Skip to the content

بە گوژمەی ٨ ملیار دینار رەزامەندی لەسەر ١٦ پڕۆژەی خزمەتگوزاری بۆ قەزای باتیفا درا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ ٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٢ گۆهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ و د. محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی قەزای باتیفایان کرد.

رایانگەیاند لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر جێبەجێکردنی ١٦ پڕۆژەی خزمەتگوزاری جۆراو و جۆر بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی دەڤەرەکە بە گوژمەی ٧ ملیار دینار لەسەر بودجەی پەرپێدانی پارێزگاکان دراوە، هەروەها راشیانگەیاند ٦ پڕۆژەی دیکەش بە گوژمەی یەک ملیار دینار لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ جێبەجێ دەکرێن.

هاوکات بەردی بناغەی پڕۆژەی پارکێکیان لە سەنتەری قەزای باتیفا بە گوژمەی ١٦٠ ملیۆن دینار دانا، کە لەسەر بودجەی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دروست دەکرێت.

پاشان سەرپەرشیاری ئیدارەی زاخۆ و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان پڕۆژەی گەشتیاری "پارکی زەمبیل فرۆش و پڕۆژەی گەشتیاری سەید غەزالیان" بەسەر کردەوە، هەردووکیان دووپاتیان لەسەر کارنامەی حکومەت بۆ پشتیوانی زیاتری کەرتی گەشتیاری کردەوە.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

٤ـی حوزەیرانی ٢٠٢٢