دەکەین ئەگەر ڕێکەوتی هێنانی دوای بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا بێت لەجیهان، دەتوانێ کەمێک نرخی کاڵاکە بەرز بکاتەوە ئەویش بە ئارەزووی خۆی نا، ئەگەر زانیمان زیاد لەو ڕێژەیە نرخەکەی بەرز کردووەتەوە دەست بەسەر مارکێتەکەدا دادەگیردرێ و ڕێکاری پێویستی لەگەڵ دەکرێ. هەر بۆ زانیاری لەماوەی ئەو پێنج مانگەی ڕابردوو، وەک چاودێریی بازرگانی لە کوردستان زیاتر لە ٢٤٧ تەن خۆراکی ماوە بەسەر چوومان دەست بەسەردا گرتووە، ئەمانە لە بازاڕ و مارکێتەکان ماون کاتێک پێمان زانیون دەستمان بەسەردا گرتوون، زیاتر لە ١٣٠ ملیۆن دینار سەرپێچی ئەو مارکێت و بازاڕانە کراوە کە نرخەکانیان گران کردووە و هەروەها لەسەر لاساییکردنەوەی بەرهەم و بەرهەمهێنانی کاڵا و دانانی ماوەی ئێکسپایەر و گرانفرۆشی زیاتر لە ٦٠٠ شوێنمان داخستووە. هەموو ئەمانە پێمان دەڵێت لە بازاڕەکان سەرپێچی هەیە، بەڵام لیژنەکانی چاودێریی بازرگانی و لیژنەکانی قایمقامیەت چالاک و کاران، بۆیە لە ئەنجوومەنی وەزیران ژووری ئۆپەراسیۆن و لیژنەیەک بە سەرۆکایەتیى وەزیری ناوخۆ دروست کراوە و لیژنەش هەیە لە پارێزگاکان کە لە ڕابردوودا دەسەڵاتیان کەم بوو، بەڵام ئێستا ئەم لیژنەى ژوورى ئۆپەراسیۆنە دەسەڵاتی تەواوی پێداون تا لە ڕووی کارگێڕی و یاساییەوە ڕێکاری تەواو بەرامبەر سەرپێچیکەران بگرنە بەر، بەرامبەر دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی کاڵا یا کاڵایەکی کوالێتی خراپ دەهێننە بازاڕ و دەیفرۆشنەوە بە هاووڵاتیان و یا ئەو شوێنانەی لە ڕووی تەندروستییەوە خاوێن نین، بەمەش ڕێکاری پێویستیان بەرامبەر جێبەجێ دەکرێت و سزا دەدرێن.

حکومەتى هەرێمى کوردستان

فەرمانگەى میدیاو زانیارى