Skip to the content

بە گوژمەی زیاتر لە چوار ملیار و ٥٠٠ملیۆن دینار ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری لە ناحیەی دەرکار جێبەجێ دەکرێن

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ 1ـی حوزەیرانی ٢٠٢٢گۆهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ سەردانی ناحیەی دەرکاری کرد و لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری دەڤەرەکە کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رایگەیاند لەسەر رسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بۆ بەرژەوەندی گشتی خەڵکی دەڤەرەکە و دانیشتوانی ناحیەی دەرکار، رەزامەندی درا لەسەر جێبەجێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی خزمەتگوزاری بە گوژمەی ( ٤.٦٥٠.٠٠٠.٠٠٠ ) دینار لەسەر بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆیی زاخۆ روونیشیکردەوە کە پڕۆژەکان بریتیین لە قیرتاوکردنی شەقامە ناوخۆییەکان لە ناحیەی دەرکار، لەگەڵ دروستکردنی ئاوەڕۆ، هەروەها قیرتاوکردنی شەقامە ناوخۆییەکان لە کۆمەڵگەی بیرسڤێ و دروستکردنی ئاوەڕۆ بە گوژمەی (٦٠٠.٠٠٠.٠٠٠) ملیۆن دینار، هاوکات دروستکردنی ژووری پەمپ و دابینکردنی پەمپ بۆ پڕۆژەی ئاوی (هیزاوا – دەرکار) بە گوژمەی ( ١٠٠.٠٠٠.٠٠٠ ) ملیۆن دینار، هاوکات نۆژەنکردنەوەی رێگای گوندەکانی بەرزێر و شەرانش تاوەکو دەشتەتەخ، هەروەها نۆژەنکردنەوەی رێگەی گوندەکانی ئیسف ئاغا و ئەیوب و سنداڤا بە گوژمەی ( ٧٠٠.٠٠٠.٠٠٠) ملیۆن دینار، هاوکات نۆژەنکردنەوەی تاڤگەی شەرانش و ئەشکەوتی بهێرێ بە گوژمەی ( ٢٠٠.٠٠٠.٠٠٠) ملیۆن دینار.
ئاشکراشی کرد کە سەرۆکی حکومەت رەزامەندی داوە لەسەر خەرجکردنی بڕی سێ ملیار و ٥٠ملیۆن دینار بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەیەک لە جۆری Class A و جووت سایدی سەرەکی ناحیەی دەرکار.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رایگەیاند پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لە هەر ناوچەیەکی کوردستان ئەرک و مافە و دووپاتیشی کردەوە کە لە ئایندەدا هەرچی پێویست بێت لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ ناحیەی دەرکار ئەنجامی دەدەن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١ی حوزەیرانی ٢٠٢٢